بەچاودێری روسیا، كورد‌و حکومەتی سوریا رێككەوتن
  2019-10-13       2099       

ئا: ئاوێنە

 

هەسەدە بەرێككەوتنی لەگەڵ حکومەتی سوریا، گەمەكە لەتوركیا تێكدەدات، ئەگەر هەسەدە دوێنێ‌ هاوپەیمانی ئەمەریكا بوبێت بۆ تێكشكاندنی داعش، ئەمڕۆ بۆ روبەروبونەوەی سوپای توركیا هاوپەیمانی رژێمی سوریایە.


هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)، كە بەشێوەیەكی سەرەكی لەكوردی رۆژاوا پێكدێت، بەدرێژایی ساڵانی رابردو بەپشتیوانی ئەمەریكا رۆڵێكی یەكلاكەرەوەیان لەتێكشكاندنی داعشدا بینی، بەڵام سەرباری ئەو هەمو قوربانیدانەی هەسەدە پێشكەشی كرد بۆ پاراستنی مرۆڤایەتی لەتیرۆرو تیرۆریستان، ئەمەریكا لەساتەوەختێكی هەستیاردا تیشكی سەوزی بۆ توركیا هەڵكرد تا لەشكركێشی‌ بکاتە سەر باکوری سوریاو رۆژئاوای كوردستان‌و رۆژهەڵاتی فورات و پەلاماری هەسەدە بدات.


كشانەوەی ئەمەریكا لەسوریا، هەسەدەی خستە دۆخێكی دژوارەوە، لەناوچەیەکدا كە بەدوژمن دەورە درابو، روسیا ئەم كشانەوەیەی ئەمەریكای قۆستەوە بۆ بەهێزكردنی پێگەی خۆی لەو وڵاتەدا، تا ئەو هێزە كاریگەرەی لەسەر ئەرزی واقیع سەرسەختانە شەڕی داعشی كرد‌و یەك لەسێی خاكی سوریای لەبندەستدایە، لەهاوپەیمانی ئەمەریكاوە بكات بەهاوپەیمانی خۆی.


روسیا لەهەوڵی بەردەوامدا بو بەمەبەستی گەیاندنی هەسەدەو رژێمی سوریا بەرێككەوتن، بەتایبەتی كە بۆ كورد رێككەوتن لەگەڵ سوریا‌و بەدەستهێنانی پشتیوانی روسیا لەم کاتەدا ئیتر ببو بەمەسەلەی مەرگ‌و ژیان.


پاش كۆبونەوەیان لەقامشلی، بەچاودێری‌و سەرپەرشتی روسیا، هەسەدەو رژێمی سوریا گەیشتنە رێككەوتن‌.


بەپێی ئەو رێككەوتنە هێزەكانی هەسەدە لەئێستاوە هەموو بازگەكانیان بەروی سوپای سوریادا دەكەنەوە بۆ ئەوەی لەباكور‌و رۆژهەڵاتی سوریادا جێگیر بن‌و ئەو ناوچانەش رزگار بكەن كە سوپای توركیا‌و میلشیا هاوپەیمانە سورییەكانی داگیرییان كردوە.


هەسەدەو ئیدارەی خۆسەری لەبەیاننامەیەکدا ئاماژە بەوە دەكەن ئەو ناوچانەی بەدەست هەسەدە-وەن، لەڕوی كارگێڕییەوە وەك خۆیان دەمێننەوەو گۆڕانکارییان تیا ناکرێ، بەڵام سوپای سوریایان تیادا جێگیر دەبێ. 


هاوكات ئاژانسی فەرمی هەواڵی سوریا (سانا) رایگەیاند كە چەند یەكەیەکی سوپای سوریا چونەتە شاری مەنبج- لەریفی حەلەب، پاش كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لەو شارە، بەپێی ئەو رێكەوتنەی لەنێوان هەسەدەو حكومەتی سوریا كراوە.


سانا ئاماژە بەوە دەكات كە لەماوەی 24 كاتژمێری داهاتودا سوپای سوریا بەتەواوی دەچێتە مەنبەج‌و كوبانێ‌-وە پاش ئەوەی هێزەكانی ئەمەریكا بنكەكانیان لەو دو شارە چۆڵ كردوە.


لایەنی كوردی‌و حكومەتی سوری ئەوە روندەكەنەوە كە بەم رێككەوتنەیان بەتەواوی رێگە لەپێشڕەویی‌و لەشكركێشییەكانی سوپای توركیا دەگرن كە بونی دەسەڵاتی هەسەدەو كوردی لەو ناوچانەدا كردوەتە هۆكارو بەهانە بۆ هێرش‌و پەلامارەكانی.


بەجێگیركردنی سوپای سوریا لەو ناوچانەدا، كە سوپای حكومەتێكە شەرعیەتی نێودەوڵەتی هەیە، توركیا هیچ بەهانەیەكی نامێنێ‌ بۆ لەشكركێشی‌و هیچ وڵاتێكیش ناتوانێت پشتیوانی لێبكات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×