پۆلیسی عێراق لە ساڵی ١٩٢٢ دامەزراوە و ئەمڕۆ ١٠٣ ساڵ بەسەر دامەزراندنی پۆلیسی عێراقدا تێدەپەڕێت، سەرەتا بە سێ هەزار كارمەند و 24 ئەفسەری بیانی و ناوخۆیی دەستی بەكارەكانی كرد، لەو چوارچێوەشدا ئەمڕۆ بە بەشداری سەرۆكوەزیران و وەزیری ناوخۆی عێراق بە چەند نمایشێك ئەو یادە بەرز ڕاگیرا.
ئاوێنە: ئەمڕۆ بە بەشداری محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكوەزیران و عەبدول ئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆی عێراق لە یادی ١٠٣ ساڵەی دامەزراندنی پۆلیسی عێراق چەند نمایشێكی سەربازی لە بەغدا بەڕێوەچوو.
دوابەدوای پێكهێنانی حكومەتی عێراق، وەزارەتی ناوخۆ لە ٩ی ١ی ساڵی ١٩٢٢ فەرمانێكی دەركرد بۆ پێكهێنانی هێزێكی پۆلیس كە لە سێ هەزار پیادە و سوار پێكهاتبوو، تەنیا دوو ئەفسەری عێراقی بوو لەگەڵ ٢٢ ئەفسەری بەریتانی و ٧١ كارمەندی بەریتانی بۆ ئەنجامدانی كاری كارگێڕی.
لەدوای ساڵی ١٩٣١ هێزی پۆلیس هەوڵیدا ژمارەیەك ئەفسەری عێراقی لەڕێگەی ئەو خولانەی كە خوێندكارانی یاسا و قوتابخانەی سەربازی كە بۆ ئەفسەرانی سوپا دیاریكرابوو زیاد بكات، لە ئەنجامدا ژمارەیەك ئەفسەری عێراقی پێگەیاند.
پۆلیسی عێراق لەهەموو كاتێكدا بەشداری لە پاراستنی وڵات كردووە، هەروەها ڕۆڵێكی گرنگی هەبوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، كە تەنیا ئەو بەرپرسیارێتییە لەئەستۆی سوپا و دژەتیرۆر نەبوو، تەنانەت پۆلیسی فیدراڵی و ناوخۆییش شەڕیان لەگەڵ داعش كردووە لەو ناوچانە جیا جیاكانی وڵات.