مامۆستایانی ناڕازی: سبەی دەست بە بایكۆتكردنی دەوام دەكەینەوە
  2025-01-25       553       

دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی رایگەیاند، لە سبەی یەكشەممەوە دەست دەكەنەوە بە بایكۆتی دەوام لە سەرجەم ناوەندەكانی خوێندن و داواش لە سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران دەكەن دەوامی بێ موچە نەكەن و "گوێ نەدەن بە هەڕەشەی ئەوانەی لە دەستور و یاسای عێراق یاخی بون."

ئاوێنە: دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، ئەمڕۆ شەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا راگەیەندراوێكی خستەڕو كە تێیدا هاتوە "سەردەمی دەوامكردنی بێ موچە كۆتایی هات."

دەستەكە وتوشیەتی"لە سۆنگەی هەستكردنمان بە بەرپرسیارێتی پەروەردەیی و ئەركی سەر شانمان بەرامبەر رۆڵەكانمان و رەچاوكردنی بەرژەوەندیی قوتابیان، وەك پێشتر رامانگەیاندبو، تاقیكردنەوەكانمان ئەنجامدا و ویژدانی خۆمان ئاسودە كرد."

جەختیشی كردەوە كە لە سبەی یەكشەممەوە، بایكۆتی دەوام دەستپێدەكەین لە سەرجەم ناوەندەكانی خوێندن.

دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی چەند داواكارییەكی خستۆتەڕو لەوانە:

-دابەشكردنی موچەی مانگی 12ی ساڵی رابردو و موچەی مانگی یەكی ئەمساڵ پێش كۆتایی ئەم مانگە.

-وازهێنان لە لاساری و هەڕەشەكردن لە بەغداو دەستبەجێ ناردنی داتای راست و دروست بۆ تەوتینكردنی موچە لە بانكە فیدراڵییەكان. ئەگەر هەولێر ئەمە ناكات و رێگرە، پێویستە سلێمانی ئەو كارە بكات و تەوتینی موچەی سەرجەم فەرمانبەران بكات لە بانكە فیدراڵییەكان.

-دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی شارستانی.

-پێویستە پێش خانەنشینكردنی هەر مامۆستاو فەرمانبەرێك سەرجەم پلەبەرزكردنەوەو شایستە داراییەكانیان بۆ بگەڕێنرێتەوە ئینجا خانەنشین بكرێن.

-هەر دەستكاریكردنێكی یاساو هەمواركردنێكی خانەنشینی لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە نایاساییە.

دەستەكە جەختیشی كردۆتەوە كە دەستپێكردنی وەرزی دوەمی خوێندن بەندە بە رێككردنەوەی وادەی دابەشكردنی موچە و نەفاوتانی هیچ موچە و مافێك و جێبەجێكردنی تەوتین.

وتوشیەتی، حكومەتی عێراق بەرپرسیارێتی لەسەر شانەو ناكرێت پارە بنێرێت و بەرپرسیارێتی نەدانی موچە هەڵ نەگرێت. ئەگەر پارەی بۆ موچە ناردوە، ناكرێت لە دزین و دیار نەمانی یەك ترلیۆن دیناری مانگی 12 بێت.

ئاماژەی بەوەشداوە"كۆتاییهێنان بە ئەمساڵی خوێندن لە ئەستۆی حكومەتی بێ متمانەو گیرفانبڕەكەی هەرێم و پەرلەمانتارە بێدەنگەكانی كوردە لە بەغدا."

لە كۆتاییشدا دەستەكە وتویەتی"داوا لە سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران دەكەین پابەندی دەوامكردنی بێ موچە نەبن و گوێ نەدەن بە هەڕەشەی ئەوانەی لە دەستور و یاسای عێراق یاخی بون."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×