مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەگەڵ وەفدێكی روسی بە سەرۆكایەتی نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەو وڵاتە بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا كۆبوەوەو دەڵێت، نوێنەرە تایبەتەكەی پوتین بەڕەسمی بانگهێشتی كردون بۆ سەردانی مۆسكۆ.
ئاوێنە: مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، پێشوازیمان كرد لە وەفدێكی ڕوسی بە سەرۆکایەتی میخائیل بەگدانۆڤ، نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی ڕوسیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و جێگری وەزیری دەرەوە.
سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئەوەشی خسۆتەڕو"بیروڕامان لەبارەی دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕوسیا ئاڵوگۆڕ کرد.
مەسرور بارزانی وتوشیەتی"نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ڕوسیا و جێگری وەزیری دەرەوە، ئاماژەی بە پێگەی گرنگیی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی دۆستانەو لەمێژینەی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردو جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە."
هێمای بۆ ئەوەش كردوە "نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ڕوسیا، هەروەها بەفەرمی بانگهێشتی مۆسکۆی کردین."
ئاماژەی بەوەشداوە "خواستی هەرێمی کوردستانمان بۆ برەودان بە پەیوەندیی دولایەنە دووپات کردەوە."
مەسرور بارزانی ئەوەشی وتوە"لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەماندا، جەختمان لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کرد، لەم ڕوەوە هەموارکردنی یاسای بودجەی فیدراڵ و ڕێککەوتن لەسەر هەناردکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانمان بە هەنگاوێکی ئەرێنی لە قەڵەم دا."
وەك سەرۆكی حكومەت بسی كردوە، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانیان تایبەت بوە بە دوایین گۆڕانکارییەکانی بارودۆخی سوریاو وتویەتی"هاوڕابوین لەسەر پێویستی پاراستنی ئاسایشی و ئارامیی و مافەکانی گەلی کورد و گشت پێکهاتەکانی سوریا."