لە یەكەمین كۆبونەوەی كۆمیتەی ناوەندیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێراندا كە هەڵبژێردراوی كۆنگرەی حەڤدەیەمی حزبەكەیە، مستەفا هیجری بە تێکڕای دەنگی ئەندامانی کۆمیتەكە بە سکرتێری گشتیی حیزب هەڵبژێردرایەوە.
ئاوێنە: کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە راگەیەندراوێكدا وتی، دوێنێ پێنجشەممە، یەکەمین کۆبونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی حەڤدەیەمی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران(كۆنگرەی یەكگرتنەوەی دیموكراتەكان) بە بەشداریی ئەندامانی ئەسڵی و جێگری کۆمیتەی ناوەندی بەڕێوە چوە.
تەوەرەكانی كۆبونەوەكە بریتبون لە هەڵبژاردنی سکرتێری گشتیی حیزب، هەڵسەنگاندنی کاروباری کۆنگرە و دیاریکردنی گرنگترین ئەولەوییەت و کارەکانی کۆمیتەی ناوەندیی نوێ.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لە بەشی یەکەمی کۆبونەوەکەدا مستەفا هیجری بە تێکڕای دەنگی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی بە سکرتێری گشتیی حیزب هەڵبژێردرایەوە.
كۆمیتەی ناوەندی حزبەكە لە راگەیەندراوەكەیدا جەختی لە پێویستیی هەرچی زیاتر بەهێزکردنی یەکگرتویی ڕیزەکانی حیزب و خوێندنەوەی ههمو تواناکانی نێو حیزب و هەروەها بە بایەخدان بە پێویستیی یهکگرتویی هێزه سیاسییهکانی ڕۆژههڵات و بەردەوامیی تێکۆشان بۆ ئەو ئامانجە كردۆتەوە لەگەڵ یەکخستنی وزەی خەباتگێڕیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لهپێناو خهباتێکی نهتهوایهتیی هەمەلانە له بهرامبهر کۆماری ئیسلامیدا ئەوەش وەك ئەولەویەتێكی کار و بەرنامەکانی حزب.