12 كۆنگرێسمانی ئەمریكا داوا دەكەن ژمارەیەك لە گروپە چەكدارەكانی عێراق كە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن، بخرێنە لیستی تیرۆرەوەو داواش دەكەن تا ئەو كاتەی هەر میلیشیایەكی سەربە ئێران بەشێكی یاسایی بێت لە دەوڵەتی عێراق، سەرجەم هاوكارییە ئەمنییەكان بۆ عێراق رابگرێن.
ئاوێنە: داواكانی ئەو 12 كۆنگرێسمانە لە یاداشتێكدا هاتون كە ئاڕاستەی وەزیری دەرەوەو هەروەها راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا كراوە.
بەپێی یاداشتەكە كە لەلایەن جۆ وڵسن، یەكێك لە كۆنگرێسمانەكانەوە بڵاوكراوەتەوە، داوا كراوە ئەم گروپە چەكدارانەی عێراق كە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن بخرێنە لیستی تیرۆرەوە: كەتیبەكانی ئەبوفەزل عەباس، رێكخراوی بەدر، لیوای فاتیمیون، بزوتنەوەی نوجەبا، كەتیبەكانی ئیمام عەلی، كەتیبەكانی جوندلئیمام، كەتیبەكانی سەیدولشوهەدا، سەرایای جیهاد، سەرایای خۆراسانی، لیوای زەینەبیون.
هەروەك داواش كردوە بەپێی فەرمانی 13224 لەبارەی تیرۆرەوە، سزا بەسەر هەریەكە لە كەتیبەكانی ئەبو فەزڵ عەباس، رێكخراوی بەدر، كەتیبەكانی ئیمام عەلی، كەتیبەكانی جوندولئیمام، سەرایای جیهاد و سەرایای خۆراسانی، بسەپێنرێت.
12 كۆنگرێسمانەكە لەبەشێكی دیكەی یاداشتەكەیاندا داوایان كردوە تا ئەو كاتەی هەر میلیشیایەك كە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێت، بەشێكی یاسایی بێت لە دەوڵەتی عێراق، سەرجەم هاوكارییە سەربازییەكانی ئەمریكا بۆ عێراق رابگیرێن.


