حەنان فەتلاوی، پەرلەمانتاری عێراق رەخنەی توند لە د. لەتیف رەشید، سەرۆك كۆماری عێراق دەگرێت بەهۆی تۆماركردنی سكاڵا لە دادگای فیدراڵی لەسەر سەرۆك وەزیرانی عێراق لەبارەی بابەتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
ئاوێنە: حەنان فەتلاوی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێكس، نوسیویەتی، سەرۆك كۆمار سكاڵایەكی لە دادگای فیدراڵی دژی سەرۆك وەزیران لەبارەی بابەتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم تۆماركردوە.
فەتلاوی وتوشیەتی"فەخامەتی سەرۆك، غەرامەكانی كۆمپانیای (ئای كیو)ی كوڕەكەت كە 991 ملیارە بەسە بۆ موچەی هەرێم، خۆزگە ئەو پارانەت دەدا بۆ ئەوەی ئێمەش موچە(ی هەرێم)مان پێ بدایە، لەبری ئەوەی داوامان لێبكەیت موچەی ناوەڕاست و باشور ببڕین بۆ پێدانی موچەی هەرێم. بەسە موزایەدەی هەڵبژاردن."
پێشتر بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەكان لە سەرۆكایەتی كۆماری عێراق رایگەیاند، د. لەتیف رەشید، سەرۆك كۆمار، لەبارەی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە دادگای فیدراڵی سكاڵای یاسایی لەسەر محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق تۆماركردوە.