مه‌لا به‌ختیار: له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتودا ریزبه‌ندی سیاسی و حوكمڕانی گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت
  2025-03-24       393       

مه‌لا به‌ختیار ڕایگه‌یاند، گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه‌ یه‌كه‌مینجاره‌ كاریگه‌ری ئه‌رێنیی له‌سه‌ر به‌شه‌كانی كوردستان هه‌یه‌، له‌دوای په‌یمانی سیڤه‌ر و داگیركردنی كوه‌یت، كه‌ كوردستانی عێراق بو به‌ به‌شێك له‌ هاوكێشه‌ سیاسیه‌كانی عێراق و ناوچه‌كه‌، له‌دوای روخانی به‌شار و هاتنه‌ سه‌ر كاری تره‌مپ، فراوانترین ده‌رفه‌وت هاتوه‌ته‌پێشه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی سیاسیانه‌ی كێشه‌ی كورد له‌ به‌شه‌كانی كوردستاندا، ده‌شڵێت، "له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتودا ریزبه‌ندی سیاسی و حوكمڕانیدا گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت".

ئاوێنە: سكرتێری رۆژنامه‌گه‌ری مه‌لا به‌ختیار له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌كردوه‌، ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ د.له‌تیف ره‌شید، سه‌رۆك كۆماری عێراق سه‌ردانێكی دۆستانه‌ی مه‌لا به‌ختیاری كروه‌ و سه‌رۆك كۆمار بۆچونی خۆی له‌سه‌ر دۆخی عێراق، ناوچه‌كه‌ و كێشه‌ و مه‌ترسییه‌كان، رونكرده‌وه‌و جه‌ختیكرده‌وه،‌ كه "دۆخی ئه‌منی عێراق باشه‌، تیرۆر نه‌ماوه‌، موچه‌ و خزمه‌تگوزاری به‌رده‌وامه‌، عێراق خۆی بۆ هه‌ڵبژاردن ئاماده‌ ده‌كات، نێوان عێراق و وڵاتان باشتر بوه‌". 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، سه‌رۆك كۆمار باسی له‌وه‌كردوه‌ كه‌ عێراق هه‌وڵده‌دات خۆی له‌ هه‌ر ئه‌گه‌رێكی مه‌ترسیدار دورڕابگرێت، هه‌روه‌ها "هه‌زاران به‌ندیی ته‌وقیفكراوی ئازادكردوه‌".

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، مه‌لا به‌ختیار ڕونیكرده‌وه‌، "دۆخی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ره‌و گۆڕانكاری هه‌مه‌لایه‌نه‌ ده‌ڕوات، هه‌تا ئامانجه‌كانی ئه‌م گۆڕانكارییه‌ نه‌یه‌ته‌دی، ئه‌مریكا و دۆسته‌كانی، ئه‌م هه‌له‌ مێژوییه‌ی دوای لێدانی حه‌ماس و حزبوڵا و روخانی به‌شار ئه‌سه‌د، له‌ده‌ست ناده‌ن و ده‌سته‌به‌ری به‌رژه‌وه‌ندی ئابوریی و ئاساییشی خۆیان ده‌كه‌ن".
 
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "زۆر گرنگه‌ عێراق، له‌ سیاسه‌تی نوێی ئه‌مریكا و سه‌رۆك تره‌مپ، قوڵبێته‌وه‌، ده‌بێت له‌ هه‌مو سێكته‌ره‌كانی ئابوریی و ئه‌منی، عێراق په‌یوه‌ندیه‌كی تایبه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا هه‌بێت، چونكه‌ به‌م دۆخه‌ی نه‌بونی یه‌ك سوپا و یه‌ك ناوه‌ندی سیاسی له‌عێراقدا، به‌رگه‌ی جه‌زره‌به‌ لێدان ناگرێ. وڵاتێكی وه‌كو ئیمارات، كه‌ هیچ كێشه‌یه‌كی نییه‌ و مه‌ترسیشی له‌سه‌ر نییه‌، كه‌چی تریلیۆنێك و چوارسه‌د ملیار دۆلار، په‌یوه‌ندی بازرگانی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا ده‌به‌ستێ. ده‌بێت عێراق باشتر له‌م دۆخه‌، بچێته‌ پێشه‌وه‌".

مه‌لا به‌ختیار وتیشی، "گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه‌، خۆشبه‌ختانه‌، یه‌كه‌مینجاره‌ كاریگه‌ری ئه‌رێنیی له‌سه‌ر به‌شه‌كانی كوردستان هه‌یه‌، له‌دوای په‌یمانی سیڤه‌ر و داگیركردنی كوه‌یت، كه‌ كوردستانی عێراق بو به‌ به‌شێك له‌ هاوكێشه‌ سیاسیه‌كانی عێراق و ناوچه‌كه‌، له‌دوای روخانی به‌شار و هاتنه‌ سه‌ر كاری تره‌مپ، فراوانترین ده‌رفه‌وت هاتوه‌ته‌پێشه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی سیاسیانه‌ی كێشه‌ی كورد له‌ به‌شه‌كانی كوردستاندا". 
 
ڕونیشیكرده‌وه‌، "گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ئۆجه‌لان و رێككه‌وتنی ئه‌حمه‌د شه‌رع و مه‌زڵوم عه‌بدی له‌ نمونه‌ دیاره‌كانن بۆیه‌ هه‌قوایه‌ عێراق خوێندنه‌وه‌یه‌كی باشی بۆ ئه‌م گۆڕانكارییانه‌ هه‌بێت و پشتیوانی چاره‌سه‌ری دیموكراسیانه‌ی كێشه‌ی كورد بكات، به‌تایبه‌تی عێراق هه‌ڵوێستی خراپی به‌رامبه‌ر كورد له‌ به‌شه‌كانی كوردستان نه‌بوه‌".
 
په‌یوه‌ست به‌ ماوه‌ی سه‌رۆك كۆماری عێراق، مه‌لا به‌ختیار وتویه‌تی، "چه‌ند مانگێكی تر هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت، ریزبه‌ندی سیاسی و حوكمڕانی له‌عێراقدا گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت، چۆن له‌سه‌ر موچه‌ی خه‌ڵك سكاڵات گه‌یانده‌ دادگای فیدڕاڵی، به‌هه‌مانشێوه‌ له‌سه‌ر ماده‌ی 140 و مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێم و ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان، پێمباشه‌ هه‌ڵوێستێكی مێژوویی ده‌رببڕیت، چونكه‌ له‌دوائه‌نجامدا، جگه‌ له‌ ئه‌ركه‌ گشتییه‌كانی سه‌رۆك كۆماریی له‌سه‌ر ئاستی عێراق، زۆرترین سه‌ربه‌رزی له‌ناو نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆمان، بۆ سه‌رۆك كۆمار و كاربه‌ده‌ستانی تری كورد له‌ به‌غدا ده‌مێنێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر بتوانن مافه‌ بنچینه‌یی و ده‌ستورییه‌كانی كوردستان، به‌دیبهێنن".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×