لە مانگێكدا شەش هاوڵاتیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەسێدارەدراون
  2025-04-22       235       

بە پێی ئاماری مانگانەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا شەش هاوڵاتیی کورد لە زیندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەسێدارە دراون، هەروەها لە ماوەی ئەو مانگەدا ٣٤ هاوڵاتیی و چالاکوانی کورد دەستگیر کراون.

ئاوێنە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاماری لەسێدارەدان و دەستبەسەرکردنی هاوڵاتییانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاوکردەوە.

لە هەواڵەکەدا هاتووە، لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا شەش هاوڵاتیی کورد لە زیندانەکانی بۆکان، کرماشان، کرمان، بەندەر عەباس و کەرەج لەسێدارە دراون، هەروەها لەلایەن دیوانی باڵای ئێران سزای لەسێدارەدان بەسەر دوو هاوڵاتیی دیکەی کورد بە تۆمەتی چالاكی سیاسیی سەپێندرا.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە ماوەی مانگی ئاداری ئەمساڵدا ٣٤ هاوڵاتیی و چالاکوانی کورد لە شارەکانی سنە، ورمێ، ئیلام و کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆکاری سیاسیی لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە بە بێ فەرمانی دادوەر دەستگیر کراون و لە نێو دەستگیر کراوەکاندا دوو منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵی تێدایە، هەروەها دوو هاوڵاتیش بۆ جێبەجێکردنی سزای زیندانییەکەیان ڕەوانەی زیندان کراون، بەڵام تا ئیستا چارەنووسی دەستگیر کراوەکانی دیکە نادیارە.

باس لەوەشکراوە، هەر لە مانگی ئاداردا، دانیشتنی دادگایی کردنی حەوت چالاکوانی مەدەنی بە ناوەکانی مەجید دەریایی، سووسەن ڕازانی، خالید حسێنی، جەمال ئەسەدی، ئێقباڵ شەعبانی، فەردین میرەکی، شەیس ئەمانی، ئارمان سەلیمی و فەرشید عەبدوڵاهی لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بەڕێوە چوو، ئەم هاوڵاتییانە بە تۆمەتەکانی “بانگەشەی دژ بە دەوڵەت و تێکدانی ئارامی و ئاسایشی گشتی” دادگایی کراون.

جێگای ئاماژەیە، بەپێی ئامارەكان لە مانگی شووباتی ئەمساڵدا حەوت هاوڵاتیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستن و ئێران لەسێدارە دراون، هەروەها ٢٢ هاوڵاتیی و چالاکوانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیر کراون.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×