وەزیری دەرەوەی فەرەنسا: دەبێت مافەكانی كورد لە سوریا بەتەواوی رەچاوبكرێن
  2025-04-24       493       

ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، دەبێت مافەكانی كورد لە سوریا بەتەواوی رەچاوبكرێن.

ئاوێنە: ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە پەیامێكدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێكس لەبارەی كۆبونەوەكەی شەوی رابردوی لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە رایگەیاند، 10 ساڵە پێكەوە و شانبەشانی یەكدی لەدژی داعش شەڕدەكەین.

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا جەختیشی كردۆتەوە كە دەبێت ماف و بەرژەوەندییەكانی كورد لە قۆناغی راگوزەری سوریادا بەتەواوی رەچاوبكرێن.

ژان نوێل بارۆ هەر لە پەیامەكەیدا سەبارەت بە كۆبونەوەكانی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم رایگەیاندوە، لەپێناو ئازادی و روبەڕوبونەوەی تیرۆر، فەرەنسا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانی كوردانی عێراق، هاودەنگیمان هاودەنگییەكی تەواوە.

لەلایەكی دیكەوە ئێوارەی ئەمڕۆ هەسەدە، لەبارەی كۆبونەوەی نێوان مەزڵوم عەبدی و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا كە بامادەبونی ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی ئیدارەی خۆسەر، بەڕێوەچوە، لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە وەزیرە فەرەنسییە ستایشی رۆڵی هەسەدەی كردوە لە روبەڕوبونەوەی تیرۆر و هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە پێویستە بەهەمو جۆرێك پشتیوانی لە هەسەدە بكرێت، بەهۆی بەردەوامبونی لە شەڕی دژ بە داعش و لەپێناو پشتیوانیكردنی سەقامگیری و ئاسایش لە سوریا بەگشتی.

وەك هەسەدە ئاماژەی پێداوە، لە كۆبونەوەكەی نێوان مەزڵوم عەبدی و وەزیری دەرەوەی فەرەنسادا، جەخت لە پێویستی بەشداری كورد و سەرجەم پێكهاتەكانی دیكەی سوریا لە پرۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردنی وڵات كرایەوە بۆ گەیشتن بە سەقامگیری سیاسی و ئەمنی و ئابوری.

هەسەدە هەر لە راگەیەندراوەكەیدا لەبارەی كۆبونەوەی مەزڵوم عەبدی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم، رایگەیاندوە كە لە كۆبونەوەكەدا هەردولا جەختیان لە پێویستی و بایەخی یەكڕیزی كورد كردەوەو تاوتوێی دۆخی سیاسی سوریاو دۆخی كوردیان كردوەو ئاڵوگۆڕی بیروڕایان لەبارەی مەترسییەكانی تیرۆر و روبەڕوبونەوەی هەڕەكانی داعش كردوە.

بەپێی راگەیەندراوەكەی هەسەدە لە كۆبونەوەكەدا نێچیرڤان بارزانی پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ هەوڵەكان لەپێناو بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كرد بۆ بەدیهێنانی خواستەكانی كورد لە سوریا دەربڕیوە.

هەروەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، مەزڵوم عەبدی و نێچیرڤان بارزانی تاوتوێی ئایندەی سوریاو پەیوەندیی نێوان هەسەدەو حكومەتی راگوزەری سوریا كردوە، ئەوەش لەدوای ئیمزاكردنی رێككەوتنەكەی سەرەتای مانگی ئازاری ئەمساڵ لەنێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع، سەرۆكی قۆناغی راگوزەری سوریا.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فەرماندەی گشتی هەسەدە جەختیشیان لە پێویستی بەشداری كورد و سەرجەم پێكهاتەكانی دیكەی سوریا لە پڕۆسەی سیاسی و پاراستی مافەكانی دەستورییەكانیان كردۆتەوەو گفتوگۆشیان دەربارەی باشكردنی دۆخی ئابوریی رۆژاڤای كوردستان كردوە.

زۆرترین بینراو
سەرۆکی نوێی حەماس بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە چوار کوڕی لەدەستداوە
وەزیرێکی حکومەتەکەی سودانی لەبارەی دۆزینەوەی پارە لە ماڵەکەیدا: ئامادەم هاوکاری دەسەڵاتی دادوەری بکەم
ئۆجەلان: ئەگەر کورد لەتورک جیا بکەیتەوە کورد نامێنێت، ئەگەر تورک لەکورد جیا بکەیتەوە تورک نامێنێت
وتەبێژی بەنزینخانەکان: پابەندی بڕیارەکەی حکومەت نابین بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین
وتەبێژی حکومەتی عێراق چەند بڕیار و پەیامێکی گرنگی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاگەیاند
داهاتی گومرگیەکانی هەرێم دەچێتەسەر هەژماری هەرێمی کوردستان
موقاوه‌مه‌ی ئیسلامی مه‌رجی نوێ بۆ ده‌ستبه‌رداربوون له‌ چه‌ك ڕاده‌گه‌یه‌نێت: "ته‌نیا به‌ فه‌رمانی ئیمام مه‌هدی چه‌ك دادەنێن"
ئۆزگور ئۆزێل ماڵئاوایی لەجەهەپە دەکات: ئێمە پارتی نوێی خۆمان دادەمەزرێنین
مرۆڤبوون.. مۆدێرنیتەی سیاسی‌و میوانداری لەکوردستانی عێراق*
ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان کۆدەبێتەوە و بڕیار لەسەر سێ پرسی گرنگ دەدات 
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×