سەرۆككۆماری عێراق: مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەسەر سنوری سوریا زۆر پێویستە
  2025-05-10       149       

د. عەبدوللـەتیف رەشید، سەرۆككۆماری عێراق رایگەیاند، پێشوازی لەو گۆڕانكارییانە دەكەن كە لە سوریا رویانداوەو هیوادارن گەرەنتی بەشداریی سەرجەم پێكهاتە و نەتەوەكانی ئەو وڵاتە لە حوكمڕانی نوێدا بكرێت و دەشڵێت، مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەسەر سنوری سوریا بۆ شەڕی داعش زۆر پێویستە.

ئاوێنە: د. عەبدوللـەتیف رەشید لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "حەدەس" لەبارەی لوتكەی عەرەبی كە بڕیارە رۆژی 17ی ئەم مانگە لە بەغدا بەڕێوەبچێت، وتی، لە لوتكەكەدا زۆربەی دۆسییەكان تاوتوێ دەكرێن.

هەروەها وتیشی، لە ناوچە عەرەبییەكان كێشەی زۆرمان هەن، لە لوتكەی عەرەبی لە بەغدا تاوتوێ دەكرێن و بڕیاری نوێ لەبارەیانەوە دەدرێت، بەڵام گرنگە بەدواداچون بۆ بڕیارەكان و جێبەجێكردنیان بكرێت.

ئەوەشی خستەڕو، بەغدا كاردەكات بۆ هاوكاریكردنی لایەنە جیاجیاكانی ناوچەكە بۆ كەمكردنەوەی گرژییەكان و چارەسەركردنی كێشەكان. جەختیشی كردەوە كە پێویستە هەموان بەشداری لە لوتكەی عەرەبی بكەن و عێراق پێشوازی لە سەرجەم سەرۆك و سەركردەكانی وڵاتانی عەرەبی دەكات.

لەبارەی ئاستی بەشداریی سوریا لە لوتكەكەدا وتی، ئەو بابەتە پەیوەندی بە سەركردایەتی سوریاوە هەیە. ئاماژەی بەوەشدا كە وڵاتەكەی پێشوازی لەو گۆڕانكارییانە دەكات كە لە سوریا رویانداوەو هیواشی خواست گەرەنتی بەشداریی سەرجەم پێكهاتەو نەتەوەكانی سوریا لە حوكمڕانی نوێ و پڕۆسەی سیاسیدا بكرێت لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی مافەكانی تەواوی هاوڵاتیان.

لەبارەی بونی هێزەكانی ئەمریكاشەوە، سەرۆككۆماری عێراق وتی، مانەوەی ئەو هێزانە لەسەر سنوری سوریا بۆ شەڕی داعش زۆر پێویستەو نیگەرانی خۆیشی نیشاندا لەبارەی بونی هەندێك گروپ لەسەر سنوری هاوبەشی نێوان عێراق و سوریاو جەختیشی لە پێویستی بەردەوامبونی پەیوەندییەكانی هەردو وڵات كردەوە بۆ چارەسەركردنی ئەو پرسە.

د. عەبدوللـەتیف رەشید جەختیشی كردەوە كە عێراق هەر جۆرە دەستوەردانێكی دەرەكی لە كاروباری سوریادا رەتدەكاتەوە و لەگەڵ سەربەخۆیی بڕیاری سوریادایەو دوپاتیشیكردەوە كە ئاسایشی سوریا پەیوەندیدارە بە ئاسایشی عێراقەوە بەتایبەت كە سنورێكی هاوبەشی درێژییان پێكەوە هەیە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×