ئەمڕۆ گەڕی چوارەمی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران بەڕێوەدەچێت
  2025-05-11       148       

وەزیری دەرەوەی عومان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ گەڕی چوارەمی دانووستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە مەسقەتی پایتەختی عومان دەستپێدەکات.

ئاوێنە: بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان سەبارەت بە گەڕی چوارەمی دانووستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە مەسقەت بەم شێوەیە زانیاری بۆ میدیاکان خستەڕوو.

بەدر ئەلبوسەعیدی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ گەڕی چوارەمی دانووستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران لە مەسقەتی پایتەختی عومان دەستپێدەکات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیاربوو گەڕی چوارەمی دانووستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ٣ـی ئایار بەڕێوەبچێت، بەڵام عومان هۆکاری لۆجستیی بۆ ئەو کۆبوونەوەیە هێنایەوە و دواخرا.

هاوکات، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دوێنێ ڕایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا ئامانجی لە دانووستانەکان بێبەشکردنی مافی ئەتۆمی بێت، ئەوا ئێران هەرگیز دەستبەرداری ئەو مافانە نابێت.

جێگای ئاماژەیە، گەڕی یەکەم و دووەم و سێیەمی دانووستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ١٢و ١٩ و ٢٦ـی نیسانی ٢٠٢٥ لە مەسقەت و ڕۆما بە نێوەندگیریی عومان بەڕێوەچوو.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×