محەمەد بن سەلمان: ئابوری سعودیە گەورەترین هاوبەشی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا
  2025-05-14       143       

محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشنی سعودییە ڕایگەیاند، وڵاتەكەی لەگەڵ ئەمریکا کار لەسەر هەلی هاوبەشی دەکات بە بەهای 600 ملیار دۆلار و بەرزکردنەوەی ڕێککەوتنەکان بۆ یەک ترلیۆن دۆلار، كە هاوکاری فرەلایەنە لە بوارەکانی ئەمنی، سەربازی، ئابوری و تەکنیکی زۆربەی بوارەكان لەخۆ دەگرێت، هەروەها واشنتن گەورەترین هاوبەشی دیدگای سعودییە 2030یە و لە 10 ساڵی ڕابردودا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی گەیشتوەتە 500 ملیار دۆلار.

ئاوێنە: محەمەد بن سەلمان، لە میانەی وتارێكدا لە کۆڕبەندی وەبەرهێنانی سعودیە و ئەمریکا ڕایگەیاند،  کارکردنی هاوبەش لەگەڵ ئەمریکا تەنها لە ئابوریدا سنوردار نییە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی لە جیهاندا و مێژوی پەیوەندییە قوڵی ئابورییەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ 92 ساڵ لەمەوبەر.

ئاماژەی بەوەشكردوە، ئابوری سعودیە گەورەترین ئابورییە لە ناوچەکە و خێراترین گەشەسەندنی ئابورییە لە گروپی 20. هەروەها ئەمریكا گەورەترین هاوبەشی دیدگای سعودییە 2030ـیە، هەردو وڵات کار لەسەر هەلی هاوبەشی دەکات بە بەهای 600 ملیار دۆلار، لەنێویاندا ڕێککەوتنەکان بە بەهای زیاتر لە 300 ملیار دۆلار کە پێشتر ڕاگەیەندراون.

محەمەد بن سەلمان باسی لەوەشكردوە، لە چەند مانگی داهاتودا هەردو وڵات کاردەکەن بۆ تەواوکردنی قۆناغی دوەم و بەرزکردنەوەی ڕێککەوتنەکان بۆ یەک ترلیۆن دۆلار. ئەم هاوبەشییە گەشەسەندوە نوێنەرایەتی درێژکردنەوەی هاوکاری فرەلایەنە دەکات لە بوارەکانی ئەمنی، سەربازی، ئابوری و تەکنیکی، بەرزکردنەوەی سودی هاوبەش، پشتگیریکردنی هەلی کار و بەشداریکردن لە خۆجێیکردنی پیشەسازی، پەرەپێدانی و گەشەکردنی بەرهەمی ناوخۆیی.

ئەوەشیخستەڕو، "ئەمریکا شوێنێکی سەرەکییە بۆ سندوقی وەبەرهێنانی گشتی، کە نزیکەی 40%ی وەبەرهێنانە جیهانییەکانی سندوقەکە پێکدەهێنێت. هەروەها قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان سعودییە و ئەمریکا لە ساڵی 2013 تا 2024 گەیشتوەتە 500 ملیار دۆلار. هاوکات هەناردەی نا نەوتی سعودیە لە ساڵی ڕابردودا نزیکەی 82 ملیار دۆلار بوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×