ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسدارانی ئێران لە بەغدایەو لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق كۆبوەتەوەو تاوتوێی چەند پرسێكیان كردوە لەوانە، هەوڵە هاوبەشەكان بۆ دابینكردنی ئاسایشی سنورەكان.
ئاوێنە: قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە پەیامێكدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێكس بڵاویكردەوە، پێشوازیمان لە ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران كرد كە بە سەردانێك لە بەغدایە.
ئەعرەجی وتوشیەتی، تاوتوێی پەرەپیدانی پەیوەندییە دوقۆڵییەكانی نێوان عێراق و ئێران و هەروەها هەوڵە هاوبەشەكانمان بۆ دابینكردنی ئاسایشی سنور كرد لەگەڵ تاوتوێكردنی قۆناغەكانی جێبەجێكردنی بەندەكانی رێكككەوتننامەی ئەمنی نێوان هەردو وڵات.
قاسم ئەعرەجی ئاماژەی بەوەشداوە، هەر لە دیدارەكەدا جەختمان لە گرنگی سەركەوتنی دانوستانەكانی نێوان تاران و واشنتۆن كردەوە لەگەڵ جەختكردنەوە لە پابەندبونی هەمو لایەك بە دیالۆگ و هێوركردنەوە بۆ گەیشتن بە سەقامگیریی هەمیشەیی لە ناوچەكە.
