مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی لە پەیامێكدا بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی قوربان رایگەیاند، بڕینی موچەو سیاسەتی برسیكردنی بەكۆمەڵی خەڵكی كوردستان هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ ئەنفال و كیمیاباران و ئەو جینۆسایدە نییە كە ڕژێمی پێشو لەدژی گەلی كوردستان ئەنجامی دا.
ئاوێنە: مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی، لە پەیامێكدا بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی قوربان رایگەیاند، "لەكاتێكدا بەرەو ئەو جەژنە پیرۆزە دەڕۆین كە بە بڕیارێكی ناڕەوا و زاڵمانە قوت و موچەی خەڵكی هەرێمی كوردستان لەلایەن دەستەڵاتدارانی بەغداوە بڕدراوە."
ئاماژەی بەوەشداوە "بڕینی موچە و سیاسەتی برسیكردنی بە کۆمەڵی گەلی كوردستان هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ ئەنفال و كیمیاباران و ئەو جینۆسایدە نییە كە ڕژێمی پێشو لەدژی گەلی كوردستان ئەنجامی دا. بەڵام ئیرادەی گەلی كوردستان لە هەمو ستەمكاری و تاوان و ئەنفالێك بەهێزتر و بەرزترە."
لە كۆتاییشدا وتویەتی"لەم بۆنە پیرۆزەدا وێڕای ئەوەی سوپاسی خۆڕاگری و جوامێری و سەربەرزیی تاك بە تاكی گەلەكەمان دەكەم."
دەقی پەیامەكەی سەرۆكی پارتی:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی پیرۆزی قوربانەوە گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی موسڵمانانی كوردستان و عێراق و جیهان دەكەم. پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هاوڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم.
لەكاتێكدا بەرەو ئەو جەژنە پیرۆزە دەڕۆین كە بە بڕیارێكی ناڕەوا و زاڵمانە قوت و موچەی خەڵكی هەرێمی كوردستان لەلایەن دەستەڵاتدارانی بەغداوە بڕدراوە. بڕینی موچە و سیاسەتی برسیكردنی بە کۆمەڵی گەلی كوردستان هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ ئەنفال و كیمیاباران و ئەو جینۆسایدە نییە كە ڕژێمی پێشو لەدژی گەلی كوردستان ئەنجامی دا. بەڵام ئیرادەی گەلی كوردستان لە هەمو ستەمكاری و تاوان و ئەنفالێك بەهێزتر و بەرزترە. با ئەوانەی دژایەتیی خەڵک و هەرێمی کوردستان دەکەن ئاوڕێك لە مێژو بدەنەوە، گەلی كوردستان لە بەرانبەر هەمو گوشار و زەبروزەنگێكدا خۆڕاگر بو و بەسەر نەیار و تاوانباراندا سەركەوت و هەر پەشیمانی بۆ زۆرداران مایەوە.
لەم بۆنە پیرۆزەدا وێڕای ئەوەی سوپاسی خۆڕاگری و جوامێری و سەربەرزیی تاك بە تاكی گەلەكەمان دەكەم، لە خودای مەزن داواكارم خێر و ئاسودەیی بۆ كوردستان و عێراق و ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەكەمان و هەمو جیهان بەدی بهێنێت.
مەسعود بارزانی
5ی حوزەیرانی 2025