لە سلێمانی هەڵمەتێك بۆ رێگری لە سەربڕینی ئاژەڵ لەسەر شەقام و كۆڵانەكان بەڕێوەچو
  2025-06-06       190       

شارەوانی سلێمانی رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی کە هاوکات لەگەڵ یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان، هەردو بەشی خزمەتگوزاریی و زیادەڕەویی سەرۆکایەتیی شارەوانیی بە هەماهەنگی لیژنەکانی قایمقامیەت و هێزەکانی ناوخۆ، هەڵمەتێکی چڕ بۆ ڕێگریکردن لە سەربڕینی ئاژەڵ لەسەر شەقام و کۆڵانەکاندا بەمەبەستی ئەنجامدانی قوربانی ئەنجامدرا.

ئاوێنە: سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی، لە راگەیەندراوێكدا ئەوەشی خستەڕو، ئەنجامدانی ئەم هەڵمەتە لەکاتێکدایە پێشوەختە هاوڵاتییان و قەسابەكان ئاگادارکراونەتەوە کە سەربڕینی ئاژەڵ لەسەر شەقام و کۆڵان و ناوماڵەکاندا بە هەمو شێوەیەک ڕێگەپێدراو نییە، ئەوەش بە مەبەستی پاراستنی ژینگەی شار لە بڵاوبونەوەی پاشماوە و بۆنی ناخۆش هەروەها گرتنەبەری ڕێکاری تەندروستیی بۆ پاراستنی تەندروستیی هاوڵاتییان دژی بڵاوبونەوەی پەتای خوێنبەربون.

شارەوانی سلێمانی هێمای بۆ ئەوەش كردوە، بەدرێژایی ڕۆژانی جەژن ئەم جۆرە هەڵمەتانە لەلایەن تیمەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانییەوە بەردەوامییان دەبێت، هەروەها شارەوانیی سلێمانیی داوا لە هاوڵاتییان و خێردۆستان دەکات پابەندی بڕیارەکانی قایمقامییەت و شارەوانی بن و خۆیان لە تاوانکردن و ڕێکاری یاسایی بپارێزن، بۆ پاراستنی ژینگەی شارەکەمان و تەندروستیی هەمو هاوڵاتییان خۆیان لە ئەنجامدانی ئەو کارە بەدوربگرن و ئەو ئاژەڵانەشی دایانناوە بۆ قوربانیی لەکوشتارگەکان لەژێر سەرپەرشتی تیمەکانی تەندروستیی و دکتۆرەکانی فێرتەرنەری سەرببڕدرێن.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×