وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق داوا دەكات بەغدا بێلایەن بێت لە شەڕی ناوچەكەدا و رێگریش لە دەستوەردانی گروپە چەكدارەكان بكات لەم شەڕەی كە هەیە. وەزیری دەرەوەی عێراقیش دەڵێت، هیچ لایەك لەم شەڕەدا سەركەوتو نییەو بەردەوامیشی قەیرانی ئابوریی گەورە دروست دەكات بەتایبەت ئەگەر درێژبێتەوە بۆ ناوچەی گەروی هورمز.
ئاوێنە: وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئەمڕۆ دوشەممە، فواد حسێن، وەزیری دەرەوە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە دەیڤید لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیاوە پێگەیشتوەو تێیدا تاوتوێی پەرەسەندنە خێراكانی ناوچەكەو رێگەكانی كەمكردنەوەی گرژییەكانییان تاوتوێ كردون.
وەزیرە بەریتانیاكە پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ سەقامگیری عێراق دوپاتكردۆتەوەو جەحتی لەوە كردۆتەوە كە پێویستە عێراق لە ململانێكان بێلایەن بێت و رێگری بكات لە دەستوەردانی گروپە چەكدارە عێراقییەكان لەو شەڕەی كە هەیە.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا جەختیشی كردۆتەوە كە وڵاتەكەی بەشدار نییە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكاندا و بەردەوام لەگەڵ فەرەنساو ئەڵمانیا لەسەر هێڵە بۆ یەكخستنی هەڵوێستەكان، وێڕای راوێژكردن لەگەڵ لایەنی ئەمریكا لەبارەی پێشهاتەكانی جەنگەكەوە.
هەروەها دەیڤید لامی جەختیشی كردۆتەوە لەسەر پێویستی گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستان لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی تاران و هۆشداریشی داوە لەبارەی مەترسی هەر هێرشێك بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا یان بەریتانیا لە ناوچەكە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە لای خۆیەوە فواد حسێن جەختی لە گرنگی رۆڵی بەریتانیا كردۆتەوە بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە، ئیدی لەڕێگەی هەهاهەنگی سێقوڵی نێوان بەریتانیاو فەرەنساو ئەڵمانیا بێت یاخود لەڕێگەی هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریكا.
فواد حسێن ئاماژەی بەوەشداوە، بەردەوامی شەڕەكە لێكەوتی مەترسیداری بۆ سەر ناوچەكە و جیهان دەبێت و وتوشیەتی، لەم شەڕەدا هیچ لایەن سەركەوتو نییە و بەردەوامبونیشی دەبێتە مایەی قەیرانی ئابوری گەورە بەتایبەت ئەگەر درێژببێتەوە بۆ ناوچەی گەروی هورمز.
لەبەشێكی دیكەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا فواد حسێن باسی لەوە كردوە كە ئیسرائیل بەردەوامە لە بەزاندنی ئاسمانی عێراق و ئەو بەزاندنە پێشێلكردنی ئاشكرای سەروەریی عێراق و یاسا نێودەوڵەتییەكانە و پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەنگاوی جدی بگرێتەبەر بۆ راگرتنی ئەو پێشێلكاریانەو كۆنترۆڵكردنی شەڕەكە.
لای خۆیشیەوە وەزیری دەرەوەی بەریتانیا وتویەتی، داخستنی گەروی هورمز دەبێتە مایەی دروستكردنی قەیرانێكی ئابوریی سەخت بۆ بەریتانیا و ئەوروپاو جەختیشی كردۆتەوە لەسەر پێویستی پێكەوە كاركردن بۆ دوركەوتنەوە لە زیاتر ئاڵۆزكردنی دۆخەكەو دەرچون لە قەیرانەكە لەڕێگەی چارەسەری سیاسی و دیپلۆماسییەوە.