بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی زاخۆ بڵاوی کردەوە، ژنێکی گەنج لە زاخۆ بە دەستدرێژی گوللە کوژرا، دەشڵێن: تیمێکی تایبەت ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کراون و بەدواداچوون لە دۆسییەكە بەردەوامە.
ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی زاخۆ لە سنووری دهۆك لەبارەی کوژرانی ژنێک ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، کە تیایدا هاتووە، کاتژمێر ٨ـی بەیانی ئەمڕۆ لە سەنتەری ئیدارەی زاخۆ ژنێکی گەنج بە ناوی (ن،أ،ع) تەمەن ٢٦ ساڵ بە دەستدرێژی گوللە کوژرا.
ئاماژە بەوەشکراوە، شوێنەواری چەند گوللەیەك بە جەستەی ژنەكەوە دیارە و دواتر تەرمەكەی ڕەوانەی پزیشکی دادوەری سنوورەكە کراوە.
باس لەوەشکراوە، تیمێکی تایبەت ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوە کراوەتەوە و بەدواداچوون لە دۆسییەكە بەردەوامە.
جێگای ئاماژەیە، هەر بە پێی زانیارییەکانی ئاژانسی ڕۆژنیوز لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لە هەرێمی كوردستان ۱٤ ژن کوژراون و ١٠ ژنی دیكەش بە شێوەی گوماناویی گیانیان لەدەستداوە، دوو ژنی دیکەش بریندار بوون.