ئێران لێدوانێكی ترەمپ لەبارەی ئەوەی داوایان كردبێت لە كۆشكی سپی دانوستان بكەن، رەتدەكاتەوە
  2025-06-18       309       

نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەكگرتوەكان رەتیدەكاتەوە هیچ بەرپرسێكی وڵاتەكەی داوای كردبێت سەردانی كۆشكی سپی بكەن بۆ دانوستان. ئەوەش لەدوای ئەوەی سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، ئێرانییەكان داوایان كردوە بچنە كۆشكی سپی بۆ دانوستان.

ئاوێنە: نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەكگرتوەكان، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا لێدوانێكی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكای بە "درۆ" ناوبردو وتی، "هیچ بەرپرسێكی ئێران تا ئێستا و بەهیچ شێوەیەك داوای نەكردوە لە دەروازەكانی كۆشكی سپی بكەوێتە سەر ئەژنۆ. "

نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەكگرتوەكان وتوشیەتی، تەنیا شتێك لە "درۆكانی ترەمپ قێزەونترە، هەڕەشەی ترسنۆكانەیەتی بۆ لەناوبردنی رێبەری ئێران."

جەختیشی كردۆتەوە كە ئێران لەژێر فشاردا دانوستان ناكات و لەژێر فشاریشدا ئاشتی قبوڵ ناكات و بەدڵنیایی دانوستانیش لەگەڵ "شەڕخوازێك"دا ناكات.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئێران بە هەڕەشە وەڵامی هەر هەڕەشەیەك دەداتەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان لەبارەی ئەوەی كە ئایا ئەمریكا لەگەڵ ئیسرائیل بەشداری دەكات لە ھێرشكردنە سەر ئێران وتی"ناتوانم ئەوە بڵێم. رەنگە ئەو كارە بكەم، رەنگە نەیشیكەم. هیچ كەسێك نازانێت من دەمەوێت چی بكەن. بەڵام دەتوانم ئەمە بڵێم: ئێران كێشەی زۆری روبەڕوبۆتەوەو دەیەوێت دانوستان بكات."

ترەمپ وتیشی، دانوستانكارانی ئێرانی پێشنیاری ئەوەیان كردوە بۆ دانوستان "بێنە كۆشكی سپی" بەڵام ئەوە قورسە.

هێمای بۆ ئەوەش كرد كە دڵنیا نییە لەوەی شەڕی ئیسرائیل و ئێران چەند دەخایەنێت.

ترەمپ دوپاتی كردەوە، "دو وشەی زۆر سادە هەن: خۆرادەستكردن بێ مەرج" بۆ ئێران.

سەرۆكی ئەمریكا ئاماژەی بەوەشدا كە پێی وایە ئێرانییەكان "نیەتی خراپ"یان لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی وڵاتەكەیانەوە هەیە.

لەگەڵ ئەوەش هێمای بۆ ئەوە كرد كە سەرسامە بە ئێرانییەكان و لە ماوەی ژیانیدا چەندینیان بینیوە.

ترەمپ جەختیشی كردەوە كە هەفتەی داهاتو یەكلاكەرەوە دەبێت بۆ پرسی ئێران و رەنگە نەشگاتە هەفتەی داهاتو و كۆتایی ئەم هەفتەیە یەكلاكەرەوە بێت.

زۆرترین بینراو
سەرۆکی نوێی حەماس بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە چوار کوڕی لەدەستداوە
وەزیرێکی حکومەتەکەی سودانی لەبارەی دۆزینەوەی پارە لە ماڵەکەیدا: ئامادەم هاوکاری دەسەڵاتی دادوەری بکەم
ئۆجەلان: ئەگەر کورد لەتورک جیا بکەیتەوە کورد نامێنێت، ئەگەر تورک لەکورد جیا بکەیتەوە تورک نامێنێت
وتەبێژی بەنزینخانەکان: پابەندی بڕیارەکەی حکومەت نابین بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین
داهاتی گومرگیەکانی هەرێم دەچێتەسەر هەژماری هەرێمی کوردستان
موقاوه‌مه‌ی ئیسلامی مه‌رجی نوێ بۆ ده‌ستبه‌رداربوون له‌ چه‌ك ڕاده‌گه‌یه‌نێت: "ته‌نیا به‌ فه‌رمانی ئیمام مه‌هدی چه‌ك دادەنێن"
ئۆزگور ئۆزێل ماڵئاوایی لەجەهەپە دەکات: ئێمە پارتی نوێی خۆمان دادەمەزرێنین
ترەمپ لەگەڵ سەرۆکی لوبنان کۆبووەوە و لەبارەی ئێران هەڵوێستی نوێی راگەیاند
ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان کۆدەبێتەوە و بڕیار لەسەر سێ پرسی گرنگ دەدات 
وتەبێژی حکومەتی عێراق چەند بڕیار و پەیامێکی گرنگی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاگەیاند
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×