ئاژانسی هەواڵی فارس بڵاویکردەوە، بەیانی ئەمڕۆ ئێران لە حەوتەمین رۆژی شەڕی نێوان تاران و دەوڵەتی ئیسرائیلدا، شەپۆلێكی نوێی موشەکی ئاڕاستەی ئیسرائیل كردووە.
ئاوێنە: بەگوێرەی میدیاكانی ئێران: زیاتر لە (30) موشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاڕاستەی ئیسرائیل كراوەو چەند باڵەخانەیەکی بەرکەوتوون، لەوانە بۆرسەی ئەڵماس لە تەلئەبیب و سەربازگەیەكی تەنیشت نەخۆشخانەی "سۆرۆکا" لە ناوچەی "حۆلۆن" لە باشوری پایتەختی ئیسرائیل.
میدیاکانی ئێران ئاماژەیان بەوەشكردووە: دوایین هێرش بارەگایەکی فەرماندەیی سوپاو بارەگایەکی هەواڵگری و ناوەندێکی سوپای ئیسرائیلی لە "بیئر سەبع" کردووەتە ئامانج، لەنێویاندا، دامەزراوەیەک کە ژمارەیەکی زۆر سەرباز و ئەفسەری تێدا نیشتەجێیە.
لای خۆیەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند یەكێك لە موشەكەكان راستەوخۆ بەر نەخۆشخانەیەک لە باشوری ئیسرائیل کەوتووە.
وەزارەتەکە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی: نەخۆشخانەی سۆرۆکا لە "بئیر سەبع" لە باشوری ئیسرائیل راستەوخۆ لێی دراوە.