میدیای رەسمی ئێران دەڵێت، داخستنی گەروی هورمز پیویستی بە بڕیاری كۆتایی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانە.
ئاوێنە: پرێس تیڤی، میدیای رەسمی ئینگلیزی زمانی ئێران، ئەمڕۆ یەكشەممە، بڵاویكردەوە، دەبێت ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بڕیاری كۆتایی لەبارەی داخستنی گەروی هورمزەوە بدات.
ئیسماعیل مەجلیسی، ئەندامی پەرلەمانی ئێران وتویەتی، پەرلەمانی ئێران بەو كۆدەنگییە گەیشتوە كە گەروی هورمز دابخرێت بەڵام بڕیاری كۆتایی لەوبارەیەوە لە ئەستۆی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانە.
ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئەگەری داخستنی گەروی هورمز لەدوای هێرشەكەی ئەمریكا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران، نیگەرانی وڵاتانی جیهانی بەدوای خۆیدا هێناوە بەتایبەت وڵاتانی كەنداو.
لەوبارەیەوە ئاژانسی هەواڵیی رەسمی ئیمارات بڵاویكردۆتەوە كە سەرانی وڵاتانی كەنداو لەبارەی لێكەوتە ئەمنی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكانی هێرشەكەی ئەمریكاوە، گفتوگۆ دەكەن.
هەر ئەمڕۆ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆكی ئەمریكا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی ئێن بی سی نیوز، لەبارەی ئەگەری داخستنی گەروی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، وتی، ئەو هەنگاوە، هەنگاوێكی "خۆكوژیی" دەبێت بۆ ئێران، چونكە تەواوی ئابوریی ئیران بە گەروی هورمزدا تێدەپەڕێت و پێموانییە ئەوە كارێكی لۆژیكی بێت.