وەرگێڕانی: سامان عەلی
زه‌نگی ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی "كابانی" لێی دا:
كارلۆس ڕافائێل ڕۆدریگز پرسیاری كرد و گوتی:
- ئێرنیستۆ، دۆستێكی خه‌ڵكی چیللی هاتووه بۆ لامان، سه‌رۆكی پارتی سۆشیالیسته. ده‌خوازێ به تۆ ئاشنا بێ. كاتت هه‌یه؟
- چی؟ سه‌لفادۆر ئه‌له‌ندی هاتووه‌ته لات؟ كاتێكی زۆرم هه‌یه و، پێویسته له‌سه‌رم سوپاسیشی بكه‌م.
- ده‌یناسیت؟
- مخابن ناسینێكی تایبەت نایناسم. به‌ڵام من زۆر قه‌رزداری ئه‌وم. سڵاوی منی پێ بگه‌یه‌نه.
كاتێك ئه‌له‌ندی هاته ژووره‌وه چێ له‌سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌كه ڕاكشابوو و ئامێرێكی به ده‌سته‌وه بوو له كاتی نۆبه ڕه‌بۆدا بۆ هه‌وا گۆڕین به كاری ده‌هێنا. چێ ئاماژه‌ی دا به میوانه‌كه كه دابنیشێت، هه‌روه‌ها تكای لێ كرد كه‌مێك چاوه‌ڕێ بكا. ئه‌له‌ندی ترسی لێ نیشت‌و خه‌ریكبوو داوای فریاكه‌وتن بكات، به‌ڵام چێ به ئاماژه‌ی ده‌ست داوای لێ كرد دابنیشێت.
له‌پاش كه‌مێك، ته‌قه‌للایه‌كی زۆری كرد و له‌سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌كه بەرز بووەوە.
- به‌خێربێی هاوڕێ ئه‌له‌ندی، وه‌ك ده‌بینی ڕه‌بۆ پله‌ی گه‌رمیم به‌رز ده‌كاته‌وه.
- من خۆشحاڵم به ناسینت. سه‌روه‌ختێك بینیمیت به‌و جۆره گیرۆده‌ی نۆبه‌ی ڕه‌بۆ بوویت، بیرم له‌وه كرده‌وه چۆن توانیت ئه‌و هه‌موو ماوه‌یه له سیێرا مایسترا بجه‌نگیت. له‌وێ تووشی ئه‌و نۆبه‌یه نه‌ده‌بوویت؟
- به‌ڵێ زۆرجار تووشم ده‌هات. به‌ڵام من له‌گه‌ڵی ڕاهاتووم. سوپاست ده‌كه‌م بۆ نامه‌ی ڕاسپارده‌ت بۆ پارێزه‌ره‌كه‌ی گوایاكیل، كه دابووت به ڕیكاردۆ ڕۆخۆ.
- نامه‌ی چی؟ من هیچی له‌و جۆره‌م نایه‌ته‌وه یاد.
- پێش حه‌وت ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ئه‌وه‌م به‌سه‌ردا هات. به یارمه‌تیی به‌ڕێزتان توانیم سه‌فه‌ری گواتیمالا بكه‌م ئه‌گه‌رچی نیازی سه‌فه‌ری ڤه‌نزه‌وێللام هه‌بوو. كێ چوزانێ، گه‌ر ئه‌و یارمه‌تییه‌ی ئێوه نه‌بووایه ڕه‌نگه ئێستا من، وه‌كی ئه‌و كاره‌ی كه زۆربه‌ی ڕۆشنبیرانی بۆرجوازیی كردیان، له ڤه‌نزه‌وێللا له تاقیگه‌یه‌ك له تاقیگه‌كاندا كارم بكردایه.
- پێویست به باسكردنی ئه‌و شته لاوه‌كییانه ناكات. تۆ پێمبڵێ، لێره هه‌ندێك له خه‌ڵك به كۆمۆنیستێكی بزوێنه‌ری شۆڕش ناوت ده‌به‌ن. داخۆ ده‌توانم ئه‌نجامگیری ئه‌وه بكه‌م كه من ده‌ستگیرۆیی بزوێنه‌ری شۆڕشم كرد؟ ئای چ شه‌ره‌فێكی گه‌وره‌یه بۆ من!
ئیدی هه‌ردووكیان ده‌ستیان كرد به پێكه‌نین.
- هاوڕێ گیڤارا، ده‌توانی ده‌رباره‌ی ئاراسته‌ی شۆڕش له كوبا چیم بۆ باس بكه‌یت؟ هه‌موو شۆڕشگێڕان له ئه‌مه‌ریكای لاتین به‌وپه‌ڕی بایه‌خه‌وه چاودێریی په‌ره‌سه‌ندنی ڕووداوه‌كان ده‌كه‌ن. بۆ نموونه هه‌وڵی باڵوێزی ئه‌مه‌ریكا بۆ پشتگیریكردن له ڕژێمی باتیستا ته‌نانه‌ت به‌بێ كه‌سی باتیستاش دووچاری شكست بوو، هاوكات ژه‌نه‌راڵ كانتیلۆش سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو. ئه‌دی ئێستا چ باسه؟ فیدڵ كاسترۆ، "میرۆ كاردۆنۆ"ی به سه‌رۆكوه‌زیران ده‌ستنیشان كردووه و، ناوبراو پارێزه‌رێكی كۆنه‌په‌رسته بەرگری له بكوژانی "خیسۆس فیندیسا"ی سه‌ركرده‌ی سه‌ندیكایی كرد. ئه‌و به خواسته ئه‌مه‌ریكییه‌كانی ناوی ده‌ركردووه. هه‌روه‌ها زۆرێك له وه‌زیره‌كانی سیاسه‌تمه‌داری قاڵ بوون هیچ ڕۆژێك له ڕۆژان ده‌ستپێشخه‌رییان نه‌كردووه بۆ خه‌بات دژ به باتیستا. ته‌نها كه‌مایه‌تییه‌كی كه‌م له جه‌نگاوه‌رانی "جوڵانه‌وه‌ی 26ی ته‌مموز" به‌شدارییان له حكومه‌تدا كرد. ئایا ڕێی تێ ده‌چێت ئه‌و هه‌موو خه‌بات‌و تێكۆشانه ته‌نها له‌پێناو ده‌ركردنی باتیستا بووبێت له وڵات؟ ئه‌دی پاش ئه‌وه؟
- هه‌رچی سه‌باره‌ت به داهاتووه، دواتر پێكه‌وه ده‌بینین چی چاوه‌ڕوانمان ده‌كات! به‌ڵام مۆڵه‌تم پێ بده ڕاستیی بابه‌ته‌كه ڕۆشن بكه‌مه‌وه. باتیستا هه‌ڵهات، به‌ڵام ڕژێمه‌كه‌ی به ته‌واوی له‌نێو نه‌چوو، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه. سه‌باره‌ت به دانیشتوانیش ئه‌و له‌نێو خه‌ڵكدا بنج‌و بناوانی نه‌ما، ئه‌مه‌ش به‌ر له دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر به ڕۆشنی ده‌ركه‌وت كاتێك كه باتیستا ویستی له ڕێگای ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی گشتییه‌وه، كه ئامانج لێی بۆ ئه‌وه بوو مۆركێكی دیموكراتی به ڕژێمه‌كه‌ی بدات، ڕژێمه‌كه‌ی جێگیر بكات. به‌ڵام داخۆ ئاكامه‌كه‌ی چۆن بوو، ده‌زانی چۆن بوو؟ له كۆی ده‌نگده‌ران 20% زیاتر به‌شداری نه‌كرد، زۆربه‌ی زۆریشیان به ده‌ر له خواستی خۆیان ناچار كران به‌شداری له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا بكه‌ن.
ده‌توانین له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌ڕه‌ته داوه‌ریی بكه‌ین، میلله‌تیش به هێز و پێداگرییه‌وه پشتیوانی له خه‌باته‌كه‌مان ده‌كات. به‌ڵام ئه‌مه مانای ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت كه سه‌ركه‌وتنه‌كه‌مان سه‌ركه‌وتنێكی یه‌كجاره‌كییه. چونكه ئێمه ده‌زانین باڵوێزی ئه‌مه‌ریكا داوای له باتیستا كردووه وڵات بەجێ بهێڵێت تا بتوانێ حكومه‌تێك پێك بهێنێت له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی یانكی‌و ده‌ره‌به‌گی ناوخۆییدا بگونجێت‌و، هه‌روه‌ها له لایه‌ن دانیشتوانیشه‌وه پشتگیری لێ بكرێت. به‌ڵام ئێمه ده‌ڵێین به‌خت یاوه‌ری ئێمه بوو. چونكه باتیستا قیرسچمه بوو و قایل نه‌بوو ده‌ست له پۆسته‌كه‌ی هه‌ڵبگرێت.
له‌م كاته‌دا ئه‌له‌ندی قسه‌كانی پێ بڕی‌و گوتی:
- هه‌موو ئه‌و قسانه‌ی كه تۆ ده‌یانكه‌ی باش و په‌سه‌ندن، به‌ڵام ئه‌وانه نابنه ڕوونكردنه‌وه بۆ ئه‌و ڕێ‌و شوێنانه‌ی كه فیدڵ كاسترۆ گرتنییه به‌ر.
- ته‌واو به‌پێچه‌وانه‌وه، ئه‌دی نابینی كوده‌تای كۆنه‌په‌رستانه به دوور نازانرێت؟ لێره له‌نێو ئه‌م سه‌ربازگه‌یه‌دا ته‌نها جه‌نگاوه‌ری سه‌ر به سوپای شۆڕشگێڕیی به‌دی ده‌كه‌یت. به‌ڵام به ته‌نها له‌وێ له سه‌ربازگه‌ی كۆڵۆمبیا زیاتر له بیست هه‌زار سه‌رباز له سه‌ربازانی باتیستا هه‌ن، پێشان پشتی ته‌واویان پێ ده‌به‌سترا. ڕاسته ئه‌و سه‌ربازانه خۆیان ڕاده‌ستی شۆڕشگێڕان، به‌تالیۆنه‌كه‌ی كامیلیۆ، كردووه. به‌ڵام داخۆ ژماره‌ی شۆڕشگێڕان له‌نێو ئه‌و سه‌ربازگه‌یه‌دا چه‌نده؟ ژماره‌یان له پێنج سه‌د شۆڕشگێڕ تێپه‌ڕ ناكات. هه‌روه‌ها ڕاسته هه‌موو سه‌ربازێك له سه‌ربازانی باتیستا سڵاوی سه‌ربازی له هه‌ر شۆڕشگێڕێك له‌و شۆڕشگێڕانه ده‌كه‌ن كه تووشیان ده‌بن. به‌ڵام تۆ پێمبڵێ، كامه‌یه هاوسه‌نگیی هێزه‌كان؟ له‌نێو پێگه و بنكه سه‌ربازییه‌كاندا سوپاكه‌ی باتیستا هێشتا قه‌واره و چه‌كی خۆی پاراستووه، هێزه‌كانی پۆلیسیش هه‌ر به هه‌مان شێوه. پێویسته ئێمه به وریایی كار بكه‌ین. به‌هه‌رحاڵ تا ئێستا هیچ هه‌وڵێكی كوده‌تا ڕووی نه‌داوه، به‌ڵام باس باسی ئه‌وه‌یه، جارێكی دیكه‌ش ده‌یڵێمه‌وه، باس باسی ناسنامەی ئه‌و كه‌س‌و لایه‌نه‌یه كه ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به ده‌سته‌وه‌یه!
- كه‌واته تۆ بڕوات وایه دانانی كاردۆنۆ به سه‌رۆك وه‌زیران، مانۆڕی فیدڵ كاسترۆیه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له هه‌موو هه‌وڵێكی كوده‌تا دووره‌په‌رێز بگرێت؟
- من وام نه‌گوت. به‌ڵام مۆڵه‌تم پێبده جارێكی دیكه ئه‌وه ڕۆشن بكه‌مه‌وه له ئێستادا ئه‌ركه ڕاسته‌وخۆكانی ئێمه چین؟
یه‌كه‌م: دادگایكردنی هه‌موو تێكده‌رانی سه‌ر به ده‌زگا هه‌واڵگرییه نهێنییه‌كانی باتیستا. چونكه ئه‌وانه تاوانكاری ڕاسته‌قینه‌ن، خه‌ڵكانێكی زۆریان ئه‌شكه‌نجه‌دا و كوشت. له ماوه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی باتیستای دیكتاتۆردا كه له حه‌وت ساڵ تێپه‌ڕ ناكات، پتر له بیست هه‌زار كه‌س له دانیشتوان كوژران. هه‌ر بۆیه پێویسته ئه‌و تاوانكارانه سزای خۆیان وه‌ربگرن‌و ئه‌مه داخوازیی ئه‌و دانیشتوانه‌یه كه تا ئێستاش تێنه‌گه‌یشتوون بۆچی تاوانكاران سزا نه‌دران. ئه‌دی له‌دوای ئه‌وه؟ پێویسته سوپا و پۆلیسی باتیستا هه‌ڵبوه‌شێنینه‌وه. هه‌تا ئه‌و سوپایه بمێنێ ده‌سه‌ڵات له‌نێو ده‌ستی ئێمه‌دا نابێت!
- به‌ڵام كه سوپا ڕاده‌ست بووبێت ئیدی چ پێویست به‌وه ده‌كات، ئایا ئه‌و سوپایه خزمه‌تی حكومه‌ته شۆڕشگێڕه‌كه ناكات؟ ڕاسته ئێوه خاوه‌نی ئه‌و سوپا شۆڕشگێڕییه‌ن كه له‌نێو منداڵدانی شه‌ڕه‌كاندا له دایك بووه، به‌ڵام پێمبڵێ ژماره‌ی جه‌نگاوه‌رانی ئه‌و سوپایه چه‌نده؟ ئه‌وه‌ی كه ئێوه هه‌تانه ژماره‌یان له سێ هه‌زار جه‌نگاوه‌ر تێپه‌ڕ ناكات. كه‌واته پێویسته له‌سه‌رتان له‌گه‌ڵ سوپای كۆندا یه‌كانگیر بن. پاش ئه‌وه بۆچی هێزه‌كانی پۆلیس هه‌ڵده‌وه‌شێننه‌وه؟ هه‌ڵبه‌ت پێویسته تاوانكاره‌كانیان سزا بدرێن، به‌ڵام پێمبڵێ پۆلیسی ئاسایی چ مه‌ترسییه‌كی هه‌یه؟
- سوپا و پۆلیس و هه‌واڵگریی نهێنی، بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی ڕژێمه‌كه‌ی باتیستایان پێك هێناوه. ئێمه له ڕیزه‌كانی سوپا و پۆلیسدا هاوڕێیه‌كی زۆرمان هه‌ن - گیڤارا به نائاسوده‌ییه‌ك ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد - به‌ڵام، به شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌و كه‌سه‌ی كه له‌وێ خزمه‌ت ده‌كات شۆڕشگێڕ نییه، هه‌روه‌ها زۆربه‌شیان خۆیان بۆ خزمه‌تكردنی دیكتاتۆرییه‌ت ته‌رخان كردووه و ئه‌وانه له ئێستادا تێكشكاو و هه‌ڵوه‌شاوه‌ن، به‌ڵام ده‌توانرێ دژ به ئێمه به كار بهێنرێن.
هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كی كه‌می كرد، پاشان له قسه‌كانی به‌رده‌وام بوو و گوتی:
- هاوڕێ ئه‌له‌ندی، پێموایه تۆ له‌وه‌ی كه ڕوو ده‌دات به‌گومانیت.
- ڕاستت ده‌وێ، به‌ڵێ. لای ئێمه له چیللی به شێوه‌یه‌كی ته‌واو جیاواز ته‌ماشای ئه‌م پرسه ده‌كه‌ن. بۆ نموونه له‌نێو ڕیزه‌كانی سوپا و پۆلیسدا دۆخێكی نیشتمانی زاڵه و بیركردنه‌وه‌ی سه‌ره‌كی لای ئه‌وان ته‌نها له ده‌وری پیشه ده‌خولێته‌وه. هه‌روه‌ها لای ئێمه نه‌ریتێكی دێرین هه‌یه ئه‌ویش ده‌ستوه‌رنه‌دانی هێزه چه‌كداره‌كانه له ژیانی سیاسی.
له‌م كاته‌دا سه‌لفادۆر ئه‌له‌ندی له لایه‌ن چێ وه به‌رهه‌ڵستییه‌كی توند كرا، چێ له وه‌ڵامدا پێی‌گوت:
- لای ئێوه شاراوه نییه كه من ماوه‌یه‌ك له گواتیمالا بووم و له نزیكه‌وه ئاگاداری بارودۆخی ئه‌و وڵاته بووم‌و گوزه‌رانم كرد. ئه‌و شته‌ی كه به سوپای به سیاسی نه‌كراو ناو ده‌برێ، دژ به‌و حكومه‌ته یاخی بوو كه به ڕێگایه‌كی شه‌رعی گه‌یشتبووه ده‌سه‌ڵات‌و، كۆمه‌ڵێك چاكسازیی پشتئه‌ستوور به ده‌ستوری جێبه‌جێ كرد. "جاكۆبۆ ئاربینز" كه له ڕیزه‌كانی سوپای ئه‌و وڵاته‌دا سه‌رهه‌نگ بوو، له‌سه‌ر ئه‌گه‌ری پشتیوانیكردنی سوپا له‌و چاكسازییانه مه‌رجی كرد. ئاربینز میلله‌ت هه‌ڵیبژاردبوو. ئه‌و هیواخوازی بینینی ئه‌و چاكسازییانه بوو كه به به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و مۆنۆپۆله گه‌ورانه كه ده‌ستیان به‌سه‌ر وڵات‌دا گرتبوو ناته‌با بوون. ئیدی سه‌روه‌ختێك كه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان هه‌ستی به‌و مه‌ترسییه كرد كه هه‌ڕه‌شه‌ی له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ده‌كرد، حكومه‌ته ده‌ستورییه‌كه سه‌رنگوم بوو و سوپا به سیاسی نه‌كراوه‌كه‌ش ده‌ستی كرد به ئه‌شكه‌نجه‌دان‌و كوشتنی خه‌ڵك. نا، من بڕوام نییه سوپایه‌ك هه‌بێت ده‌ست له ژیانی سیاسی وه‌رنه‌دات، یاخود لانیكه‌م كاتێك كه هه‌وڵی ڕاستەقینە له ئارادا ده‌بێت بۆ ئه‌نجامدانی گۆڕان‌و وه‌رچه‌رخانی كۆمه‌ڵایه‌تی قووڵ. چونكه پێكهاته و قه‌واره چه‌كداره‌كان، ئیدی چ سوپا بن یان پۆلیس، پێویسته خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی‌و ئامانجه سیاسییه‌كانی حكومه‌ت بكه‌ن. لێره‌دا من ده‌توانم گوته‌ی یه‌كێك له‌و نووسه‌رانه به نموونه بهێنمه‌وه كه من شه‌یدایانم، ئه‌و نووسه‌ره‌ش "لینین"ـە، لینین ده‌ڵێ: "هه‌موو شۆڕشێك ته‌نها ئه‌و ده‌مه به‌هایه‌كی ده‌بێت، كه توانای بەرگری له‌خۆكردنی هه‌بێ".
به‌ڵێ، پێویسته له‌سه‌ر هێزه چه‌كداره‌كان بەرگری له شۆڕش بكات. ئەگه‌ر ئێمه بڕواشمان وا بێت سوپا بێلایه‌ن ده‌بێت تا ئه‌و كاته‌ی كه ئێمه چاكسازییه‌كان ده‌ست پێ ده‌كه‌ین، ئه‌وا كۆتاییمان نزیك ده‌بێت.
- ئه‌وه بابه‌تی گفتوگۆ له‌سه‌ركردنه. چونكه چیللی نموونه‌یه‌كی پێداوم له بنه‌ڕه‌ته‌وه نموونه‌یه‌كی جیاوازه، ته‌نانه‌ت من بڕوام وایه سوپا له توانایدا هه‌یه كاری زۆر له‌پێناو پێشكه‌وتنی ئابووریی وڵات‌دا بكات. ئێستا با ئه‌و بابه‌ته بخه‌ینه ئه‌ولاوه. ئه‌ركه ڕاسته‌وخۆكانی ئێوه چین؟
- من هه‌ر به كۆمیندان ده‌مێنمه‌وه. جگه له دادگاییكردنی پیاوكوژانیش، سوپا و پۆلیس هه‌ڵده‌وه‌شێنینه‌وه و سوپایه‌كی شۆڕشگێڕ و هێزێكی پۆلیسی شۆڕشگێڕ در‌وست ده‌كه‌ین. ئه‌م كاره‌ش هه‌رگیز كارێكی ئاسان نییه، چونكه جیاوازییه‌كی زۆر له نێوان ئه‌م دووانه‌دا هه‌یه: له لایه‌ك له ڕیزی شۆڕشگێڕاندا دژ به سوپایه‌كی ڕێكخراو بجه‌نگیت، له لایه‌كی دیكه‌وه سوپایه‌ك پێكبهێنیت ئه‌ركی سه‌رشانی بریتی بێت له بەرگریكردن له دوورگه‌كه. هه‌روه‌ها پێویسته له‌سه‌رمان ئاكاری دوژمنكارانه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان به هه‌ند وه‌ربگرین. هه‌ر بۆیه پێویسته میلله‌ت پڕچه‌ك بكرێ تا بتوانێ به‌ره‌نگاری ده‌ستدرێژكاران بێته‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه پێویسته له‌سه‌رمان میلیشیای میللی پێكبهێنین.
هه‌روه‌ها په‌روه‌رده‌ی سیاسی یه‌كێكی تر ده‌بێت له ئه‌ركه‌كانی من. پێویسته له‌سه‌رم هه‌رچییه‌ك كه له توانامدا هه‌یه بیكه‌م بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ به دڵ و به‌گیان پشتیوانی له شۆڕش بكات. هاوكات من لێره له‌گه‌ڵ ڕائول كاسترۆی وه‌زیری نوێی به‌رگریدا ته‌واو كۆكم، كه ده‌ڵێ: "ئەگه‌ر بمانه‌وێ به هۆی ئه‌م شۆڕشه‌وه ئامانجێك به‌دی بهێنین، پێویسته له‌سه‌رمان فێری بەرگری لێ كردنی بین".
- به قسه‌كانتدا وا ده‌رده‌كه‌وێ پلانڕێژییه‌كی ته‌واو بۆ شۆڕشی سۆشیالیستی به واتا كلاسیكییه‌كه‌ی له ئارادا هه‌یه! ئایا كوبا به‌و ئاراسته‌یه‌دا هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرێ؟
- له ئێستادا كه‌س له توانایدا نییه وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌تان بداته‌وه. به‌ڵام ئه‌و شته‌ی من ده‌توانم له‌باره‌یه‌وه دڵنیایی به خه‌ڵك بده‌م ئه‌وه‌یه كه ئه‌م شۆڕشه كوده‌تایه‌ك نییه ڕووداوه‌كانی له‌نێو كۆشكدا بگوزه‌رێن. نا، چونكه فیدڵ كاسترۆ پشتگیری له گۆڕانكارییه قووڵه‌كان ده‌كات‌و، هه‌ڵبه‌ت ئه‌و سه‌ركرده‌ی ئه‌م شۆڕشه‌شه. هه‌موو ئه‌و كێشانه‌ی له هه‌مبه‌ر هه‌ژاریی بێ ئه‌نداز و برسێتی‌و له‌شفرۆشی‌و پیشێلكردنه‌كانی ئابووری له لایه‌ن مۆنۆپۆله بیانییه‌كانه‌وه كه میلله‌ت به ده‌ستیانه‌وه ده‌ناڵێنێت، هه‌موو ئه‌م دۆزانه پێویسته چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزرێته‌وه. هه‌ر ئه‌مه‌شه ئه‌و شته‌ی كه "جوڵانه‌وه‌ی 26 ته‌مموز" یا ڕاستتر بڵێین زۆرینه‌ی جوڵانه‌وه‌كه ده‌یهه‌وێت. هه‌رچی سه‌باره‌ت به‌وه‌شه كه ئایا شۆڕشێكی سۆشیالیستی به‌رپا ده‌بێ یان نا؟ زۆرێك له جه‌نگاوه‌ران ئاره‌زووی ئه‌وه ناكه‌ن. به‌ڵام به بڕوای من، ئەگه‌ر ئه‌و جه‌نگاوه‌رانه بیانه‌وێ خه‌ونه‌كانیان له ژیانی دونیادا به‌دی بهێنن، چ چارێكی تر نییه ته‌نها به‌رپاكردنی ئه‌و شۆڕشه نه‌بێت. پێویسته له‌سه‌رمان چاودێریی ئاراسته‌ی په‌ره‌سه‌ندنی گۆڕانه‌كان بكه‌ین.
- كه‌واته فیدڵ و سه‌رانی دیكه‌ی "جوڵانه‌وه‌ی 26 ته‌مموز" سۆشیالیست یاخود كۆمۆنیست نین، وایه؟
له‌م كاته‌دا چێ به جۆرێكی ناڕۆشن هه‌ردوو ده‌ستی جوڵاند و، ئه‌وجا گوتی:
- ئه‌وان خاوه‌نی باوه‌ڕێكن مۆله‌ق نابێ. هاوكات شتانێکی زۆر هه‌ن له‌م وڵاته‌دا كه پێویسته بگۆڕدرێن. داخۆ هه‌ر ئه‌مه‌ش نییه بنچینه‌ی پرسه‌كه؟ گه‌ر ڕاستگۆیانه له‌سه‌ر ئه‌م ئاراسته‌یه به‌رده‌وام بین، شۆڕشێكی ڕاسته‌قینه له كوبادا ده‌بینین.
سەرچاوە: خەونەکانم بێ‌سنوورن