نامەی جەلالی سام ئاغا بۆ مایكڵ رۆبن لەبارەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق
  2025-09-08       4339       

دوای ئەوەی مایكڵ رۆبن، نوسەرو رۆژنامەنوسی ئەمریكی رایگەیاند، پۆستی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق پێویستە بدرێتە كوردێك نەك پارتێكی سیاسی و چەند كەسایەتییەكی كوردیشی بە شایستەی ئەو پۆستە زانی لەنێویاندا جەلالی سام ئاغا، كەسایەتی كوردو سەرۆكی پێشوی دیوانی چاودێری دارایی هەرێم. بەڵام جەلالی سام ئاغا لە نامەیەكدا وێڕای سوپاسكردنی مایكڵ رۆبن، دەڵێت، لەو بڕوایەدانیم ئەگەر بەرپرسێتی ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرم، بتوانم ویژدانی خۆمی تێدا ئاسودە بکەم.

ئاوێنە: جەلالی عومەری ساماغا لە نامەكەیدا بۆ مایكڵ رۆبن دەڵێت،"وێڕای سوپاس و پێزانینی خۆم کە لە وتارەکەتاندا ئێمەتان لە تەک چەند کەسایەتێەکی بەڕێزی کورد بە شایستەی پۆستی سەرۆکی کۆماری عێراق داناوە بۆیە لەم میانەیەدا پێم باشە پێتانی ڕابگەیەنم کە لەساڵانی ڕابوردوشدا پێشنیاری پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانم لە گەڵداکراو منیش بەسوپاسەوە ئەو دەسپێشخەریەشم ڕەتکردەوە لەبەرئەوەی لەو بڕوایەدا نەبوم کە پوستێکی لەو جۆرە بتوانێت ڕووبەڕووی پەتای گەندەڵی و نادادپەروەری و پێشێلکاری بنەماکانی مافی مرۆڤ ببێتەوە."

ئاماژە بەوەشدەدات "لە ئیستاشدا کە هەمان پەتا بەڵام بەشێوەیەکی گەلێک سەختتر سەرجەم جومگەکانی دەوڵەتی عێراقی داڕمانوە لەو بڕوایەدانیم ئەگەر بەرپرسێتی ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرم بەتایبەتیش کە بەپێی دەستوری عێراق پۆستی سەرۆککۆماری عێراق تەنها پۆستێکی ڕەمزییەو هیچ دەسەڵاتێکی کاریگەری لە دەستدا نییە، بتوانم ویژدانی خۆمی تێدا ئاسوودە بکەم، هەروەها لەم تەمەنەشدا  ئامادەنیم عەیبەیەک بەسەر خانەوادەکەم و خۆمدا بهێنم."

دەقی نامەكە:

بەڕێز مایکڵ روبن

پەیمانگای ئینتەرپرایزی ئەمەریکی

شاری واشنتن

ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا

بابەت: سوپاس وپێزانین

وتە بەنرخەکەتان لەسەر مەکۆی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە ناونیشانی "سەرۆکایەتی کۆماری عێراق پێویستە بدرێتە کوردێک نەک پارتێکی سیاسی" شایستەی دەسخۆشی و بەرزنرخاندنە و کاتێکیش لە درێژەی وتارەکەتاندا ئەڵێن "کورد ئەگەر بیەوێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ڕێزی لێبگیرێت ئەبێ کەسێکی ڕێزدار بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێرێت کە کورد خۆیان لەسەردەمێکدا داینەمۆی دێمۆکراسی بون لە عێراقدا" کە دیارە ئەمەشیان نیشانەی دڵسۆزی و بە ئەمەکیتانە بۆ گەلی کورد کە ئێوە بە دۆستێکی خەمخۆری خۆی ئەزانێت.

وێڕای سوپاس و پێزانینی خۆم کە لە وتارەکەتاندا ئێمەتان لە تەک چەند کەسایەتێەکی بەڕێزی کورد بە شایستەی پۆستی سەرۆکی کۆماری عێراق داناوە بۆیە لەم میانەیەدا پێم باشە پێتانی ڕابگەیەنم کە لەساڵانی ڕابوردوشدا پێشنیاری پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانم لە گەڵداکراو منیش بەسوپاسەوە ئەو دەسپێشخەریەشم ڕەتکردەوە لەبەرئەوەی لەو بڕوایەدا نەبوم کە پوستێکی لەو جۆرە بتوانێت ڕووبەڕووی پەتای گەندەڵی و نادادپەروەری و پێشێلکاری بنەماکانی مافی مرۆڤ ببێتەوە، بەتایبەتیش کە من لەوەوبەر وەک سەرۆکی پێشوی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان ساڵانێکی زۆری تەمەنی خۆمم سەرفکرد لە ئامادەکردنی سەتان ڕاپۆرتی دژە گەندەڵی و ئاراستەکردنیان بۆ هەمو دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێم کە بەداخەوە هیچکامیان بە ئەمجام نەگەیشت.

لە ئیستاشدا کە هەمان پەتا بەڵام بەشێوەیەکی گەلێک سەختتر سەرجەم جومگەکانی دەوڵەتی عێراقی داڕمانوە لەو بڕوایەدانیم ئەگەر بەرپرسێتی ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرم بەتایبەتیش کە بەپێی دەستوری عێراق پۆستی سەرۆککۆماری عێراق تەنها پۆستێکی ڕەمزییەو هیچ دەسەڵاتێکی کاریگەری لە دەستدا نییە، بتوانم ویژدانی خۆمی تێدا ئاسوودە بکەم، هەروەها لەم تەمەنەشدا  ئامادەنیم عەیبەیەک بەسەر خانەوادەکەم و خۆمدا بهێنم.

لە کاتێکدا هیوای سەرکەوتن بۆ هەر کاندیدێکی کورد بۆ ئەو پۆستە ئەخوازم هیوادارم کە ئەو بەڕێزە پارێزەری سەنگی سیاسی گەلی کورد بێت لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکەو جیهاندا.

لەگەڵ ڕێزدا.

جەلالی عومەری ساماغا

7/9/2025

 

زۆرترین بینراو
ئەردۆغان یاسای چارەسەری پرسی کوردی واژۆ کرد و بە فەرمی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە
هەڕەشەی لادانی فالح فەیاز لە پۆستی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی دەکرێت
کێشانی هێڵێک دژی ئەردۆغان، پەیامی نەتانیاهۆ لەپشت هێرشە نهێنییەکەی سوریاوە
قالیباف سەردانی عێراق دەکات: دۆسیەی ئەمنی، نەوتی گەروی هورمز و چارەنووسی چەکی دەرەوەی دەوڵەت لەسەر مێزی دانوستانە
​"تۆ بێڕێز و ساختەیت".. ترەمپ لە کۆشکی سپی و لە بەردەم منداڵێکدا لە پەیامنێرێکی CNN تووڕە دەبێت
جێگری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە: ئێران لەبیانوو دەگەڕێت 
عەلی زەیدی: دەستبردن بۆ ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستبردنە بۆ ئاسایشی عێراق
کەتیبەکانی حزبوڵا مەرجەکانی بۆ دەستبەرداربوون لە چەک دیاری دەکات و هۆشداری دەداتە سەرۆک وەزیرانی عێراق
ئاژانسی وزەی ئەتۆم دۆزینەوەی هەزاران کیلۆگرام ماددەی ئەتۆمی لە سووریا ڕاگەیاند
عامری داوای دوورکەوتنەوە لە وتاری گرژ دەکات و دەڵێت: شەرعییەتی چەک بەندە بە بەرژەوەندیی نیشتمانییەوە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×