مه‌ریوان سه‌لاح حیلمی
1ـ كاتێك شۆڕش ئیسماعیل و هاوڕێكانی له‌ساڵی 1980 له‌سوریاو لوبنان ده‌بن بۆ مه‌شقی سه‌ربازی، دوای ئه‌وه‌ی مه‌شقه‌كه‌یان ته‌واوده‌بێت و چاوه‌ڕێی گه‌ڕانه‌وه ده‌كه‌ن بۆ تاران، ناوبه‌ناو له‌ناو بازاڕه‌كانی دیمه‌شقدا پیاسه‌ده‌كه‌ن، هه‌ندێ ڕۆژ هێزه‌كانی (ڕه‌فعه‌ت ئه‌سه‌د)ی برای حافز ئه‌سه‌د له‌ناودیمه‌شقدا خۆده‌رخستن ده‌كه‌ن و خه‌ڵك به‌ر شه‌ق ده‌ده‌ن، یه‌كێك له‌وانه كه به‌ر ئه‌و توندوتیژییه ده‌كه‌وێت، له‌هاوڕێكانی شۆڕش ئیسماعیله، به‌ڵام شۆڕش ئیسماعیل ناوی نابات، له‌كاتێكدا دوژمن ئه‌گه‌ر به‌رشه‌قت بدات ئه‌وپه‌ڕی شانازییه، ئه‌مه نمونه‌یه‌كی بچوكه بۆ ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنین كه ئه‌م بیره‌وه‌رییانه به‌وپه‌ڕی ترس و خۆپارێزییه‌وه نوسراون، ده‌بوو هیچ نه‌بوایه بینوسیایه فڵان هاوڕێمان به‌ر ئه‌و توندوتیژییه كه‌وت(بڕوانه لاپه‌ڕه 613)
2ـ له‌بیره‌وه‌ر‌ییه‌كاندا ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه كاك شۆڕش و پێشمه‌رگه به‌گشتی به پێ هاتوچۆیان كردووه، به‌ڵام له‌پڕ و له‌لاپه‌ڕه 443 ده‌ڵێ (كاك حامیدی حاجی غالی سه‌یاره‌كی شڕی پێ‌بوو، داوای له‌من كرد سه‌یاره‌كی بده‌مێ، منیش سه‌یاره‌یه‌كی تۆیۆتای زۆر باشم پێ‌بوو) به‌كورتی سه‌یاره‌كه‌ی داوه به‌كاك حامید. له‌لاپه‌ڕه 570 ده‌ڵێ (سه‌یاره‌ی خۆمم پێ بوو)، به‌هیچ جۆرێك باسی ئه‌وه ناكات ئه‌و سه‌یاره‌یه‌ی چۆن ده‌ستكه‌وت، له‌لاپه‌ڕه‌كانی تردا ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه سه‌یاره‌ی زۆریان له‌دوژمن گرتووه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر جۆر‌و ڕه‌نگی سه‌یاره‌كه‌ی بۆ ئاشكرابكردینایه ئه‌مانزانی ئه‌و سه‌یاره‌یه هی مه‌ده‌نی بووه یان سه‌ربازی، به‌ڵام چونكه سه‌یاره‌ی مه‌ده‌نییش له‌شۆڕشه‌كه‌دا زۆر گیراوه، خۆی پاراستووه له‌مه‌و دوای ڕاپه‌ڕینیش نه‌مانبیستووه كه یه‌كێتی نیشتمانی ئه‌وسه‌یارانه بداته‌وه ده‌ست خاوه‌نه‌كانی، یان پاره‌ی تێچووه‌كه‌یان بداته‌وه، ئه‌مه‌ش خۆپارێزییه‌كی تر، دیاره به‌م یه‌ك دوو نمونه‌یه‌دا باشی و ناباشی و پاكی و ناپاكی خه‌باته‌كه ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌واته ئه‌مه به‌ڵگه‌یه‌كی باشه له ئێستادا بڵێین كه حیزبه‌كه‌ی كاك شۆڕش و هاوبه‌شه‌كانی هه‌رگیز ئاماده‌نین مافی خوراوی خه‌ڵك بده‌نه‌وه له نمونه‌ی مه‌عاش بڕین و پاشه‌كه‌وتی دوای 2014 وه تاوه‌كو ئێستا.
3ـ زۆربه‌ی ڕووداو و بابه‌ته‌كان ساڵی تێدانییه، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش ئه‌م كتێبه ئه‌گه‌ر بیكه‌یت به‌چوار به‌شه‌وه، سی به‌ش و نیوی تایبه‌ته به‌سه‌ره‌تای دروستبوونی شۆڕش له‌دوای ساڵی 1976 تاوه‌كو ساڵی 1979 – 1980، له‌كاتیكدا روداوه‌كان زیاتر له‌دوای ساڵی 1980وه گه‌رم ده‌بن، پاشان له‌سه‌ر به‌رگی كتێبه‌كه نوسراوه به‌سه‌رهاته‌كان و ته‌مه‌نی خه‌بات و پێشمه‌رگایه‌تیم تاوه‌كو ساڵی 1985، له‌كاتێكدا تاوه‌كو ساڵی 1984ی گفتوگۆی به‌عس و یه‌كێتی نوسراوه، ئه‌ویش زۆر به‌كورتی، هه‌ڵه‌ی كاك شۆڕش ئه‌وه بووه كه ئه‌م بیره‌وه‌رییانه‌ی له‌كاتی بوونی به وه‌زیری پێشمه‌رگه ئاماده‌كردووه، چونكه پله‌وپۆست ناهێڵێت مرۆڤ به ئاسووده‌یی بیربكاته‌وه و خۆپارێزی و سڵ كردنه‌وه‌ت زیاتر ده‌بێت، هه‌رچه‌نده واده‌رده‌كه‌وێت پێش بوون به‌وه‌زیری ناوبراو به‌شێكی به‌رچاوی نوسیوه‌ته‌وه، وه هه‌ندێ لاپه‌ڕه‌ش له‌م كتێبه‌دا بیره‌وه‌ری نییه به‌ڵكو زیاتر وه‌كو وتار‌و بیروڕا خۆیان ده‌نوێنن.
4ـ خاڵێكی تری خۆپارێزی له‌لاپه‌ڕه 564 ده‌ڵێ (كاك به‌كر {مه‌به‌ستی به‌كری حاجی سه‌فه‌ره}، به‌مام جه‌لالی گوت: پێرێ فلان كه‌س له‌ناو یه‌كێتییه‌وه چووه‌ته ناو حسكه‌وه) باشه ئه‌مه شاردنه‌وه‌ی بۆ چییه؟ سه‌نگه‌ر گواستنه‌وه له ساڵی 1964وه تاوه‌كو ئێستا به‌رده‌وامه، تۆ ئه‌مه بشاریته‌وه؟ ئاخۆ ئه‌بێ چه‌ند ڕووداوی دڵته‌زێن و شتی ترت شاردبێته‌وه؟ به‌كورتی ئه‌مه‌ش نمونه‌یه‌كه له‌خۆپارێزی كاك شۆڕش ئیسماعیل.
5ـ كه‌م تازۆر هه‌ڵه‌ی چاپی تێدایه، به‌ڵام خوێنه‌ر بۆی ڕاست ده‌كرێته‌وه، ته‌نیا یه‌ك هه‌ڵه‌ی زه‌قی تێدایه ئه‌ویش لاپه‌ڕه 632 له‌باتی بنوسێت (جه‌یشی شه‌عبی)، نوسیویه‌تی (حه‌شدی شه‌عبی) له‌كاتێكدا جه‌یشی شه‌عبی له‌سه‌رده‌می به‌عس و سه‌دامدا له‌هه‌شتاكاندا بره‌وی په‌یداكردووه و حه‌شدی شه‌عبیش له‌دوای هاتنی داعش و له ساڵی 2014 به‌دواوه دروستبووه.
6ـ كاك شۆڕش ئیسماعیل زۆر دژی بوون به‌عسی و جاش ده‌وه‌ستێته‌وه‌و زۆر لاپه‌ڕه‌ی بۆ ئه‌مه ته‌رخان كردووه، له‌مه‌دا حه‌قی خۆی بووه و ئه‌وه‌ی له‌سه‌رده‌می به‌عسدا ژیابێت ئه‌زانێت كه جاش چه‌ند چه‌په‌ڵ و نه‌فره‌ت لێكراوبوون له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه، به‌ڵام یه‌ك شت باس ناكات ئه‌ویش ئه‌وه‌یه هۆكاری هه‌ڵه‌ی حیزبه كوردییه‌كان له شاخ چۆن پاڵی به‌خه‌ڵكه‌وه ناوه ببنه جاش، له‌مه‌شدا خۆی لاداوه‌و خۆی زۆر پاراستووه، به‌كورتی كاك شۆڕش ئیسماعیل له‌كاتی نوسینی بیره‌وه‌رییه‌كانیدا به‌یه‌ك چاو نوسیویه‌تی و هه‌ردوو چاوی نه‌كردۆته‌وه به ئازادی ڕاستییه‌كان بخاته ڕوو.
7ـ له لاپه‌ڕه 636 كاك شۆڕش و هاوڕێكانی بۆ چالاكییه‌ك دێنه سلێمانی و ده‌چنه گه‌ڕه‌كی حاجی حان و به‌عسییه‌ك ده‌ستگیر ده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵ خۆیاندا ده‌یبه‌ن، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كه‌یمان پێ ناڵێ دواتر له شاخ چی‌یان له‌و به‌عسییه كردووه؟ ئه‌مه‌ش خۆپارێزییه‌كی تر.
8ـ له‌لاپه‌ڕه 638 باسی كۆنفراسی یه‌كه‌می كۆمه‌ڵه ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ساغ نه‌كردۆته‌وه سه‌ر به‌كام كوتله‌بووه، ده‌سته‌ی زیندان؟ یان هه‌رێمه‌كان؟ دیاره ئه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌ی خوێندبێته‌وه ده‌زانێت سه‌ر به گروپی هه‌رێمه‌كان بووه، به‌ڵام خودی خۆی بۆ ڕوونی باسی ناكات؟ ئه‌مه‌ش خۆپارێزییه‌كی تر.
9ـ له‌لاپه‌ڕه 664 به‌گشتی باسی هه‌ڵه‌ی یه‌كێتی ده‌كات به‌ڵام به نمونه ئه‌و هه‌ڵانه باس ناكات، خاڵ ناخاته سه‌ر پیت.
10ـ كاك شۆڕش زۆر باسی ئازایه‌تی فه‌رمانده پێشمه‌رگه‌كان ده‌كات، له‌مه‌دا كێشه‌مان نییه‌و ئه‌ڵێین هه‌مووی ڕاسته، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كه‌ی چی بوو؟ ئازادی و نان بوو بۆ خه‌ڵك؟ دادپه‌روه‌ری بوو؟ نه‌ڕۆیشتن بوو به‌ڕێڕه‌وی به بنه‌ماڵه‌كردنی حیزب؟ ئایا ئێوه و هاوڕێكانتان بۆ گه‌ل و میلله‌تی كورد خه‌باتتان كرد؟ یان ته‌نیا بۆ حیزبایه‌تی ته‌سك و به‌روبوومه‌كه‌ی بۆ ژیانی تایبه‌تی خۆتان و مناڵتان؟ ئایا ئه‌و ڕێزه‌ی كه خه‌ڵك لێی گرتوون كاتێك له حه‌فتاكان و هه‌شتاكاندا پێشمه‌رگه بوون و زۆرترین لاپه‌ڕه‌كانی كتێبه‌كه‌ت بۆته‌رخان كردووه، ئێستا ئه‌و ڕێزه ماوه؟ ئایا ڕووتان دێت بچنه‌ناو خه‌ڵكه‌وه؟ ئایا هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی وه‌ك خۆی ماوه؟ ئێوه له‌دوای ڕاپه‌ڕین و قۆناغ به‌قۆناغ خه‌ڵكتان لێ ته‌كییه‌وه‌و هه‌ستی نه‌ته‌وه‌ییتان نه‌ك هه‌ر كوشت، به‌ڵكو له‌به‌ر حوكمی فاشیلی یه‌كێتی و پارتی، خه‌ڵك ئاوات به‌و رۆژانه ده‌خوازن كه داگیرگه‌ری به‌عس حوكمی كردوون، ئه‌و كاتانه‌ی كه كاك شۆڕش و هاوڕێكانی خه‌باتیان بۆ ڕۆژی ڕوون كرد، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كه‌ی شه‌وه زه‌نگ ده‌رچوو.
11ـ من لام وایه به‌شێك له‌و كه‌م و كوڕییانه‌ی كه له‌دوای ڕاپه‌ڕین ڕوویدا، هه‌ر له تاڵانی و گه‌نده‌ڵی و هتد، تاوه‌كو ئێستا (2025)، به‌شی شێر بۆ ئه‌و فه‌رمانده سه‌ربازی و ئه‌ندامه باڵایانه‌ی حیزب ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه له باتی ڕه‌خنه، له‌باتی چاككردنی ژیانی خه‌ڵك، نه‌ك هه‌ر بێده‌نگییان هه‌ڵبژارد، به‌ڵكو به‌شداریش بوون، به‌ڵكو ژیانی تایبه‌تی خۆیان هه‌ڵبژارد، بۆیه خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تی چه‌ند سه‌خت بووه وه‌كو كاك شۆڕش باسی ده‌كات، به‌ڵام له‌وه قورس‌تر به‌ڕێوه‌بردنی كوردستان له‌دوای ڕاپه‌ڕین و له‌مه‌دا ڕاسب بوون و هه‌ڵه‌ش نیم ئه‌گه‌ر بڵێم خه‌باتی ڕابردووی چه‌ندین ساڵه‌تان به‌ده‌ستی خۆتان، دا به‌ده‌م باوه.
12ـ هه‌ڵه‌یه‌ك كه زۆرێك له‌وانه‌ی بیره‌وه‌ری ده‌نوسنه‌وه واده‌زانن خه‌باتی ئه‌وان حكومه‌تی هه‌رێمی دوای ڕاپه‌ڕینی 1991 دروستكرد، له‌كاتێكدا شۆڕشی كوردی له ساڵی 1988 كۆتایی هاتوو، ئه‌وه‌ی زیندووی كردنه‌وه گرتنی كوێت بوو له‌لایه‌ن سه‌دام و لێدانی به‌عس له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاو هاوپه‌یمانه‌كانی، وه ڕاپه‌ڕینیش له دوای نه‌ورۆزی 1991 شكستی خوارد‌و ئه‌وه‌ی چه‌تری هه‌رێمی كوردستانی دروستكرد، كۆڕه‌وی ملیۆنی خه‌ڵك بوو له نیسانی 1991، نه‌ك خه‌بات و تێكۆشانی حیزبه كوردییه‌كان.
13ـ بۆ ئه‌م كتێبه سێ جۆر خوێنه‌ر ده‌ستنیشان ده‌كه‌ین، یه‌كه‌میان خوێنه‌ری ساده كه ئاگای له‌هیچ نه‌بووه و دوای ڕوداوه‌كان ده‌كه‌وێت. دووه‌میان خوێنه‌ری یاده‌وه‌ری، ئه‌وانه‌ن كه ئه‌و كات له‌ناو ڕووداوه‌كاندا بوون و پێشمه‌رگه، یان ڕێكخستن بوون و خۆیانی تێدا ده‌بیننه‌وه. سێیه‌میان خوێنه‌ری ورد‌و جدی و ڕه‌خنه‌گر، ئه‌م كتێبه بۆ خوێنه‌ری یه‌كه‌م و دووه‌م باشه، به‌ڵام بۆ خوێنه‌ری سێیه‌م شایانی خوێندنه‌وه نییه.
14ـ له‌لاپه‌ڕه 187 باسی ئه‌وه ده‌كات له قوله‌ره‌یسی نزیك سه‌رچنار چۆن داویانه به‌سه‌ر قاعه‌كانی مه‌ڕ به‌خێوكردنی حكومه‌ت و 800 سه‌ر مه‌ڕیان بردووه بۆ ناوچه ئازادكراوه‌كان، ده‌بوو ئاماژه‌یشی به‌وه بدایه كه ئه‌و كاره ئه‌و كاته چه‌ند ڕاست بووبێت ئه‌وه‌نده‌ش هه‌ڵه‌بووه، چونكه به‌جارێ گسگیان له هۆڵه‌كانی مه‌ڕ به‌خێوكردن داوه، له‌كاتێكدا به‌روبوومی ئه‌و مه‌ڕانه بۆ خه‌ڵك بووه و ئه‌گه‌ر به‌رگری نه‌بێت له‌به‌عس، ئه‌وا ده‌ڵێین ئه‌و سه‌رده‌مه وه‌كو ئێستای حكومه‌تی هه‌رێم نه‌بووه كه هه‌موو شت له‌ده‌ره‌وه هاورده‌بكه‌ن، ئه‌و كات به‌رهه‌می سپیایی هی خۆماڵی بوو، به‌ڵام له‌سه‌رده‌می هه‌رێمی دوای ڕاپه‌ڕیندا هه‌مووی بوو به هاورده‌و ڕۆشتنی دراوی قورس له‌كوردستانه‌وه بۆ ده‌ره‌وه، هه‌ر به‌مه‌دا بیرم كه‌وته‌وه: كاك شۆڕش زۆر به‌رگری له‌خه‌ڵكی لادێكان ده‌كات كه خزمه‌تی شۆڕ‌شیان كردووه، ئه‌مه ڕاسته و جێگای ده‌ستخۆشییه، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كه‌ی ئه‌وه‌بوو كه دوای ڕاپه‌ڕین تاوه‌كو ئێستا به‌هۆی فاشیلبوونی حكومه‌تی هه‌رێم و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری لادێكان، ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت به‌ره‌و چۆڵبوون ده‌ڕۆن و نه‌تانتوانی له‌ڕووی ئاوه‌دانی و به‌رهه‌مه‌وه پاداشتی دێهاته‌كانی كوردستان بده‌نه‌وه.
15ـ له‌لاپه‌ڕه 274 له ساڵی 1977 باسی كۆبوونه‌وه‌كانی سه‌ركردایه‌تی له‌دۆڵی گۆستێ ده‌كات، ده‌ڵێ ( بڕیاره‌كانیان به‌كاك ئارام گه‌یاندووه له‌گه‌ڵ چه‌ند نامه‌یه‌كی براده‌ران، كاك ئارام زۆری پێوه‌دیاربوو كه بێتاقه‌ت بوو، به‌و بڕیارانه‌ی كۆمیته‌ی سه‌ركردایه‌تی، ده‌یگوت نابێ ڕێگه‌بده‌ین كۆمه‌ڵه سه‌ربه‌خۆیی خۆی له‌ده‌ستبدات) كاك شۆڕش ئه‌ركی ئه‌وه‌ی بۆمان نه‌كێشاوه ئه‌و بڕیارانه به‌خاڵ باس بكات، بۆ ئه‌وه‌ی بزانین ورده‌كاری ئه‌و بڕیارانه چی بوون كه شه‌هید ئارامیان بێتاقه‌ت كردووه، ئه‌مه‌ش جۆرێكه له‌شاردنه‌وه‌و خۆپارێزی.
16ـ لاپه‌ڕه 436 و 666 نازانی باسی چ ساڵێك ده‌كات؟ پاشان تاوه‌كو ساڵی 1978 به‌زنجیره هاتووه، له‌وه‌به‌دوا تێكه‌ڵه‌یه‌ك به‌دی ده‌كرێت و سه‌ر له‌خوێنه‌ر ده‌شوێنێت و به‌زنجیره‌ی ڕێك و پێك نایه‌ت.
17ـ ئه‌م كتێبه پێمان ده‌ڵێ و ئه‌وه‌ی لێ ده‌خوێنرێته‌وه یان لێی هه‌ڵده‌هێنجێنین: ئه‌وه خه‌باتی ئێمه‌یه‌و ئێوه‌ش ئه‌ی خه‌ڵكی كوردستان ده‌بێت به‌هه‌موو شتێك رازی بن، بكوژ‌و ببڕ خۆمانین، سجن، نانبڕین، تێهه‌ڵدان، نایه‌كسانی ... هتد ئه‌بێ هه‌موو شتێك قبوڵ بكه‌ن، غه‌یری ئه‌مه هیچی وای تێدانییه، ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێت كه شه‌ڕی ناوخۆ و براكوژی خراپه‌و نه‌ك كاك شۆڕش، هه‌موو كه‌س ده‌زانێت كه شه‌ڕی براكوژی خراپه.
18ـ له‌كۆتاییدا پێویسته ئه‌وه بڵێن شۆڕشگێڕ به‌و كه‌سه ده‌وترێ كه له هیچ سه‌رده‌م و بارودۆخێكدا ناحه‌قی و نایه‌كسانی و چه‌وسانه‌وه‌ی میلله‌ت قبوڵ نه‌كات، ئێوه له‌سه‌رده‌می به‌عسدا ئه‌وه‌تان قبوڵ نه‌كرد، به‌ڵام دواتر خۆتان هه‌مان ئه‌زموونی به‌عستان به‌شێوازی تر دووباره كرده‌وه و به‌ڵكو خراپتریش، چونكه به‌عس هه‌رچی كرد نه‌یتوانی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی بسڕێته‌وه، به‌ڵام ئێوه خاپورتان كرد، به‌عس نانی خه‌ڵكی نه‌بڕی، ئێوه بڕیتان، ئینجا ئه‌وه ئێستا ماون و ترسنۆك و ماستاوچی زۆره كه ناوێرێ هه‌موو شت بڵێ: (كێ له پاش مله حاكم سه‌ربڕێ/ ناوێرێ له‌ڕوو قسه‌ی ده‌ربڕێ)به‌ڵام ئه‌گه‌ر رۆژگارێك هاته پێشه‌وه ئێوه كز بوون یان نه‌مان، ئینجا دیوه تاریكه‌كان لای خه‌ڵك ڕۆشن ده‌بنه‌وه، ئه‌گه‌ر ئێمه‌و مانان و كاك شۆڕش و هاوسه‌نگه‌رانی نه‌یبینن، ئه‌وا نه‌وه‌كانی دوای ئێمه ده‌یبینن.