ئا: ئاوێنە
"داشێکی شەترەنج لەگەمەی سیاسی جیھاندا" بیرەوەرییەکانی "زاھیر مەحمود"ی برای مستەفا چاوڕەشو ناودارترین بەرکەوتەی بۆمبای فسفۆریی ساڵی ١٩٧٤، ژیاننامەی کوردێکی پێشمەرگەیە لەئەوروپاوە نوسراوەو ھەستدەکات بوە بەگەمەی سیاسی جەنگی سارد لەنێوان ئەمەریکاو یەکێتی سۆڤیەتدا.
زاھیر مەحمود، ئەم بیرەوەرییانەی یەکەمجار لەڕێگەی "مارتا"ی ھاوسەرییەوە بەھۆڵەندی داڕشتوەو ساڵی ٢٠٠٩ چاپکراوە، پاشان کراوە بەئینگلیزییو لەئینگلیزیشەوە وەرگێڕدراوە بۆ سەر زمانی کوردی لەلایەن "سەربەست ساڵح"ەوە.
رابردوم ھەر بەکۆڵەوەیە
زاھیر لەسەرەتای کتێبەکەدا ئاماژە بەوە دەکات کە ھەرچەندە "لەھەژدە ساڵییەوە لەھۆڵەندە دەژیمو ژنێکی ھۆڵەندیم ھێناوە ناوی مارتایەو ھاوڕآو ئاشنای ھۆڵەندیم زۆرەو نەشتەرگەری جوانکاریی بۆ روخسارو دەستو پلی سوتاوم بەبۆمبای فسفۆر کراوە، بەڵام ئەگەر وردبیتەوە لەژێر ئەم دەمامکە جوانکارییەدا ھێشتا ئەو کوڕە کوردە عێراقییە بریندارە دەرکراوە دەبینیت کە رێکەوت ناچاری کرد ببێتە پەنابەرێک لەھۆڵەندە، وەکو زۆربەی پەنابەران رابردووم ھەر بەکۆڵەوەیە".
ئەو کە لەتەمەنی ١٠ ساڵییەوە ژیانی لێدەشێوێو ھەست بەپەراوێزخراویو شەقشەقێن دەکات، بێ ئەوەی ھیچ کونجێکی ھەبێ ئارامی تێدا بگرێت، لەپێناو درێژدەدان بەبژێویی ژیانیدا زۆر کاری سەیر دەکات، تا سەرەنجام کاتێک تەمەنی ١٥ ساڵان لەشۆڕشی ئەیلولدا بەچەکی فسفۆری بریندار دەبێتو وەک قوربانییەکی جەنگ پۆلێن دەکرێتو دوای بردنی بۆ تارانو لەندەن لەھۆڵەندا دەگیرسێتەوە، ئەو دەڵێت "ئەوەی وایلێکرد نەمرم جەنگی سارد بو، ئەمریکییەکان ژیانی منیان وەکو قوربانییەکی ئەو چەکانەی یەکێتی سۆڤیەتی جاران دەیدا بەعێراق پاراست، لەقوربانییەکی جەنگەوە بەمەبەست بەزیندویی ھێڵدرامەوە".
کارەساتی جەلالیو مەلایی
زاھیر مەحمود گێڕانەوەی بیرەوەرییەکانی بەدیمەنێکی پڕ لەتوندوتیژیی گەرمەی ململانێی سەردەمی جەلالیو مەلاییەکان دەستپێدەکات، کە چەند دزێوو ناجوامێرانە مامەڵە لەگەڵ لەیەکتر دەکەن.
یەکەم بیرەوەری زاھیر، لەجەژنی رەمەزانی ١٩٦٨ەوە دەستپێدەکات، لەماڵی پورە حەپسەی کە لەناو شاری سلێمانی بە"شیوعییە بچوکەکە" ناسراوەو دایکی ئەکرەمی حەپسەیەو ماڵەکەی ھەمیشە پڕە لەخەڵک بەھۆی پەیوەندی سیاسییەوە، لەم ئێوارەیەدا کە بۆنو بەرامەی چێشت لێنان حەوشەو بانی پڕ کردوەو ژنان خەریکی برنجو شلەلێنان، زاھیر بەدیار قسەی پیاوانەوە دانیشتوەو گوێی لەئەکرەمی حەپسەی پورزایو مستەفا چاوڕەشی برای گرتوە کە باسی ئەوە دەگێڕنەوە وەکو شیوعیەکانی باڵی قیادەی مەرکەزیو پارتی باڵی مەلایی شەڕی رژێمی بەعس دەکەنو لەدژی جەلالییەکانیش دەجەنگن. ئەمیش سەیریان دەکات کە پێشمەرگەی بەھێزنو کڵاشینکۆفی گەورەیان پێیە. لەم کاتەدا زاھیر لەپەنجەرەکەوە دیمەنی کۆمەڵێک چەکدار دەبینێت کە نزیکەی ١٦ کەس دەبنو دەوری ماڵەکەیان داوەو ھەندێکیشیان لەسەربانی ماڵە دراوسێکان خۆیان ماتداوە، لەناکاو گوێی لەدەنگی ھاوارێک دەبێت "مستەفا، ئەکرەم.. خۆتان بەدەستەوە بدەن...".
"مستەفا پێمان دەڵێت: ئێوە بڕۆنە ژوری پشتەوەو لەسەر زەوی خۆتان پاڵ بخەن... لەپەنجەرەی ژوری نوستنەوە دەستڕێژیان لێکردین گیزەی گوللە لەژورەکەدا دەھاتو دەچوو ژنو منداڵەکان دەگریانو دەیانقیژاندو مستەفاو ئەکرەمیش وەڵامی تەقەکانیان دەدانەوە".
سەرەنجام زاھیرو ماجید لەم روداوەدا قاچی بریندار دەبێت، زاھیر پێیوایە "چەکدارەکانی "باڵی مەکتەبی سیاسی" بەرپرسیارن لەوەی کە ناخۆشترین جەژنی رەمەزانیان پێبەخشیم لەھەمو ژیانمدا".
ئەم جەژنە کۆتایی بەو ژیانە سادەیە دەھێنێت کە بەسەریدەبات لەگەڵ خێزانەکەی، کە ژورێکیان بەکرێ گرتوە بەدیتارێکو روبەرەکەی سێ مەترو نیوەو پێنج کەسی تیا دەژی: دایکو باوکو دو خوشکو زاھیر.
ئەوەی سەرنجڕادەکێشێت کاتێک ئەم دو منداڵە بریندارە دەبرێنە نەخۆشخانە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە کە ئەندامێکی ئەو چەکدارانەیە بریندارییان کردون، دەڵێت "با ئەو شیوعیانە بمرن"!
خۆمو ماجید بیست خولەک زیاتر بو لەسەر شەقامەکە دانیشتبونو خوێنێکی زۆریان لێدەڕوات تا ئاشناو خەڵکی مزگەوتەکە دەکەونە پاڕانەوە بۆیان، دەبرێنە ناو نەخۆشخانەکەوە، بەڵام دەرفەتی بینینی خەڵکیان پێنادرێو تەنھا لەپەنجەرەشەوە خواردنیان دەدرێتێو نایەڵن کەس بچێتە ژورەوە. تا پاش دو مانگ لەگەچ کرتنە قاچی دەتوانێت بەدارشەق بگەڕێت.
لەوەش تراژیدییتر، کاتێکە ئەم منداڵە یانزە ساڵە دەگەڕێتەوە بۆ قوتابخانە کەس بایەخی پێناداتو کتێبی خوێندنیشی نادرێتێ، تەنانەت قوتابیەکانیش لەترسدا لەگەڵی ناگەڕێن، تەنھا فەڕاشی قوتابخانەکە رویەکی خۆشی دەداتێو قسەی لەگەڵ دەکات، لەپەناشەوە پێیدەڵێت "زاھیر باشتر وایە دایکو باوکت قوتابخانەیەکی ترت بۆ بدۆزنەوە، زۆربەی مامۆستایانی ئەم قوتابخانەیە لایەنگری جەلالییەکانن".
ئیتر زاھیر ناچار وایلێدەکرێت واز لەخوێندن بھێنێتو بەو تەمەنە کەمەوە بڕوات بەدوای ئیشێکدا بگەڕێت.
لەبەزمی دڵدارییەوە بۆ تەتەریی
زاھیر، پاشان لەیانزە ساڵییەوە بەدوای کارێکدا دەگەڕێتو لەدوکانێکدا بەڕۆژانەی ١٠٠ فلس دەبێت بەشاگردی پەنچەرچییەک، پاش دەبێتە شاگردی بەرگدروو، پاسەوان لەسەر ئیشی بیناسازی، کاری دەستی لەباخەکان، نانەواییو تفەنگ فرۆشتنو دواتریش دوکانێکی ماتۆڕ بەکرێدان دادەنێت، پاشان دەبێتە تەتەری شیوعییەکانو نامەی نھێنی نێوانیان دەگەیەنێت.
زاھیر باس لەوە دەکات کە ئەو کاتەی دوکانی ماتۆڕ بەکرێدانی دەبێت، دەمانچەیەک دەکڕێت بۆ خۆپاراستن لەدژە شیوعییەکانو کەڵکەڵەی دڵداریو خۆشویستنی کچێکیش دەیدا لەکەلەی، تا دەگات بەوەی لەسەر دڵداریکردن شەڕی لەگەڵ کەسێک ببێتو دەمانچە ھەڵبکێشێتو دو فیشەک بنێت بەقاچییەوە.
ژیان لەگەڵ ئەم پێشمەرگە زرتە بۆزانە سەختە
ئەم روداوە وا دەکات زاھیر لەتەمەنی ١٤ ساڵیدا یاخی بێتو روبکاتە ناوچەی گەڵاڵە کە لەسەر سنوری ئێرانەو بارەگای لقە کوردییەکەی حیزبی شیوعی (عێراق – قیادە مەرکەزی) لێیەو بەرپرسەکەی فاروقی مەلا مستەفایە، کە ئێستا بازرگانێکی بەناوبانگی سلێمانییە .
"ئەوکاتە براو پورزاکەم لەگەڵ ئەبو لەیلا بەرپرسی حیزبی شیوعی عێراق (قیادەی مەرکەزی) لەسوریان، بەکاک فاروق دەڵێم "کە نەھاتوم بۆ سەردانی خزمەکانم، بەڵکو لەبەرئەوە ھاتوم چونکە لەشار تەقەم لەیەکێک کردوەو رامکردوە".
فاروق سەیری چاوم دەکاتو دەڵێت "ژیان لەگەڵ ئەم پێشمەرگە زرتە بۆزانەدا بۆ تۆ زۆر سەختە".
چەند مانگێک لەناو پێشمەرگەکاندا لەناو کێلەکان ژیام، کە گوندێکە زۆر لەگەڵاڵەوە نزیکە، لەھەمویان بچوکتر بومو ھەمو رۆژێک نان بەدڵی ئەوان دەکەمو خۆم بەکاک فاروقەوە ھەڵدەکێشم".
فسفۆر جەستەمی سوتاند
زاھیر دەڵێت "مستەفا چاوڕەش واز لەقیادە مەرکەزی دەھێنێت، بەپێشنیاری ئیدریس بارزانی رازی دەبێت ھاوکاری پارتی بکاتو لەگەڵاڵەوە دەنێردرێتەوە بۆ سلێمانی".
ئەمیش لەگەڵ مستەفای برای دەبێت بەپارتی، تا ساڵی ١٩٧٤ لەئەنجامی بۆردومانی فڕۆکەی سیخۆی روسی بەبۆمبی فسفۆری لەگەڵاڵە بریندار دەبێت، گێڕانەوەی ئەو چرکەساتەی زاھیری تێدا برینداردەبێت، بەشێکی سەرنجڕاکێشی ئەم کتێبەیە: "کە بۆمباکە کەوتە خوارەوە بەفیشەکی گڕدارم زانی بۆئاشکراکردنی شوێنەکەمان، درەختو گیاو شاخەکە دادەگیرسان، بەڵام تەقینەوەکەی ئەمجارە کەفێکی درەوشاوەی لەنزیک سەنگەرەکەمان بەجێھێشت، لەبەر خۆمەوە وتم ھیچ نییە! چوم بۆ ئەوەی سەیرێک بکەم، لەڕێگا شەقم لەھەندێک کەف ھەڵدا. لەماوەی چەند چرکەیەکدا پێڵاوەکەم بەتەواوەتی سوتا، بەیەک تاک پێڵاوەوە گەڕامەوە دواوە.. لەدڵی خۆمدا وتم ئیتر ھەمو شتێک تەواو بوم وا مردم!.. دەستم لەدەموچاوو گوێچکەمدا، ئازار ھەمو لەشمی تەنییەوە، ناتوانم ھاوار بکەم... پێشمەرگەکان جلەکانم لەبەر دادەکەننو لەمەتارەکانی دەستیانەوە ئاو بەھەمو لەشمدا دەکەن... پێشمەرگە ھیچ جۆرە ئەزمونێکی لەگەڵ بۆمبای فسفۆریدا نەبوو، ئاو سوتانی فسفۆریی خراپتر دەکاتو دەیگەشێنێتەوە.. بە بەردەوامی ئاوم پێدا دەکرێت تەنانەت ئەو کاتەش کە ھەڵیانگرتم بۆ دەرەوەی شاخەکان، تا رادەیەک ئاگام لەخۆم بو، بەڵام یادەوەرییەکانم لەبیردەچوەوەو دنیای دەرەوە زۆر دور.. دور دیار بو...".
پاڵتۆکەی مەلا مستەفا
زاھیر لەگەڵاڵەوە دەبرێتە نەخۆشخانەی خانە لەرۆژھەڵاتی کوردستان، لەوێوە وردە وردە تیشکی راگەیاندنەکانی دەخرێتە سەر، "سابیری کوڕی مەلا مستەفا لەئەمەریکیەکانی بیستوە کە دەیانەوێت زۆر بەخێرایی بینێرن بۆ ئەوروپا دیارە ئەمەریکا ئەم بریندارییەی منی وەک ریکلامێکو گەمەیەکی سیاسی خۆی بەکاردەھێنا لەدژی یەکێتی سۆڤیەتو ھاوپەیمانەکەی کە عێراق بو".
زۆر ناخایەنێت زاھیر لەخانەوە دەبرێت بۆ تارانو لەوێشەوە بۆ بۆ لەندەنو وەک خۆی دەڵێت "وەک داشێکی گەمەی لێدێت"، میدیاکان باس لەکوڕێکی کوردی عێراقی دەکەن کە چەکی فسفۆری بەرکەوتوەو ھێنراوە بۆ نەخۆشخانەیەکی لەندەن، لەژورێک کە وەک زیندان وایە ژیان بەسەردەباو چەند مانگێک دەخایەنێت تا توانای جوڵەی دەستو قاچو پەنجەکانی ھەبێتو لەسەر کورسی دابنیشێت. ئەم کارەساتەی دەبێتە ھۆی زیاتر ناساندنی مەسەلەی کورد بەدنیا.
لەنەخۆشخانەی لەندەن بەخەون دەگەڕێتەوە بۆ کوردستانو پێشوازییەکی شاھانەی لێدەکرێت، بەڵام زۆر ناخایەنێت بەواقیع شۆڕش ھەرەس دەھێنێتو خەونەکەی دەبێت بەمۆتەکە. ھێشتا تاسەی خۆشەویستی وڵاتو نیشتمان وایلێدەکات بەسەر کورسییەکی چەرخدارەوە لە لەندەنەوە بگەڕێتەوە بۆ تارانو لەوێشەوە لەگەڵ مستەفای برای بۆ ناو عێراقو ماڵەوەیان لەسلێمانی.
زۆر ناخایەنێت جارێکیتر لەگەڵ مستەفای برای دەچنەوە ئێرانو مستەفا ئامۆژگاری دەکات کە بچێتەوە بۆ ئەوروپاو مافی پەنابەریی وەربگرێت، بەھاوکاری مەسعودو ئیدریس بارزانی ساڵی ١٩٧٦ لەگەڵ مستەفای برای دەنێردرێن بۆ ھۆڵەندا، "ئیدریس بارزانی بەرەو روم ھاتو دەستی خستە سەر شانم: "زاھیر غەمبار مەبە! پاڵتۆکەی مەلا مستەفای بارزانیت بۆ دەفرۆشین بۆ ئەوەی بتنێرینەوە بۆ لەندەن بۆ چارەسەر کردن...!".
"بەڵام پاش گەیشتنیان بەئەوروپا، مستەفا چاوڕەش لەگەڵ جەلال تاڵەبانیدا گەڕایەوە بۆ کوردستان بۆ دروستکردنی یەکێتیو سەرلەنوێ ھەڵگیرسانەوەی شۆڕش، کاک مەسعود لەسەردانێکیدا بۆ لام لەنەخۆشخانە، پێی وتم: زاھیر، مستەفای برات بوە بەجەلالی!".
تراژیدیای دو خوشکو منداڵەکانیان
دایکی زاھیرو پورە حەپسەییو منداڵەکانیان ژیانێکی پڕ لەچەرمەسەریو چارەنوسێکی پڕ لەئازارو خەمبار بەڕێدەکەن، زاھیر لەچەند بەشێکی ئەم کتێبەدا باس لەوە دەکات کە "پورە حەپسەی لەکاتی سوتانی ماڵەکەیدا مرد، ئەکرەمی حەپسە ساڵی ١٩٨١ لەزیندانی موسڵ لەسێدارە درا، ماجیدی حەپسە پاش مردنی دایکی کاتێک دەچێتە سەر گۆڕەکەی مینێکی چێنراوی پێدا دەتەقێتەوەو ھەردو قاچی دەپەڕێتو دواتر دو قاچی دەستکردی بۆ دروست دەکرێت.
زاھیر کە خۆی ناودارترین قوربانی چەکی فسفۆری بوە لەساڵی ١٩٧٤دا، باس لەوە دەکات کە دایکیشی کاتێک سەردانی مستەفای کوڕی دەکات لەسەردەمی شاخو پێشمەرگایەتیدا، ژنە سیخوڕێک ژەھری سالیۆمیان بۆ دەکاتەوە ماستاوەو دەستبەجێ دایکی گیان لەدەست دەداتو مستەفا چاوڕەشی براشی بۆ ماوەیەکی زۆر ئیفلیج دەبێتو بەھەزار چەرمەسەری لەمردن رزگاری دەبێتو دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی ژیان".
ئەو بەخەمبارییەوە باس لەوە دەکات کە "خێزانەکەیان سێ جۆر چەکی قەدەغەکراوی جیھانیان بەسەردا تاقیکراوەتەوەو بونەتە تاقیگە: بۆمبای فسفۆریی، ژەھری سالیۆم، گازی کیمیاویی".
زاھیر دەڵێت "بەداخەوە ئەو بارودۆخە وای لێکردم ئێستا ھۆڵەندا بۆتە وڵاتی یەکەمم، کوردستان... وڵاتی دوەم، ئەمە بەرنامەی ژیانی من نەبو، نەئەم دنیای رۆژئاوا "ئەوروپا"یە ئێمەی رۆژھەڵاتییان دەوێت، نەئێمەش لەوان تێدەگەینو دەمانەوێن..!! بەداخەوە رژێمی بەعس ئەو واقیعەی بەسەردا سەپاندنم".