ئا: بارام سوبحی
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە پێشبینی دەکات، توانای بەرھەمھێنانی نەوتی ئەمەریکا لەسعودییە زیاتر بێت، بەبڕوای چەند توێژەرێکیش دوای ئەوەی ئەمەریکا پێویستی بەنەوتی ناوچەکە نابێت، بونی سیاسیو سەربازی بەرچاوی لەخۆرھەڵاتی نزیکو ناوەڕاست زۆر کەم دەبێتەوە.
کتێبی نەوتو گازی شیلی ئەمەریکاو ئاکامە جیۆپۆلۆتیکەکانی، لەنوسینی بەھزاد ئەحمەدی لفورکیو مەسعود درەخشانە، ئەرسەلان حەسەن کردویەتی بەکوردیو دەزگای ئایدیا لەدوتوێی سەد لاپەڕەدا چاپو بڵاویکردۆتەوە. ناوەڕۆکی کتێبەکەش بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە تەرخانکراوە: گازو نەوتی شیل چییە؟ گیروگرفتەکانی ئەمریکا بۆ دەرھێنانیان چییە؟ ئاکامە ئابوریو جیۆپۆلەتیکەکانی چینو چ کاریگەرییەکی لەسەر ئێرانو
خۆرھەڵاتی ناوەڕاستو ئۆپیک دەبێت؟
نوسەرانی کتێبەکە ھۆکاری ھەڵبژاردنی ئەم بابەتە دەگێڕێنەوە بۆ ئەوەی لەئێستادا باسی گازی شیل (Shale Gas)و نەوتی کەڵەکەبو، یان نەوتی شیل لەو بابەتانەیە کە شێوازی گەمەی وزەی لەدنیادا گۆڕیوە، چونکە "بەپێی ئاماری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، پێشبینی دەکرێت توانای بەرھەمھێنانی نەوتی ئەمەریکا لەسعودییە زیاتر بێت".
گازی شیل چییە؟
لەپێناسەی گازی شیلدا دەڵێن: گازێکی پەنگخواردوە لەناو بەردە نیشتوەکانی چاڵە کۆنەکاندا، دەرھێنانی لەڕێگەی تەکنەلۆژیایەکی ناسراو بە(شکاندنی ھایدرۆلیک) دەبێت، بریتییە لەتێکەڵکردنی ئاوێکی زۆری پڕ لەمادەی کیمیاوی لەناو پێکھاتەکانی گازی چاڵە کۆنەکان بەگوشارکردن لەسەرەوە. بەوتەی رەخنەگرانی ژینگەو جیۆفیزیک، ئەو کارە مەترسی ئالودەبونی ئاوەکانی ژێرزەویو سەرھەڵدانی بومەلەرزەی دەبێت.
لەئێستادا ئەمەریکا گەورەترین وڵاتی خاوەن پاشەکەوتی گازی شیلە لەدنیادا، چونکە بەتەنھا خاوەنی (٣٢%) پاشەکەوتی جیھانییە. یەکەم یەکەی بەرھەمھێنانی گازی شیل لەساڵی (١٨٢١) لەنیویۆرک خراوەتەگەڕ، بەڵام سودوەرگرتنی بەرچاوو ئابوری لەو سەرچاوە گەورەیە، لەساڵی (١٩٩٠) بوە، لەساڵی (٢٠٠٣) لەبارنێت شیل سنوری دو ملیار یەکەی چوارگۆشە لەڕۆژێکدا گازی شیل دەرھێنرا، ئەو ژمارەیە دوای ساڵی (٢٠٠٥) بەپێنج ملیار یەکەی چوارگۆشە لەڕۆژێکدا گەیشت.
بەگوێرەی مۆدیلی جیھانی گازی زانکۆی رایس، لەساڵی (٢٠٠٩) بەرھەمھێنانی گازی شیلی ئەمەریکا (٦٤) ملیار مەتر سێجا بوە، لەساڵی (٢٠٣٠) دەگاتە سنوری (٣٣٠) ملیار مەتر سێجا، بەو شێوەیە گەورەترین بەکارھێنەری وزەی جیھان دەتوانێت زۆربەی پێداویستییەکانی خۆی لەو رێگەیەوە دابین بکات.
گرفتی نەوتو گازی ئەمەریکا چییە؟
بەبۆچونی ئەو توێژەرانە، نەوتی خاوی بەرھەمھاتو لەپاشەکەوتی شیل ئۆیڵی ئەمەریکا، لەجۆری زۆر سوکە کە بۆ سیستمی پاڵاوتەییەکانی ئەمەریکا گونجاو نییە، پێویستە جۆری نەوتی ترشو قورسی بۆ زیاد بکرێت. بەمەش پێناچێت لەگەڵ بەرھەمھێنانی گازو نەوتی شیل، بازاڕی جۆرەکانی نەوتی خاو زەرەرمەندبێت.
توێژەرەکان رایدەگەیەنن وابەستەیی ئەمەریکا بەنەوتی ھاوردە لەم ساڵانەی دواییدا بەخێرایی کەم بۆتەوە، ئەوەش زۆربونی خێرای بەرھەمھێنانی ناوخۆو دابەزینی خەرجی ناوخۆ لەلایەکی دیکە. بەجۆرێک لەساڵی (٢٠١٢) رادەی بەرھەمھێنان (%٣٠) لەساڵی (٢٠٠٤) زیاتر بوە. داواکاری ناوخۆ لە(٢٠٠٥) بۆ ئێستا تا (١٧%) کەم بۆتەوە. ناوەندی ھاوردەی نەوتی ئەمەریکا لەساڵی (٢٠١٣) گەیشتوە بە(٨.٧%) ملیۆن بەرمیل لەڕۆژێکدا، لەکاتێکدا لەساڵی (٢٠٠٥) ئەو رێژەیە (٦٠%) بو. تێکڕای بەرھەمھێنانی نەوتی شیل لەساڵی (٢٠١٠) لەڕۆژێکدا (٣٧٠) ھەزار بەرمیل بوە، بەڵام بەرھەمھێنانی تێکڕای نەوتی شیل لەساڵی (٢٠١٦) لەڕۆژێکدا (٣٦.١) ملیۆن بەرمیل بوە. لەبواری گازیش گۆڕانەکە بەم جۆرە بوە: رادەی بەرھەمھێنان لەساڵی (٢٠٠٥) ھەژدە ترلیۆن یەکەی چوارگۆشە بو، لەساڵی (٢٠١٢) گەیشتە (٢٤) تۆلیۆن یەکەی چوارگۆشە.
سەرۆکەکانی ئەمریکاو سەربەخۆیی وزە
بیرۆکەی گەیشتن بەسەربەخۆیی وزە لەئەمەریکا، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (١٩٧٣)، کاتێک ریچارد نیکسۆن سەرۆکی ئەوکاتی ئەمەریکا لەکاردانەوەی شۆکی نەوتی عەرەبەکان، پێشنیاری "پڕۆژەی سەربەخۆیی" خستەڕو، بۆ ئەوەی وڵاتەکەی لەکۆتایی حەفتاکاندا بگاتە قۆناغی سەرخۆیی وزە، بەڵام "ئەو پێشنیارە لەکاتی بڕیاردراو نەھاتەدی، بۆیە سەرۆک کۆمارەکانی داھاتو ھەمویان بەجۆرێک ھەوڵیاندا تا ئەو ئارەزوە بخەمڵێنن".
جۆرج بۆشی کوڕ یاسای سیاسەتی وزەی لەساڵی (٢٠٠٥)و پاشان یاسای سەربەخۆیی وزەو ئاسایشی لەساڵی (٢٠٠٧) پێشنیاز کرد. ئەنجامی سیاسەتەکانی ناوبراو ئەوە بو ئەمەریکا شۆکی نەوتی ساڵی (٢٠٠٥) ئەزمون نەکرد. نەک ھەر ئەوەندە بەڵکو بەپێی بەراوردەکانی زۆرینەی رێکخراوە نێودەوڵەتییە کاراکان لەبواری وزە لەدنیادا، لەماوەی پێنج ساڵی داھاتودا، گەورەترین ھاوردەکارانی نەوت لەجیھان بۆ یەکێ لەگەورەترین ھەناردەکارانی نەوت دەگۆڕێن.
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە لە(١٤/٥/٢٠١٣) راپۆرتێکی بڵاوکردەوەو رایگەیاند بەشۆڕشێک کە دەرھێنانی نەوتی لەناو چینە بەردە پتەوەکاندا دۆزیوەتەوە، ئەمەریکای باکور دەبێتە پێشەنگی گۆڕانێک کە شەپۆلەکانی سەرتاسەری جیھان دادەگرێت.
لەئێستاشدا دەیڤد گۆڵدوین بەمێشکی بیرکەرەوەی ھەنگاوەکانی بواری وزەی ویلایەتە یەکگرتوەکان لەپانتایی نێودەوڵەتیدا دادەنرێت، ئەو راوێژکاری باڵای ھیلاری کلینتۆن بوە لەوەزارەتی کاروباری دەرەوە، لەپایزی ساڵی (٢٠٠٩) پەیوەندی بەحکومەتی ئۆباماوە کردوە. ئامانجیشی "گەشەی دیبلۆماسی وزەی ویلایەتە یەکگرتوەکانە وەکو کاری سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا".
تایبەتمەندییەکانی گازو نەوتی شیلی ئەمەریکی
گازو نەوتی شیلی ئەمەریکی بەچەند تایبەتمەندییەک جیادەکرێنەوە، لەوانە: تێچونەکانی بەرھەمھێنان لەئەمەریکا زیاتر لەسودەوە نزیکە، ھەروەھا تەنھا ئەمەریکایە کە بەرھەمھێنانی نەوتو گازی شیل بەشێوازی بازرگانی ئەنجامداوە، شوێنەکانی دیکەی دنیا وەک: چین، ئەرجەنتین، ئەفریقیای باشورو چەند بەشێک لەئەوروپا وەک پۆڵەندا، نەرویجو فەرەنسا، ھەرچەندە سەرچاوەی گازی شیلیان ھەیە، نەیانتوانیوە بەشێوەی بازرگانی لەسەرچاوەکانی خۆیان کەڵک وەربگرن.
توێژەرەکان دەڵێن: ئەگەر ھەلومەرجەکان بۆ بەرھەمھێنانی گازی شیل لەباربێت، تاساڵی (٢٠٣٠) بەرھەمھێنانی ئەو گازە دەتوانێت یەک لەسەر سێی خستنەڕوی وزەی جیھان دابین بکات، پێشی نەوتی خاو بگرێت کە لەپلەی یەکەمی وزەی دنیادایە. بۆیە توێژەرانی بازاڕ دەڵێن ئەمەریکا تاماوەیەکی دیکە لەھاوردەکارێکەوە دەبێتە ھەناردەکارێکی گەورە، ھەروەھا ھەمو پێشبینییەکانی پێشتر لەبازاڕی گاز دەخاتە ژێر کاریگەرییەوە.
کاریگەرییەکانی نەوتو گازی ئەمەریکا
بەپێی پێشبینییەکان لە(٢٠٢٥) ئەمەریکای باکور بۆ ھەناردەکەری وزە دەگۆڕێت، ئەمەریکا جێگەی روسیا وەک باشترین ھەنارەکاری گازو سعودییە وەک باشترین ھەناردەکاری نەوت دەگرێتەوە. ئەو توێژەرانە پێشبینی دەکەن، ئەو دۆخە ببێتە ھۆی کەمبونەوەی توانای رکابەری بەرھەمە ئەوروپییەکان لەبەرامبەر ئەمەریکادا، بەھۆی وزەی ھەرزانتری بەردەستی کارگە پیشەسازییەکانی ئەمەریکا.
کاریگەرییەکی دیکەی ئەو دۆخە نرخی گازی ھەناردەی وڵاتانی دیکە، لەوانە روسیا دادەبەزێنێتو توانای چەنەلێدانی ئەوروپا زیاتر دەکات. لەکاتی ھاتنەدی ئەو ئاڵوگۆڕە جیۆپۆلەتیکیە، ئەوروپا تاسنورێک دەگۆڕێتو گاز لەجیاتی ئامڕازی سیاسی بۆ ئامڕازی ئابوری روسیا دەگۆڕێت. لەو دۆخەدا لەڕوانگەی شارەزایانی خۆرئاواوە، وڵاتانی خۆرھەڵاتو ناوەندی ئەوروپا دەرفەتی زیاتریان بۆ گەیشتن بەسەربەخۆیی راستەقینە دەدۆزنەوە. سەرەڕای ئەوانە، پۆڵەندا بۆ خۆی سەرچاوەی زۆرو زەوەندی نەوتو گازی شیلی ھەیەو دەتوانێت ھاوسەنگی دەسەڵات لەناوەندی ئەوروپا لەدەستی ئەڵمانیاو روسیا دەربێنێت.
سەبارەت بەئایندەی چین، دەڵێن: چین دەتوانێت بەکەڵکوەرگرتن لەسەرچاوەکانی نەوتو گازی شیلی خۆی، تاسنورێک لەوابەستەیی بەھاوردەی وزەو ھەروەھا خەرجی خەڵوزی بەردین کەم بکاتەوە. لەبارەی کەنەداشەوە دەڵێن: کەنەدا لەبەر سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی نەوتو گازی شیل، کاریگەری جیۆپۆلەتیکی زیاتر دەبێتو لەگەڵ گەشەی دامەزراوەکان لەناوچەی ئۆقیانوسی ئارام، بەکردەوە بازاڕی ئاسیا دەخاتە ژێر کاریگەرییەوە.
ئەمەریکاو خۆرھەڵاتی ناوەڕاست
لەبارەی ئاکامەکانی گازو نەوتی شیلی ئەمەریکا بۆ خۆرھەڵاتی ناوین بەگشتیو کەنداوی فارس بەشێوەیەکی تایبەتی، بۆچونی ئەو توێژەرانە بەم جۆرەیە: دوای ئەوەی ئەمەریکا پێویستی بەنەوتی ناوچەکە نابێت، بونی سیاسیو سەربازی بەرچاوی لەخۆرھەڵاتی نزیکو ناوەڕاست زۆر کەم دەبێتەوە. لەبارودۆخی وابەستەنەبونی ئەمەریکا بەھاوردەی نەوت، گەروی ھورمز گرنگی خۆی لانیکەم بۆ ئەمەریکا لەدەستدەدات، سەرەنجام کەم مامەڵەکردنی ئەمەریکا لەگەڵ خۆرھەڵاتی ناوەڕاستو زۆر کاڵبونەوەی بەڵێنەکەی بۆ ناوچەکە دەبینین.
پاشان ئاماژە بەدژە گێڕانەوەی ئەو بۆچونە دەدەنو دەڵێن: بەگشتی گرنگیەتی نەوتی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئابوریو سیاسەتی جیھانی بوە، کە لەپێناسەکردنی بەرژەوەندی ستراتیژی ھاوکاری ئەمەریکای کردوە تاخودی نەوت. بۆیە پاشتریش گرنگی خۆی دەپارێزێتو لەساڵانی داھاتودا، ھاوکاری پاراستنی گرنگیەتی ستراتیژی کەنداوی فارس دەکات.
ئەو توێژەرانە گرنگی ئیسرائیل بۆ ئەمەریکا لەیاد ناکەنو دەنوسن: لەپەیوەندی ئاکامەکانی نەوتو گازی شیل بۆ خۆرھەڵاتی ناوەڕاست، بیرھێنانەوەی ئەو خاڵە پێویستە کە تەنیا مەسەلە ئابورییەکان ئاراستە سیاسییەکان دیاری ناکەن، نابێت لەئاکامەکانی ستراتیژی شۆڕشی نەوتو گازی شیل زێدەڕۆیی بکرێت. بەڵێنی ئەمەریکا بۆ ناوچەی کەنداوی فارس تەنیا لەبەر خاتری پێویستییەکانی وزە نییە، بەڵکو بەرژەوەندی نیشتیمانی وەک ئاسایشی ئیسرائیلیش جێی باسە.
چارەنوسی کۆمپانیاکانی نەوت
ئەو توێژەرانە ئاشکرای دەکەن، لەئێستادا کۆمپانیاکانی ئێکسۆن مۆبیلو شێڵ لەئەوروپا توێژینەوەی زۆریان بۆ دەستگەیشتن بەگازی شیل دەستپێکردوە. بۆیە تێبینی ئەوە دەکەن قۆناغی زێڕینی بونی کاراو رۆڵی یەکلاکەرەوەی کۆمپانیاکانی نەوتی دەرەکی لەوڵاتانی گەورەی ھەناردەکاری نەوت کۆتایھاتوە، سودوەگرتن لەکۆمپانیای نەوتی دەرەکی بۆ دابینکردنی ئاسایشی خستنەڕوی نەوتی خاو بۆ وڵاتانی گەورەی پیشەسازی کە ھاوردەکارانی سەرەکی نەوتی خاون، کارایی خۆی بەشێوەیەکی بنچینەیی لەدەستداوە.