ئا: ئاوێنە
وەفدێکی گەورەی ئەمەریکا سبەینێ دەگاتە ئەنقەرەو لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا کۆدەبێتەوە، بەپێی ئاژانسەکانی هەواڵ وەفدەکەی ئەمەریکا، ئەردۆغانو دەولەتی تورکیا دەخەنە بەردەم دو بژاردەوە: یان ئاگربەستو راگرتنی هێرشەکانی بۆ سەر باکوری سوریاو رۆژئاوای کوردستان یاخود سەپاندنی سزای ئابوری گەورە بەسەر ولاتەکەیدا.
سەڕەڕای ئەوەی ئەمڕۆ جوارشەممە ١٦ی ئەکتۆبەر، ئەردۆغان سەبارەت بەسەردانی جێگری سەرۆکی ئەمەریکاو وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە رایگەیاند "من پێنسو پۆمپیۆ ناناسم، با ترامپ بێت لەگەڵ ئەو دادەنیشم"، بەڵام چەند کاتژمێرێکی نەخایاند، سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا رایگەیاند "رەجەب تەیب ئەرۆگان سبەینێ پێنج شەممە لەگەڵ مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا کۆدەبێتەوە".
ناوەندەکانی هەواڵ ئاماژە بەوە دەکەن کە چونی وەفدێکی گەورەی ئەمەریکا بۆ تورکیا کارێک نییە هەروا بەئاسانی لەلایەن ئەردۆغانەوە نادیدە بگیرێو پشتگوێی بخات، کە وەفدەکە مایک پێنس- جێگری سەرۆکی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ- وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رۆبێرت ئۆبراین- راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەی ئەمریکاو جەیمس جێفری- نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ شەڕی داعش لەسوریا لەخۆبگرێت.
کۆشکی سپی لەڕاگەیاندراوێکدا ئەوە روندەکاتەوە لەکۆبونەوەکەی پێنسو ئەردۆغاندا، جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەخت لەسوربونی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ راگەیاندنی ئاگربەستو گەیشتن بەرێککەوتن لەڕێگەی گفتوگۆوە دەکات.
هاوکات ناوەندەکانی هەواڵ ئامژە بەوە دەکەن کە وەفدەکەی ئەمەریکا بەڕاشکاویی بەئەردۆغان دەڵێن یان دەبێت کۆتایی بەهێرشەکانی بۆ سەر باکوری سوریا بهێنێتو ئاگربەست رابگەیەنێ یاخود ئەمەریکا چاوی لەسەر لەسەپاندنی سزای ئابوری گەورەیە بەسەر وڵاتەکەید.
باڵوێزی ئەمەریکا لەنەتەوە یەکگرتوەکان لەمبارەوە رایگەیاند کە بۆ تورکیامان رون کردوەتەوە بەردەوامبونی لەسەر هێرشەکانی لەباکوری سوریا چیتر جێی قبوڵ نییە.