ھێمن مەحمود
وتەیەکی ناودار ھەیە لەبیرم نییە ھی کێیە دەڵێت (لە کاتی ئاشتیدا کوڕەکان باوکەکانیان دەنێژن، بەڵام لە کاتی جەنگدا باوکەکان کوڕەکانیان دەنێژن).
لێرە، لە چیرۆکی بولبول و عەبدوللەتیفدا تا ڕادەیەک دۆخەکە جیاوازترە، سەرەڕای ناشتنی بەردەوامی تەرمی کوڕەکان لەلایەن باوکیانەوە لە شەڕی ناوخۆی سووریادا، کەچی بولبول دەبێت وەسیەتەکەی عەبدوللەتیفی باوکی جێبەجێبکات و تەرمەکەی بە دووری سەدان کیلۆمەتر بگەڕێنێتەوە بۆ گوندەکەی خۆیان با بەناو جەنگ و بازگە و بۆمبباران و کوشت و کوشتاری لایەنە بە شەڕ ھاتووەکانیشدا بێت، با گرتن و لێدان و سەرنگومکردن و بەرتیل پێدان و لەناوبردنیشی تێبکەوێت، با چەندین شەو و چەندین ڕۆژیشی پێبچێت، گرنگ ئەوەیە بولبول و خوشک و براکەی تەرمەکەی باوکیان لە باشوورە و بگەیەننە ئەوپەڕی باکووری ڕۆژئاوای سووریا.
(مردن کارێکی سەختە) ڕۆمانێکی دژە جەنگە، ڕۆمانێکە لە جۆری ڕۆمانی (بەرەی ڕۆژئاوا ئارامە)ی ماریا ڕیمارکی ئەڵمانی، ڕۆمانێکە مێژوویەکی ناشیرینی وڵاتێکی جوانی وەک سووریامان بۆ دەخاتە ڕوو کە ڕژێمێکی سەرکوتکەر و چەکدارە شۆڕشگێڕەکان ھەریەکەیان لە لایەکەوە ژیانی ئەو خەڵکەیان کردووەتە دۆزەخ.
کە ئەم ڕۆمانە دەخوێنیتەوە دیوی ناوەوەی سووریا لە کاتی بەڕێوەچوونی شەڕی ناوخۆیدا دەبینی، ئەو دیوەی کە وا دەکات ناشتنی تەرمێک لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە چی بارگرانی و قورسییەک دەخاتە سەر شانی کەسوکارەکەی و ڕووبەڕووی چەندین مەترسی و گرفت و کێشەیان دەکاتەوە کە ھەر ئەمەشە وا دەکات ھەروەکچۆن لە کاتی جەنگدا ژیانکردن کارێکی قورس بێت، ئاوەھاش مەرگ و مردن لە کاتی جەنگدا کارێکی سەختتربێت.
جەنگ بە مانا قێزەونە، ئەوانەی جەنگیان دیوە و ئەوانەی قوربانی جەنگەکان و ئەوانەشی نەوەی ناو جەنگەکان و لەناو دیمەنەکانی شەڕ و کوشتاردا ژیانیانکردووە و گەورەبوون لە قێزەونی جەنگ تێدەگەن.
ئاوارەیی و دەربەدەریی، کوشتنی بە کۆمەڵ و دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژنان، گوللەبارانکردن و سووکایەتیکردن بە لاشەی قوربانیان لە دیمەنە بەردەوامەکانی جەنگن. بێ یاسایی و فەوزا و بەرەڵایی، بوونی چەک لەدەستی ھەموو کەس، نەبوونی دادگا و دەوڵەمەندبوونی میرەکانی جەنگ تابلۆی ھەمیشەیی جەنگن.
لە ڕۆمانی (مردن کارێکی سەختە)ی خالید خەلیفەشدا تەواوی دیمەنەکانی جەنگ ئامادەیی ھەیە، چیرۆکەکە بە جۆرێکە ھیچ بستێکی خاکی سووریا نییە بەو دیمەنانەدا تێنەپەڕیبێت، لە باشووری سووریاوە بۆ باکووری سووریا بۆنی مەرگ و بۆنی تەرم و بۆنی باروتی گوللە تۆپەکان دێت، بۆنی بازگەی نایاسایی و سووکایەتی بە مرۆڤ دێت، بۆنی قێزەونی دەسەڵات و میرەکانی جەنگ و گرووپەکان دێت.
لەم ڕۆمانەدا نووسەر پێمان دەڵێت شاردنەوەی لاشەیەک لە جەنگدا چی کارێکی سەخت دەبێت ئەگەر بێت و بە گوێی بکرێت و ئارەزووی شوێنی ناشتنەکەی بۆ بەدی بھێنێت.
بە دوو جۆر مامەڵە لەگەڵ چەمکی جەستەیەکی مردوو کراوە. لە لایەک کوڕەکان ڕێزی لاشەکەی باوکیان دەگرن و وەسێتەکەی بەجێدەھێنن، لە لایەکی دیکەشەوە بوونی لاشەیەک مایەی عەزاب و ئێش و ئازارە و مایەی بەختێکی خراپە بۆ خاوەنەکەی چونکە ھەمووان دەیانەوێت نەجاتیان بێت لێی.
جەنگ کارێک دەکات تەنانەت لە یەکێک لە بازگەکانی ڕژێمدا ناھێڵن لاشەیەکی مردووش تێپەڕێت و بە تۆمەتی ھەبوونی فەرمانی دەستگیرکردن لاشەکە دەستبەسەردەکەن و بە مردوویش لێ ناگەڕێن.
ھاوتەریبی جەنگ و زەمەنی جەنگ ھێڵێکی خۆشەویستیش لەناو ڕۆمانەکەدا ھەیە کە ھاوشانی دیمەنە قێزەونەکانی جەنگ درێژ دەبێتەوە، خۆشەویستێکی ناکام و ناسک، خۆشەویستییەکی ئەفلاتوونی کە عاشقەکە بە خەیاڵ لەگەڵ مەعشووقەکەیدا ژیان دەکەن.
(وردە وردە گوڵەکان سیس دەبوون و یەک لە دوای یەک زەرد دەبوون و دەمردن، بەڵام بولبول ھێشتا بۆنی ئەو گوڵانەی دەکرد کە ڕۆژێک لە ڕۆژان لەمیا ھەڵی پاچیبوون و خەریکیان بووبوو...لا ٩٠)
چیرۆکی عەشقی بولبول و لەمیا، چیرۆکی عەشقی عەبدوللەتیف و نڤین، وەک ئەوەی چیرۆکی عەشقی باوک لە کوڕیشدا دووبارە ببێتەوە.
عەشق لەم ڕۆمانەدا ھێڵێکی ھەرچەندە کاڵ و لاوازیشە، ھەرچەندە نووزەیەکی کورتخایەنیشە، ھەرچەندە ڕووداوێکی لاوەکیشە، بەڵام ھێشتا دڕەندەیی جەنگ و ھاوار و ناڵەی قوربانیانی جەنگ و دەنگی تاساوی مردووان نەیتوانیوە لەناوی ببات، وەک ئەوەی گێڕەرەوە پێمان بڵێت دەنگی فیشەک و گوللەتۆپەکانتان، سەدای بەرزی بۆمبھاوێژ و دروشمە ئاگرینەکانی سەرکردەکانتان ھێشتا ناتوانێت ھەزاران چیرۆکی وەک عەشقی بولبول و لەمیا، لەتیف و نڤین، دەیان و دەیانی دیکە کپ بکاتەوە.
مردن ھەمیشە وەک چەمک، وەک ڕووداو، وەک مانا سەختە، لەحزەیەکە ھۆکاری ڕوودانی تەفسیر ناکرێت، دڵتەزێن و ئازار بەخشە، بە مانای وشە سەختە، بەڵام لەم ڕۆمانەدا سەختترە، نەک ھەر بەتەنیا بۆ مردووەکە، بەڵکوو بۆ کەسانی چواردەوریش.
ئەوەی لەم ڕۆمانەدا نامرێت خۆشەویستی و ھیوایە، ھیوا بە کۆتاییھاتنی جەنگەکان و ئازادی و ڕزگاری، ھیوا بە گەڕانەوە بۆ شار و گوندە کۆنەکان، ماڵ و خانووە کۆنەکان، بۆ گەڕەک و کۆڵانی ئازیزان، کە دواجار پێشبینییەکەی نووسەر بەدیھات و جەنگی ئەو وڵاتە دوای ٨ ساڵ لە نووسینی ڕۆمانەکە کۆتایھات.
(بە شێوەیەک بیری دەکردەوە کە ھیچ کەسێک لەم شارۆچکەیەدا نامێنێت، بەڵام ڕۆژێک دێت کە ھەمووان دەگەڕێنەوە بۆ ئەم شوێن و جێگەیە و پێویستە بزانن خۆشەویست و ئازیزانیان لە کوێ نێژراون...لا ١٢٠).
لەکۆتایدا دەستخۆشی زۆر بۆ ھاوڕێی ئازیز (کارزان عەلی) و دەزگای نووسیار بۆ ھەڵبژاردنی ئەم ڕۆمانە کە خوێنەری کوردی ھاوشانی خوێنەرانی وڵاتانی دیکە توانییان ئەم ڕۆمانە بخوێننەوە. بە ھیوای کاری جوانتر.