سەرکردەیەکی بزووتنەوەی نیشتمانی شیعەکان ڕایگەیاند، موقتەدا سەدر ڕەتیکردووەتەوە هیچ کەناڵێکی گفتوگۆ لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق بکاتەوە، هەروەها بزووتنەوەکەیان بەردەوام دەبێت لە چاودێریکردنی پێشهاتە سیاسییەکان.
ئاوێنە: میدیا عێراقییەکان سەبارەت بە وەڵامى موقتەدا سەدر سەرۆکى بزووتنەوەی نیشتمانی شیعە بۆ بەشداری کردن لە پێکهێنانى حکومەتى داهاتوو، لە زارى سەرکردەیەکى ئەو بزوتنەوەیە زانیارى نوێ دەخەنەڕوو: سەدر ڕەتیدەکاتەوە هیچ کەناڵێک چ ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ بۆ دیالۆگ لەگەڵ چوارچێوەى هەماهەنگى بکاتەوە، هەڵوێستی سەرۆکی بزووتنەوەی نیشتمانی شیعە ئەوەیە دەستوەردان لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووى عێراق ڕەتدەکەنەوە.
ئاماژەى بەوەشکرد، هەڵوێستی سەدر لە پابەندبوونی بە بنەماکانی بزووتنەوەکەی و سەربەخۆیی بڕیاردانی سیاسییەوە سەرچاوە دەگرێت، دوور لە هەر فشارێکی دەرەکی یان ناوخۆیی، بزووتنەوەکە بەردەوام دەبێت لە چاودێریکردنی پێشهاتە سیاسییەکان بەو شێوەیەی کە بە گونجاوی دەزانێت بۆ بەرژەوەندی عێراق و گەلەکەی.
جەختی لەوەشکردەوە، سەدر بەشداری لە هیچ دانوستان و گفتوگۆیەکی سیاسیدا ناکات، هەروەها هەر هەوڵێک بۆ دەستوەردان لە پێکهێنانی حکومەت قبوڵ ناکرێت.
پێشتر سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا ڕایگەیاند، هێزەکانی چوارچێوەى هەماهەنگى ڕێککەوتوون لەسەر دیاریکردنی نوێنەرێک بۆ دیدار لەگەڵ موقتەدا سەدر سەرۆکی بزووتنەوەی نیشتمانی شیعە و ڕوونکردنەوەى کورتەیەک لە پێشهاتەکانی سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو.