“پڕۆسەی دانووستان بۆ پێکهێنانى حکومەت لەسەر سێ بنەمای سەرەکی وەستاوە”
  2025-11-23       437       

شرۆڤەکارێكى سیاسی ڕایگەیاند، دانووستانەکانی نێوان لایەنە براوەکان پێی ناوەتە قۆناغێکی جدییەوە، پڕۆسەی دانووستانەکانیش لەسەر سێ پایەی سەرەکی وەستاوە، لەوانە ڕێککەوتن لەسەر بەرنامەیەکی هاوبەشی حکومی.

ئاوێنە: عائد هیلالى شرۆڤەکارى سیاسی سەبارەت بە دانووستانەکان و هەوڵى لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانى حکومەتى نوێی عێراق، بە ڕۆژنامەى سەباحی  ڕایگەیاند، دانووستانەکانی نێوان لایەنە براوەکان پێی ناوەتە قۆناغێکی جدییەوە و ئەنجامەکانی ئەم دواییە وایکردووە هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان ڕۆڵێکی باش بگێڕێت لە داڕشتنی گەورەترین هاوپەیمانی لەناو پەرلەماندا.

وتیشی، پڕۆسەی دانوستان بۆ پێکهێنانى حکومەت لەسەر سێ پایەی سەرەکی وەستاوە لەوانەش دامەزراندنی گەورەترین فراکسیۆن بۆ درووستکردنی هاوپەیمانی کە ڕەنگدانەوەی هاوسەنگی سیاسی و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان بێت.

هەروەها؛ ڕێککەوتن لەسەر بەرنامەیەکی حکومی و دابەشکردنی پۆستەکان لەسەر بنەمای بەشداریکردنی ڕاستەقینە نەک دابەشکردنی دەسەڵاتی تەقلیدی، بەم شێوەیە هاوبەشی سیاسی درووست دەبێت کە لەسەر بەرژەوەندی ستراتیژی بنیات نراوە.

جێگاى ئاماژەیە، بە وتەی چاودێران هێزە سیاسییە براوەکانی عێراق پێشبڕکێ لەگەڵ کاتدا دەکەن بۆ داڕشتنی قۆناغێكی سیاسی نوێ، کە ئامانجیان پێکهێنانی هاوپەیمانییەکى کاریگەرە، کە شایستە دەستوورییەکان دیاری بکات و پێکهاتەی سێ سەرۆکایەتییەکە دیاری بکات.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×