سەدرەدین قوبانچی، پێشنوێژ و وتاربێژی نەجەف ڕایگهیاند، هەر قسەیەک لەبارەی ئاساییبونەوە لەناوخۆی عێراقدا "قبوڵکراو نییە" و گەرەنتی لێپرسینەوەشی هەیە، هاوكات بێدەنگیی سەبارەت بە لابردنی بەرزاییەکانی جۆلان لەسەر نەخشەی سوریا کۆمکاری عەرەبی خستە ژێر پرسیارەوە.
ئاوێنە: سەدرەدین قوبانچی لە میانی وتاری ئهمڕۆ ههینیدا، ڕایگهیاند، "ئەوەی سەبارەت بە ئاساییکردنەوە لە لێدوانەکانی لویس ساکۆدا وروژێنرا بە تەواوی قبوڵکراو نییە، پێچەوانەی یاسای عێراقە و پێویستی بە لێپرسینەوە هەیە".
ئاماژهی بهوهشكرد، تهنانهت ئهگهر ئهو قسهیهیه وهك "مرۆڤدۆستانە بخرێتەڕو، پێویستە ئەوانەی باس لە مرۆڤدۆستی دەکەن، سەرەتا پێویستە باس له زیاتر لە 60 هەزار شەهیدی فەڵەستینی و ئەو دەیان هەزار ژن و منداڵە ونبوە بكهن کە هێشتا لە ژێر داروپەردودا نێژراون، ئەوە جگە لە دەستدرێژییە بەردەوامەکان بۆ سەر سوریا و لوبنان".
سەدرەدین قوبانچی، پێشنوێژ و وتاربێژی نەجەف ئاماژەی بە سەردانەکەی سەرۆکی پاکستان بۆ مەزارگە پیرۆزەکانی عێراق کرد و ڕونیکردەوە، "ئەو سەردانە ئاماژەیە بۆ بڵاوبونەوەی شیعەگەرایی لەسەر ئاستی جیهانی، گەڕانەوەی جیهانی ئیسلامی بۆ ئەهلولبەیت و شکستی ئایدۆلۆژیای دژە شیعە و کۆتاییهاتنی سەردەمی نەفامی و چەواشەکاری و تەکفیر".
قوبانچی هەروەها لەبارهی ڕاگەیاندراوی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی سوریا سەبارەت بە لابردنی بەرزاییەکانی جۆلان لەسەر نەخشەی سوریا قسەی کرد، ئەوەش پێچەوانەی لێدوانەکانی وەزیری بەرگری ئیسرائیل بو کە دوپاتی دەکردەوە، "هیچ کشانەوەیەک لە سوریا و غەززە نابێت و ئیسرائیل دەستبەرداری یەک ئینجێک لە بەرزاییەکانی جۆلان نابێت".
قوبانچی بێدەنگیی کۆمکاری عەرەبی و ئەوانەی بانگەشە بۆ ئاساییکردنەوە دەکەن، خستە ژێر پرسیارەوە، وتی، ئهوه "ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەمە هاوپەیمانییەکی ئاشکرای نێوان ڕژێمی سوریا و داگیرکاری ئیسرائیل ئاشکرا دەکات".
ئێوارهی 24ی ئهم مانگه لە ئاهەنگی لەدایکبونی مەسیح لە کەنیسەی مار یوسف لە بەغدا، کاردیناڵ لویس ساکۆ روی کردە محەمەد شیاع سودانی و وتی، "بەڕێز سەرۆک وەزیران باسی ئاساییکردنەوە دەکرێت، هیوام وایە حکومەتی نوێ گرنگی بەوە بدات کە ئاساییکردنەوە لە عێراق بکرێت، چونکە عێراق وڵاتی ئیبراهیم و پێغەمبەرانە".
بهڵام سودانی كه بەشداری دو مەراسیمی کرد کە بەبۆنەی جەژنی کریسمسەوە لە کڵێساکان لە ناوەڕاستی بەغدا، دهستهجێ وهڵامی دایهوه و ڕایگهیاند، "وشەی ئاساییکردنەوە لە فەرهەنگی عێراقیدا بونی نییە".