نەبەز ئەحمەد
تەواوی نوسین و گفتوگۆکان دەربارەی ئەم ڕۆمانە لەهەوڵێکی بێوەچاندان فۆڕمێکی ناسیۆنالیستانە بەسەر ئەم ڕۆمانەدا بسەپێنن و بیخەنە خانەی ئەدەبی بەرگری و لەقاڵبدانی لەچوارچێوەی ئەدەبی ڕەمزی نەتەوەی کە فرێدرێک جەمیسی ڕەخنەگری ئەدەبی پێی وایە ئەم مێتافۆرە جەوهەری تەواوی ئەدەبی دونیای سێهەمە و ئەدەب لەم گرێیە ڕزگاری نەبوە لەم بەشەی جیهان.
یەکێک لەم هۆکارانەی کە ئاسان ڕێگای خۆشکردوە بۆ ئەم بۆچونە بریتیە لەمەی کە ئەم ڕۆمانە بەپێچەوانەی تەواوی کارەکانی بەختیار بەشی زۆری چیرۆک و ڕوداوەکان، ڕوکارێکی سادەو ڕونتریان هەیە و پەیوەندیان بە مێژو واقع ئاسانتر دەستنیشان دەکرێت لە زیهنی خوێنەر، چیرۆکی سەرەکی ڕۆمانەکە لەڕوکاردا بریتیە لە گێڕانەوە و گوزارشتکردنی پاشخانی سیاسی و ژێرخانی مێژوی دەوڵەتی مۆدێرنی تورکیا کە ڕەگەزی بنەڕەتی بریتیە لە فاشیزم و چەوساندنەوەی کورد.
بەشی زۆری ئەم شیکاریانەی دەربارەی ئەم ڕۆمانە کراون لەئاستی لۆکاڵی و نێودەوڵەتیدا ئەم ڕۆمانە بەڕەمزی بەرگری خەباتی کورد دادەنێن دژ بە جەوری فاشزمی تورکی، یان لەباشترین دۆخدا بە سەربوردەی فاشیزمی تورکی و چەوساندنەوەی کورد وەک نەتەوە لەم دەوڵەتەدا پێناسی دەکەن. بەمانایەکیتر تەواوی ئەم خوێندنەوانە لە نێوان دوانەی قوربانی و زاڵم چەقیان بەستوە، هانی خوێنەر دەدەن خێرا خۆی هاوشوناس بکات لەگەڵ لایەنێکی مۆڕاڵی نێو ڕۆمانەکە. هەڵبەتە ئەم لۆژیکە لەلایەک دەرفەتی گەورە دەکاتەوە بۆ سەرنج ڕاکێشانی خوێنەری لۆکاڵی، لەهەمان کاتیشا زیانێکی گەورە لە یونیڤێرسالیەتی ئەم کارە ئەدەبیە دەدات چونکێ بەپێچەوانەی ئەم ڕوکارە سادەو لۆکاڵیەی سەرەوە، داگیرکردنی تاریکی بەتەنیا بریتی نیە لە گێڕانەوەی مێژوی فاشیەتی تورک یان چەوساندنەوەی کورد و خەباتی لەدژی فاشیەت، بەڵکو ئەم ڕۆمانە لەڕێگای لۆژیکی سێمبۆلی ئەدەبیەوە بەهاوکاری سێکوچکەی فەنتازیا- یادگە- مێژوو لێکۆڵینەوەیەکە لەسەر میکانزمەکانی کارکردی دەرونیانەی فاشیزم و جەوهەرەکەی. واتا لەبنەڕەتدا ڕۆمانەکە بریتی نیە لە حوکمێکی ئەخلاقیانە بەڵکو فاشیەتی تورک و قوربانی کورد وەک ئامرازێک وەردەگرێت لەپێناو ئامانجێکی گرنگتر کە بریتیە لە تێگەیشتنێکی سایکۆلۆژیانە لەرێگای ئەدەب لە فاشیەت و چۆنیەتی کارکردە دەرونیەکەی.
بەبێ تێگەیشتن لەم خاڵە سێنتڕاڵەی نێو ڕۆمانەکە تەواوی ئەم دەرفەتە لەدەست دەچێت کە ئامانجی سەرەکی ڕوهەڵماڵینی جەوهەرە ڕاستەقینەکەی فاشزمە نەوەک گوزارشتکردنی یەک جۆر فاشزم لە زەمەن و دۆخێکی تایبەتدا. بەلاوەنان و باسنەکردنی ئەم بونیاتە سێنتڕاڵەی نێو داگیرکرندی تاریکی هەوڵێکی ئایدۆلۆژیانەیە بۆ بەرهەم هێنانی حوکمێکی ڕەهاو حەتمی بەمەی فاشزم لە بنەڕەتدا ئەخلاقیات و بیرکردنەوەی تەنیا یەک گڕوپ و دەستەوتاقمە، یان ئایدیاو پڕۆژەی سیاسی لایەنێکەو لەبنەڕەتیشدا ئەم خەڵکانە فاشستن، بەمانایەکی تر، دابەشکردنی جیهان بەسەر چاکەو خراپەی ئەبەدی.
ئەم ناوک و کڕۆکە گرنگەی ڕۆمانەکە هەر لە دەرەوازە سەرەتاکانی ڕۆمانەکە خۆی بەیان دەکات بەمەی ئەم ڕۆمانە هەر لەبنەڕەتدا بریتی نیە لە چیرۆکی قوربانی, گێڕەرەوەکان و کاراکتەرە سەرەکیەکان هیچ کامیان سەر بە بەرەی قوربانی نین، کوردەکان کە لایەنی بێ دەسەڵاتن و زوڵمیان لێ دەکرێت بە ڕێژەی تەواوەتی پاسڤ و بێدەنگن، لەبەرەکەی تریشدا کە تورکەکانن و خاوەن دەسەڵاتن بەڕەهای سەر بە بەرەی چەوسێنەر نین، بۆنمونە کاراکتەرێکی وەک عەڵی ئیحسان سەرەرای ئەمەی کە خۆی بە تورکێکی ڕەسەن و ئەندامی گورگە بۆرەکان دادەنێت بەڵام هیج بەهایەکی نیە بۆ ڕزگارکردنی. تارق ئاکنسو، ئایدۆلۆژست و خاوەن پێگەیەکی کاریگەرە لەدەوڵەت بەڵام ئەمیش بە تەواوی نوێنەرایەتی دەوڵەت ناکات چونکێ لەڕوانگەی ئەم دەوڵەت کورتی هێناوە لە پیادەکردنی ئایدۆلۆژیاکە، واتا ڕوبەری ڕوداوەکان بریتی نین لەململانێی نێوان جەلادو قوربانی.
هەروەها تەواوی ڕوداوەکان لەنێو ڕۆمانەکە پشتڕاستی ئەم بۆچونە دەکەن کە ئامانجیان نیە وێنای زەبرو زنگی کرداریانەی فاشزم بکەن، چونکێ هەر لەبنەرەتدا پیشەی ئەدەب نیە هەقیقەتی کارەساتەکان و کاریگەریان لەسەر مرۆڤ لەڕێگای گوزارشتکردن لە خودی کارەسات وەسف بکات، ئەدەب ناتوانێت هاوکارمان بێت لەمەی لە ڕێگای گوزارشتکردن لە خودی ئازارو ستەم لە سەختی و ئاستی ئازارو جەور تێبگەین، بەمانایەکی تر ئازار یان ستەم ناتوانرێت گوزارشت بکرێت چونکێ تەنیا خودی قوربانی بەرکەوتەی لەگەڵی هەیە و لە نا ئامادەی ئەمیش ئەستەمە بتوانرێت لە ئاست و قەبارەکەی تێبگەین.
بۆیە ئەم ڕۆمانە بریتی نیە لە مێژوی فاشیزمی تورکی و چەوساندنەوەی کورد، لەهەمانکاتیشا بریتی نیە لە نیشاندانی دەرەنجامو لێکەوتە واقعیەکانی فاشیزم. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ڕۆمانەکە بەهێڵێکی کاڵ بەڵام نەپچڕاو بەردەوام خوێنەر وشیاردەکاتەوە لەمەی کە فاشزم لەخۆرهەڵات هەمیشە ئامادەیەو لەگەڵمان دەژێت بەبێ ئەوەی بەیانی ئامادەی خۆی بکات یان بەبێ هیچ جۆرە بەرەنگاریەک، ئامادەیەکەی بەجۆرێک بەرفراوان و جێگیرە کە بەشێکە لەژیانی ئاسایی ڕۆژانەمان. بۆنمونە کاراکتەرە سەرەکیەکانی داگیرکردنی تاریکی هیچیان سادۆمازۆکی نین، مرۆڤی کۆمەڵایەتی ئاساین و ڕۆڵی کۆمەڵایەتی ئاسای دەگێڕن، پارت و هێزە سیاسیەکان و بزوتنەوەی کامالیزم فۆڕمێکی شێتگێرانەیان نیە وەک نازیەکان، دەوڵەت وەک بونی هەمیشەی خۆی تەنیا ڕۆڵی ئاسایی خۆی دەگێڕێت کە پێگەی پراکتیکردنی توانای هێزە هیچ جۆرە تێکچون و نائارامیەک بەرهەم نەهاتوە، بەکورتیەکەی فاشزم بەجۆرێک لەجۆرەکان نۆرمێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیە.
بەڵام لەسەروی هەمو ئەمانەوە خاڵی جەوهەری لەم ڕۆمانەدا بریتیە نیشاندانی کارکردی سایکۆلۆژیانەی فاشزم لە نێو دەزگای دەرونی تاک. بەجۆرێکیتر ئەم رۆمانە بە ستایلێکی زۆر دێستۆڤسکیانە بەدوای هۆکارە بونیادیەکانی فاشزم دەگەڕێت لای مرۆڤی خۆرهەڵاتی، ناکەوێتە ئەم هەڵە باوەی ئەدەبیاتی خۆرهەڵاتی بەتەنیا بەدوای ڕەگە سیاسی، کۆمەڵایەتی یان ئابوریەکانی فاشزم سەرگەردان بێت، بەڵکو ئەم بەرهەمە بە ئاڕاستەیەکیتر هەنگاو دەنێت، سەوداسەری ئەمەیە کە چی وادەکات ئەم ئەخلاقیات و دونیابینیە تاریک و دڕندەیە لای مرۆڤ بەم جۆرە پەرەبسەنێت و نەتوانێت دەسبەرداری بێت، بەجۆرێک کۆمەڵگای مرۆی لەخۆرهەڵات بۆتە شوێنێک فاشزم لەتڕۆپکی باڵادەستی دایە، کەوتۆتە پێش هەرجۆرە بیرکردنەوە و لۆجیک و ئەقلانیەتێک، بۆ ئامادەی و پێوستی بونی فاشزم پێویستی بەهیچ بەهانەو هۆکارێک نیە، تەنانەت تاریکترین و دڕەندەترین فۆڕمی فاشزم کە لەزەت بینین لەمەرگە بۆتە تاکە سەرچاوەی چێژ و ئامانجی باڵا لە کۆمەڵگادا، قوربانی و جەلاد بەیەک ئاست لەزەت دەبینن لە مەرگ و لە پێشبڕکێدان بۆ ئەوەی بکوژن و بمرن.
لەگەشتی گەڕان و سەوداسەری ئەم پرسیارانە ئەم بەرهەمە ئەدەبیە سەرنجمان بۆ ڕوبەرێکی کەشفنەکراو ڕادەکێشێت، ئەم ڕۆمانە ڕون و ئاشکرا بەشێوەیەکی زۆر ناوازانە پێمان دەڵێت ڕەگە بنەڕەتیەکانی فاشزم چیتر سەرچاوەی واقعی و ئەقلانیان نیە، چیتر بارودۆخی و لێکدانەوە ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان هیچمان پێناڵێن دەربارەی پەسەندی و شوێنی ئەم هێزە تاریکو دژە مرۆیە لەکۆمەڵگادا، لەشوێنی ئەمەدا داگیرکردنی تاریکی چیتر کات بەفیڕۆنادات و ڕاستەوخۆ ڕوبەرێکی کەشفنەکراو و باس نەکراو دەکاتە ئامانج، ئەمیش کاریگەری غەریزە ڕام نەکراوەکانی دەزگای دەرونی مرۆی کە هەنگاوێک دەکەونە پێش فۆرمەڵەبونی ئایدیاکان و فاکتەکان، یان بەجۆرێکیتر ئەم ڕەمەکانەی کە ڕەنگڕێژی بیروهۆشمان دەکەن.
هەڵبەتە ئەمەش بەمانای ئەوە نیە کە ئەم ڕۆمانە بیەوێت شیکاریەکی فرۆیدیانە یان دەرونشیکاری بۆ ڕەچەڵەکی فاشزم بکات، ئەمە کاری تیۆریە دەرونشیکاریەکانە و میتۆدی زانستیانەیە، لەهەمانکاتدا داگیرکردنی تاریکی مەبەستی نیە سەرچاوەی فاشزم وەک بەشێکی دانەبڕاو لە غەریزەی شەڕەنگێزی شیکار بکات و سادەکارانە هاوکێشەیەکی وا دروست بکات کە: (شەڕەنگێزی غەریزەیەکی سروشتی مرۆڤە+ فاشزم ڕوە ڕەفتاری و کردەیەکەی شەڕەنگێزیە= لێکەوتەیەکی ئاسایی دەزگای دەرونی مرۆییە.) بەپێچەوانەوە ئەم ڕۆمانە دەیەوێت سەرەداوی ئەم هۆکارە بدۆزێتەوە کە چۆن چۆنی فاشزم توانی پێگەیەکی هێندە کاریگەر لەنێو هێزە ڕەمەکیەکانی مرۆڤی خۆرهەڵاتی داگیربکات، هەڵبەتە ئەم ڕۆمانە بانگەشەی ئەمە ناکات کە وەڵامێکی ئاوا دەداتەوە بەڵام هێلکاریەک دەدات بەدەستەوە کە لەکۆتایدا خوێنەر نەخشەیەکی لە خەیاڵیدا دروست دەبێت دەتوانێت ببینێت کە فاشزم پەریوەتەوە نێو دونیای تاریکی ڕەمەکە دەرونیەکان و دەستپێ گەیشتن و تێ گەیشتن لێی ئاسان نیە.
یەکێک لەم هێڵانەی کە لەم نەخشە چرە دەتوانرێت دەستنیشان بکرێت ئەمیش ئەوەیە کە داگیرکردنی تاریکی ڕەچەڵەکی یەکەمی فاشزم دەباتەوە سەر ترس وەک یەکێک لە غەریزە دەرونیە ئەبەدیەکانی مرۆڤ کە وەک فرۆید ڕونی کردۆتەوە ئەم ڕەمەکە لەهەر قۆناغەو دۆخو زەمەنێک فۆڕم و شێوەی جیا وەردەگرێت. لەم ڕۆمانەدا ترس کە بەرزبۆتەوە بۆ ئاستی فۆبیا، سەرچاوەیەکی سەرەکیە بۆ داکوتینی گەراکانی فاشزم لە سیستمی دەرونی مرۆڤی خۆرهەڵاتی، ڕۆمانەکە زۆر بەدواداچون ناکات بۆ ڕەچەتەی دەرونی ترس چونکێ وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێدا ئەم ئەرکە لەبنەڕەتدا زەرور نیە بۆ کارێکی ئەدەبی، بەڵام لەم ڕۆمانەدا ترس گەیشتۆتە قۆناغە مەترسیدارەکەی خۆی کە فۆبیایە لەشێوەی جیاجیا فۆڕمی وەرگرتوە، وەک ترسی پیس بون و پاک نەمانەوەی نەژادی و سیاسی، ترسی لەنێوچونی جەستەی نەژادی و یەکەی سیاسی، ترسی لەدەستدانی ناسنامە و ترسی نادیارو چەندنانی تر کە بەیەکەوە گەرا بنەڕەتیەکانی فاشزم دادەنێن لای کاراکتەرەکان بە قوربانی و جەلادەوە. بۆنمونە ترسی سەرەکی تارق ئاکنسو بریتیە لە لەپاک نەمانەوەی نەژادی تورک و یەکە سیاسیەکەی و هەرەشەی پیس بونی، هەوڵو تەقەڵای ئاکنسو بریتیە لە خۆجیاکردنەوەیەکی توندو فانەتیک کە هەرگیز لە ئەمیتر نەچێت، ئەم نکۆڵی ناکات لەمەی ئەمانیتر بونیان هەیەو جیاوازن بەڵام بۆ ئەم، پاک مانەو و خۆجیاکردنەوە بریتیە لە کارە سەرەکیەکە کە لەژێر مەترسیدایە. دەربارەی هەمان ترس عەلی ئیحسان یەکێکیتر لە کاراکتەرەکانی ڕۆمانەکە لە شوێنێک بە عیسمەت دەڵێت ئەگەر ترسی پوچ نەبێت هیچ ئادەمیزادێک پێویستی بە دەوڵەت نیە( لا197). تەنانەت ترس تەواوی سنورو جیاوازیە سیاسی و فکری و ڕەگەزی و لۆجیکیەکانیشی تێپەڕاندوە، کاراکتەرێکی وەک دیدەم شاهین کە ئافرەتە بەڵام بەرپرسی ئەشکەنجەی گیراوەکانەو ترسی ئەم لە گیراوەکان و لە مرۆڤەکان هیچ بەهانەو هۆکارێکی لە پشت نیە و پێویستیشی بەهیچ لۆژیکێک نیە، ئەم بە تۆنێکی پڕ لە دڵنیای دان بەمە دادەنێت کە پێش ئەشکەنجەدان هیج پرسیارێک لە گیراوەکانی ناکات (لا187). تەنانەت ئەم ترسە لای قوربانیەکانیش ئامادەی هەیە بەبێ هیج پێشینەیەکی واقعی، وەک دەبینین عەلی ئیحسان سەرسامەو تێناگات بەمەی کە ئەم ترسەی ئەو لەنێوچاوانی کوردان دەیخوێندەوە پەیوەندی بە لێدان و سزاو هەڕەشەوە نەبو بەڵکو ترسێک بو هەر لەسەرەتاوە لەناخی بەندکراواندا هەبو (لا396).
لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە فاشزم لە ڕێگای ڕەمەکی ترس پەیوەندیەکی توندوتۆڵی لەگەڵ دەزگای دەرونی مرۆڤ بەستوە و پەڕیوەتەوە نێو سنورە تاریکەکانی نەست کە لۆجیک و ئەقڵ دەسەڵاتیان بەسەردا ناشکێت. لەڕێگای هەڵکۆڵین و تێگەیشتن لەم پڕۆسێسانەی کە نەخشەڕێگای ئەم پەیوەندیە دادەڕێژن خوێنەر ڕوبەرێکی نوێ لەبەردەم دەکرێتەوە بۆ تێگەیستن لە فاشزم لەهەمان کاتیشا دەرفەتی ئەمە بەدەست دێنێت کە ئاشنا بێت بەمەی کە کارکرد و جۆری فاشزمی خۆرهەڵاتی زۆر ڕادیکاڵانە جیایە لە فاشزمی کلاسیکی کە لەخۆرئاوا خۆی نمایشکرد و ماوەیەک لەدەسەڵاتابو. بەختیار خۆشی لە وتاری دڵی تاریکی ئەمە ڕوندەکاتەوە کە فاشزمی خۆرهەڵاتی وەک فاشزمی خۆرئاوایی بەتەنیا کار لەسەر نەهێشتنی جیاوازی ناکات و تەنها یەک ئایدیاو یەک سەرکردە ناسەپێنێت بەڵکو فاشزمی خۆرهەڵاتی زۆر لەمە دورتر دەڕوات، جگە لە جەستە بەڵکو سوبێکتیش وەک یەکەیەکی ڕەمزی تێک دەشکێنێت لەڕێگای دەستگرتن بەسەر ژورە تاریکەکانی سوبێکت کە بەشێوەیەکی گشتی هێشتا لای خودی سوبێکتیش ڕون و ئاشکرا نین، واتا داگیرکردنی ئەم بەشەی کە دەکەوێتە پێش ئیرادەو هۆش، یان بەجۆرێکیتر داگیرکردنی نەست.
بەم جۆرە کە نەست کەوتە دەست فاشزم، دواتر کۆی پڕۆسەی سۆبێکت دەکەوێتە دەستی فاشزم و ئەم کاراکتەرە دادەڕێژێت کە خۆی دەیەوێت. بۆیە دەبینین کاتێک تاریق ئاکنسو دوای شکستەکەی لەهەڵبژاردن کە دەچێتە ناوچە شاخاوی و دەشتایەکان بۆ ڕاوکردن بەڕونی هەست بەمە دەکات کە کاری ئەم سەخترە و ئێستا تێدەگات کە چ ڕوبەرێکی مەزن و گرنگ ماوە داگیری بکەن، یان لە شوێنێکیتر دەڵێت شەڕی من گەورەترە لەشەڕ لەگەڵ کۆمەڵێک خەڵکی وەک ئیحسان نوری و شێخ ڕەزا، جەنگی من وەک شەڕی گوردانێکی سوپای تورک نیە بیانەوێت بەشێک لە چیایەک بگرن، بەڵکو من جەنگاوەرم بەڵام بۆ شەڕ لەگەڵ ئەم ڕۆحە هاتوم (لا 425)
تا ئێرە بەشێوەیەکی خێرا لەمە گەیشتین کە ڕۆمانی داگیرکردنی تاریکی بریتیە لەتێگەیشتن لە فاشزمی خۆرهەڵاتی لە فۆڕمە پەتیەکەی خۆیدا پێش ماسک کردنی. وەک دیارە ئەم فۆڕمە بۆ بونو ئامادەی لە ژینگە کۆمەڵایەتیەکانی خۆرهەڵات پێویستی بەهیچ جۆرە شەڕعیەتێکی لۆجیکی و ئەقلانی نیە تەنیا کەمێک ماسکی پێویستە، بەیەک قەبارەو ئاست لای زاڵم و قوربانی ئامادەی هەیە.
بەڵام لێرە بەدواوە پێویستە بپرسین ئایا لە ڕێگای بەقوربانی نمایشکردنی کورد لەم ڕۆمانەدا کە بەشی زۆری خوێندنەوەکان وا هێلکاری دەکەن دەمانپارێزێت لەمەی کە ئەم ڕەگ و ڕەچەتە مەترسیدارانەی فاشزم نەدۆزینەوە لە جەوهەری دونیابینی مرۆڤ و کۆمەڵگای کوردی یان ئەمەی کە پێی دەوترێت ناسنامەو دونیابینی کوردی. هانا ئاڕنێت لەوتاری شۆرش و ئازادی فۆڕمەڵەی ئەمە دەکات کە ئازادی بەشێوەیەکی ناچارانە بەرەنجامی ڕزگاری نیە، ڕزگاری لەچەوسانەوە بریتی نیە لە ئازادی. ڕەنگبێ ئەم ئەم دەرەنجامە تیۆریە لەهیچ شوێنێکی جیهان بەقەد دونیای کوردی پێوستی بە لەسەر وەستان نەبێت و ئەگەری نزیکی لە واقعیش دور نەبێت. خاڵی جەوهەری لێردا بریتیە لە ئاڕاستەکردنی ئەم پرسیارە: ئایا ئێمە لە خەباتی ڕزگاری خۆماندا دژ بە فاشیەت توانیومانە لە فاشیەت ئازادمان بێت؟ ئایا پڕۆسەی ڕزگاری ئاشنای کردین بە مانای ئازادی؟
ئەگەر بمانەوێت ڕاسگۆیانە پێکۆلکاری بکەین بەڵگەکان و واقعی کۆمەڵگای ئینسانی ئێمە پێمان دەڵێن ئێمە زۆر مەترسیدارانەتر لە فاشیەت چەقیوین، لەهەردو بەرەدا مرۆڤی کوردی بەرکەوتەی هەیە بە فاشزم، لە لایەک ڕاستەوخۆ ئەزمونی کارلێکە دڕندەو توندوتیژیەکانی دەکات، لەلایەکیترەوە بارگاوی دەکرێت و سیستەمی دەرونی بە فاشیەت ڕەنگڕێژ دەکرێت. بەم جۆرە فاشیەتی خۆرهەڵاتی بۆتە وزەی ژیانی کەلتورو ناسنامەی کوردی، بۆتە ماشێنێکی دڵرەقی چەوساندنەوەی مرۆڤ، فۆڕمێکی پارانۆیای ترساو و شێت و سەرگەردان نوێنەرایەتی ئەم دونیابینیە دەکات، لەلایەک تەواوی وزەی خۆی لە ستراتیژیەتی مانەوەو و ترسی لەنێوچون مەسرەف دەکات، لەلاکەی تریش هەمو هەوڵێک دەدات خۆی پاک ڕابگڕێت لە هەر جۆرە ئاوێزانبونێک و کرانەوەیەک.
لە کتێبی گوتاری مانەوەدا بەختیار عەڵی گەشە بە تیۆرەیەک دەدات، کە ترسی لەنێوچون بەجۆرێک گەشەی کردوە، دەرون و هۆشی ئینسانی ئێمەی تەواو داگیرکردوە، بۆتە شاگوتار و تاکە دەرچەی دونیابینی ئێمە بۆ ژیان. بەختیار گوتاری مانەوە بە هەوێنی فاشزم دادەنێت لە دونیای کوردیدا، بەمەی ئەم گوتارە لەهەناوی ترس بەرهەم هاتوە و گرفتاری فۆبیای لەنێوچونە و ناتوانێت تێی بپەڕێنێت، هەژمونی ئەم ترس و فۆبیایە بەجۆرێکە کە بەختیار دەگاتە ئەم دەرەنجامەی کە کورد بون بریتیە کۆبونەوە بەدەوری ترسێکی هاوبەش نەوەک زمان و کەلتورێکی هاوبەش. تیۆرەکە دەگاتە بەم دەرەنجامەی کە بەهۆی ئەم پێگە قوڵەی ترس لەنێو ئەم گوتارەدا، کۆمەڵگەی کوردی پێگەیەکی قوڵی لەنێو پێکهاتەی کۆمەڵایەتی مرۆڤی سەرەتای دایە کە ئامانج بریتیە لە دڵنیای و ڕاکردن لە مەرگ نەوەک فێربونی ژیان، لە دۆخی بەرەنگاریشدا گوتاری مانەوە تەنیا شتێک هەبێت وەک کەرەستەیەکی بەرەنگاری بەکاری بێنێت مەرگە، بەمەش لەدەرەنجامدا کۆی ژینگەکە بۆتە گفتۆکردن و وەڵامدانەوی مەرگ بە مەرگ و دەرکردنی نرخ و بەهای ژیان لەکۆمەڵگادا.
بەم جۆرە کە وردتر سەیری ڕۆمانی داگیرکردنی تاریکی دەکەین، دەردەکەوێت کە شا گوتاری سەرەکی ڕۆمانەکە بریتیە لە لەدایک بون و هاتنە دەرەوەی فاشزم لە هەناوی ترس. ترسێکی ڕەمەکی کە هەمیشە ئامادەیی هەیە و ماسکی جیا جیای پۆشیوە و لەگەڵ هیچ جۆرە لۆژیکێک گفتوگۆ ناکات. ترس و فۆبیای ئەویتر کە هەڕەشەیە لەسەر پاکی و بێگەردی نەژادی تارق ئاکنسو، ترسی ناڕونی ئەویتر کە نازانرێت چی دەوێت، ترسی نا ئامادەی ئەویتر بۆ توانەو پەسنی منی باڵا، تا دەگات بە ترس لە نەبونی هیج ترسێک کە دواجار ئەمەیان گەورەترین مەترسی سەر ژیانی فاشزمە و بە کەوتنی ماسکەکانی زیانێکی گەورەی لێدەدات، هەروەک دەبینین لەدوا ساتەکانی تەمەنی کە تارق ئاکنسو دەچەتە نێو قەفەزی فرزەند بەگی ورچ توشی ئەم نائومێدیە گەورەیە دەبێت کە لەوێدا ئەم ترسە ئامادەی نیە کە ئەم دەیەوێت بیسەڵمێنێت.
بۆیە داگیرکردنی تاریکی لە بنەڕەتدا شتێک زیاتر لەسەرخۆمان وەک کورد پێ دەڵێت تا ئەمەی لەسەر تورک، بەرهەمێکی ئەدەبیە کە بەچاوێکی زۆر وردو تیژانە سەیری کارکردی فاشزم دەکات بەڵام بەبێ دابەشکردنی دونیا بەسەر چاکە و خراپەدا. هەر ئەمەشە کە وادەکات ئەم کارە ئەدەبیە ناوازەو گرنگ بێت چونکێ ئەگەر قرار بوایە ئەم ڕۆمانە شاهێدی لەسەر مێژوی فاشزمی تورکی لەقۆناخێکی مێژوی دیاریکراودا بدابایە ئەوا بەدڵنیایەوە شتێکی ئەوتۆی زیاد نەدەکرد بۆ سەر ئەدەبیاتی کوردی یان خۆرهەڵات. بەجۆرێکیتر، داگیرکردنی تاریکی شاهێدی لەسەر فاشزمی تورکی نیە، بەڵکو نیشاندانی ئەم جیهانە سەر ڕێژەیە لە فاشیزم لە خۆرهەڵات کە ئامادەیەکەی ئەوەندە چڕو بەربڵاو هەژمودارە کە هیج جۆرە بەرگریەک یان پڕۆژەیەکی دژو پێچەوانەکەی خۆی تێبینی ناکات، بۆیە سەرسامانە لەبونی خۆی کەوتۆتە گومان و پەڕیوەتەوە نێو سنورەکانی پاڕانۆیا و چەوسێنەرو قوربانیش بەیەک ئاست لە ژێر هەژمونیدان.