کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆتاییهات و چوارچێوەکە دووپاتیکردەوە، نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی حكومەت کاندیدیانە.
ئاوێنە: چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەیاننامەیەكدا ئاشکرایکرد "پشتگیری خۆمان بۆ نوری کامیل مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی حكومەت دووپات دەكەینەوە. چونکە هەڵبژاردنی سەرۆکی حکومەت پرسێکی دەستوری تەواو عێراقییە".
ئەوەش هاتووە "بەپێی میکانیزمەکانی پڕۆسەی سیاسی بەرەچاوکردنی بەرژەوەندی نیشتمانی و دوور سەپاندنی بۆچونی دەرەكی بەڕێوەدەچێت".
چوارچێوەکە ئاماژەی بەوەشداوە، "پەرۆشین بۆ پەیوەندی هاوسەنگ لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتییە کاریگەرەکان".
وتوشیانە "پەیوەندییەك لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی. عێراق دەوڵەتێکی دامەزراوە و توانای بەڕێوەبردنی شایستە سیاسییەکانی بەپێی دەستورو ئیرادەی نوێنەرانی گەل هەیە".
چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەیاننامەکەدا جەختی، لە گرنگی ڕێزگرتن و پابەندبوون بە وادە دەستوورییەکان کردەوە، داوای لە هەموو لایەنەکان کرد زۆرترین هەوڵ بدەن بۆ گەیشتن بە چارەسەری پەسەندکراو لەلایەن هەموو لایەکەوە.