ئەنفــــال وەك پارادایم: ژیـــــانی حـــــــــەرام.
  2026-03-24       538       

عومەر خەتات

 

خوێـــــــــندنەوەیەك:

 

چەند ڕۆژێـــکە، ئەم کتێــبەی هاوڕێـــم تەیفوری چاوی بە دنیـــا هەڵهێــناوە. بێگوومـــان هێشـــتا کتێــبەکەم بە دەستم نەگەیشتووە. بەڵام خوێندنەوەی من بۆی لە ساتەوەختی بڵاوبوونەوەیەوە دەست پێناکات، بەڵکو لە سەردەمێکی پێشترەوە. لەو دەقـــانەوە کە هێشتا لە پرۆسەی پێکهاتــندا بوون، لەو بڕگانەی کە هێشـــتا لە فۆرمی کۆتایی خۆیاندا جێگیر نەبوون، هەروەها لە دیالۆگی درێژخــــایەن لەگەڵ تەیفوریــدا، ئەو کاتەی کە دەقەکە کەمتر ئۆبژەی خوێندنەوە بووە و زیاتر مەیدانێــك بووە بۆ تێڕامـــان. بەم مانایە ئەم دێڕانەی ئێســتا لە خوێندنەوەیەکی دواتر بۆ دەقەکەوە سەرچاوە ناگرن، بەڵکو لە نزیکبوونەوەیەکەوە سەرچاوە دەگرن لە دۆخی ناتەواوی خۆیدا، کاتێك هێشتا نەبووە بە "کتێب". هەر لەبەر ئەم هۆکارە، ئەوەی لێرەدا نووســـراوە، ئاگاداریــیەکی تەواو نیــیە لە دەقەکە لە فۆڕمی کۆتایی خۆیدا، بەڵکو زیاتر وەفادارییەوەکە بۆ  گرژییە سەرەتایـــیەی کە تێیدا لەدایك بووە.

ئەم دەقە، سەر بە هیچ ژانرێکی دیاریکراو نییـــە، چونکە لە خاڵێــــکدا نووسراوە کە ژانرەکان مانای خۆیان لەدەست دەدەن. ئەگەر وایلێبڕوانیــــن کە ئەمە باســێکی ئەکادیمیــیە، ئەبێ چاوەڕێی تیۆری ئەبستراکت و تەفسیرەکەشی بکەین، ئەگەر وەك ڕۆمـــانێك بیخوێــنینەوە، ناکەوین بەسەر گێڕانەوەیەکی خەیاڵی ناو سەری ڕۆماننووســـێك، ئەگەریش وەك شایەتیی کۆمەڵێك کەسی هەڵهاتوو لە ئەنفال بیخوێـــنینەوە، ئەوە دیســان تووشی ئیشکال دەبین، چونکە دەقەکە تەنها نقڵی شایەتحاڵی نیــیە بەڵکو هەڵوەشاندنەوەی شایەتحاڵیشە، بەڵام دیســـان دەقەکە هەموو ئەم ژانرانەشی تێــدایە ئەگەرچی زمــانی هەموویان تێدەپەڕێنێت و تێگەیشتن و خوێـــندنەوە نەریتیــیەکانیش تا ئاســتی شێواندان دەبـــات. 

ئەنفــــــال لەم دەقەی تەیفوریــدا، ڕووداوێـــکی مێژوویی نیــیە تا لە زەمەنێـــکی دیاریکراوودا قەتیس بکرێت، بەڵکو پچڕانــــێکە لە خودی زەمەنـــدا، درزێکە کە هەموو "پێش" و "دوا"کان دەخاتە ژێر گومـــــانەوە. ئەنفــال ئەوە نـــییە کە ڕوویدا و ئەزموون کرا، بەڵکو ئەوەیە کە بـــــــەردەوامە؛ نەك وەك دووبارەبوونەوەیەك، بەڵکو وەك شوێنەوارێکی نـائارام کە پەیوەندی نێوان ژیان و مردن لە دەرەوەی هەموو دووانە ئاشناکانەوە ڕێکدەخـــاتەوە.

ئەوەی لەم کتێبەدا هەڵدەوەشێنرێـتەوە، تەنیا توندوتیژی نیـــیە، بەڵکو ئەو زمانەیە کە بانگەشەی هێزی خستنەڕووی تووندوتیژیی دەکات. "قوربانی"، "رزگاربوو"، "زیندان" لەم دەقەدا، ووشەگەلێـــکی بێتــــاوان نین، بەڵکو جۆرێكن لە جۆرەکانی داخستنی مانـــا. بۆیە تەیفوری بە ئـــاشکرا ڕەخـــنە لەو چەمکانە ناگرێت، بەڵکو عاقڵانە دەیانخاتە ناو حاڵەتێکی زمانلاڵی هەمیشەییەوە، زمانڵاڵیــیەك کە توانای لەخۆگرتنی ئەو شتانە لەدەست دەدەن کە ئاماژەن بۆیــــان.

شایەتحاڵ کە زۆرترین ڕۆبینـــای کتێبەکەی داگیر کردووە، وەك ماددەیەك بەکارناهێنرێت، بەڵکو هێزێکی لاوازکردنە. شایەتحاڵی لە دەقەکەدا، نە شایەتحاڵیــیە و نە گێرانەوەی شایەتحاڵیش، بەڵکو پەردەیەکە کە شایەتحاڵی دەکاتە مومکین و لە هەمانکاتیشــدا مەحاڵ. شایەتحاڵ لەم دەقەدا تەنهــا ڕووداوەکان ناگێڕێتەوە، بەڵکو سنوورەکانی خودی گوتار دیاری دەکات. شایەتحاڵ لە دەرەوەی ئەزموونەکە نەوەستاوە و بیگێڕێــتەوە، بەڵکو لەناو خودی ئەزموونەدا وەك شوێــنەوارێکی زینــــدوو کە هەوڵی وەدەستهێــنانەوەی خۆی دەکات گیری خواردووە. ئەشکەنجەدان، لە چوارچێوەی دەقەکەدا، وەك پراکتیکێك فەهم ناکرێت، بەڵکو وەك پێکهاتەیەکی زەمەنی مانا پەیدا دەکات؛ پرۆسەیەکی درێژکراوەیە کە ساتەوەختی کۆتایی بەتاڵ دەکاتەوە و ئازار دەگۆڕێت بۆ بەردەوامی. 

هیــــــوا وەك هێزێکی ڕزگاری دەرناکەوێت، بەڵکو هەڵپەساردنی تێگەیشـــتنە، مەودایەکە کە نایەڵێت کارەســـات تەنها لە کۆتاییەکەیدا فەهم بکرێت. 

ئەگەر لە پرســی "هیوا"دا کەمێك لە دەقەکەی تەیفوری دوور بکەویــنەوە و بگەڕێین بە شوێن نموونەیەکی جیــاوازتر لە هیوا لە ســیاقی جینۆســایدا، "هیوا"یەك کە دەتوانیــن بە "هیوای ڕزگارکەر" ناوی بنێــین، ئەوا لە چیرۆکی "یاعقوبە درۆزندا" دەتوانین بیدۆزیــنەوە. چیرۆکەکە لە یەکێـك لە گیتۆکانی پۆڵۆنیــای ساڵی ١٩٤٤ دەگوزەرێت و بەم شێوەیەیە: 

(لە دوای کاتژمێری شەشی ئێوارەوە، هیچ کەس بۆی نیـــیە لە شەقام و کۆڵانەکانی شاردا ببینرێت. گیتۆ، لە دابڕانێگی مەزنی زانیاریدا ژیان دەگوزەرێنێت. نازییـــەکان ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و رۆژنامەی دەرەوەی گیتۆییـــان قەدەغەکردووە. کزەبایەك هەڵدەکات و پارچە ڕۆژنامەیەك بەسەر تەلبەندی گیتـــۆدا دەکەوێتە ئەمدیۆ سنوورەکانی گیتۆوە. یاعقوب، بە دوای ڕۆژنامەدا ڕادەکات. کاتێك دەستی خەریکە ڕۆژنامەکە بە ئاسمانەوە بگرێتەوە، کزەبایەك هەڵیدەبڕێ و هێندەی تر لێی دووردەخاتەوە. یاقوب بێئاگایە لەوەی کە ڕاکردن بە دوای پەڕەی ڕۆژنامەدا، خەریکە نزیکی دەخاتەوە لە مەرگ. یاقوب دەگیرێ و دەبرێـــتە ژووری فەرماندەی نازی گیتۆ. ئەو لە کاری خێرە و ڕادیۆی هاوپەیمانەکان داگیرساوە و بە دەنگی بەرز بەڵێنی نزیکبوونەوەی لەشکری سووردەدات لە سنوورەکانی ئەو شارەی گیتۆکەی ئەمانی لێیە. لە شوێنێکدا کە خەریکە فەرمانی مەرگت بەسەردا دەدەن، ڕادیۆیەك مزگێنی ژیان دەبەخشـــێتەوە. چ کاتێکی هەڵە بوو بۆ ڕاکردن بە شوێن پەڕە کاغەزێکدا؟ پرسیارێکە و مێشکی یاعقوب دەکرۆژێت.

ئەو ئێوارەیە، یاعقوب ئازاد دەکرێ. مژدەی ئەوەی کە شارەکەیان بەم زووانە ئازاددەکرێ، دەماودەم لەسەر زاری خەڵکی گیتۆ دەبیسترێت. کێ ئەم هەواڵەی درکاند؟ یاعقوب خۆی گویێ لێبووە، ئاخر خۆی وتوویەتی کە ڕادیۆی شاردراوەی هەیە. هەواڵی بوونی ڕادیۆیەکی شاردراوە لەلای یاعقوب، ژمارەی خودکوشیی هاوڵاتیانی گیتۆ دەکاتەوە بە سفر. لەگەڵ بارینی رۆژانەی سووکایەتی و مەرگ بەسەر هاوڵاتیانی گیتۆدا، لێوەکان لە بزەدا دەتریقێنەوە و ئومێدێك، بێئومێدی ناو گیتۆ ڕاودەنێت. بەڵام یاعقوب دەبێ هەر ڕۆژەی بە حەکایەت و سەرگوزشتەی نوێوە بێتەوە کۆڕی هەزاران گوێچکەی تینووی هەواڵ. یاعقوب ناچارە، چیرۆکی سەیر و سەمەرە دابتاشێت. درۆکانی یاعقوب، ئومێدێك بە قوربانییەکانی نازیزم دەدات کە هیچ خودا و پێغەمبەرێك سیحری دانی ئومێدی وای بە ئینسان نییە). [١]. بانگێشــت کردنی خوداش لای تەیفوری بۆ ئەوەی نیــیە مانـــای پێبدات، بەڵکو خودا دەخرێتـــەوە ناو پرسیارە ئاڵۆزەکە، بۆ نـــــاو ئەو بۆشـــــاییەی کە ناتوانرێت پڕبکرێتــــەوە.

ئەم کتێبە هیچ زیــــادەیەك زیاتر ناکات بۆ زانیارییــەکانمان لەسەر ئەنفال، بەڵکو لە وەهمی زانیــارییەکانی خۆمـان دەمانکێشـــێتە دەرەوە. هیچ ڕوونکردنەوەیەکمان پێشکەش ناکات؛ بەڵکو پێویستی ڕوونکردنەوە وەك هەوڵێکی بێهیوا بۆ دەربازبوون لەوەی کە بەرگەی ناگرین ئاشکرا دەکات. 

ئەم بەرهەمەی تەیفوری، خوێنەر دەخــاتە ناو دۆخێکی ناجێگیر، نەك وەکوو دۆخێکی تێپـــەڕ، بەڵکو وەك مەرجێکی خوێندنەوە کە تێگەیشتن لێی ناتوانرێت بەبێ شڵەژان ڕووبدات و نزیکبوونەوەش لێی بەبێ لە دەستدانی ئەو دووریــیەی کە لایوایە دەتوانێت بیپـــارێزێت، ڕوونادات. دوای خوێــندنەوە و تێگەیشتن لەم دەقە، هەست دەکەیت زۆر شتت لە دەست داوە؛ لەدەستدانی دڵنیایی، لەدەستدانی تێگەیشتنێکی کۆن وزمانێکی جێگیر کە ڕاهاتوویت لە سەری و لە کۆتایشــدا بژاردنی نەك ئەوەی کە دەستت دەکەوێت بەڵکو ئەو شــــتانەی کە لە دەستیان دەدەیت و چیتر وەك جاران ناتوانیت بیانهێـــڵیتەوە.

ئەم بەرهەمەی تەیفوری لە پاڵ زنجیرە بەرهەمەکانی تری هەمــان پرس، بەرهەمێك نیــیە بۆ خوێندنەوە، چونکە خوێندنەوە پێشگریمانەی ئەوە دەکات کە بابەتێك هەیە، چوارچێوە و کۆتـــایی هەیە. بەڵام لێرەدا خوێندنەوە بە پێچەوانەی خۆیەوە دەبێتە پەڕینەوەیەك بۆ ناو ئەو شــتەی کە ناتوانیت لێی بپەڕیتەوە، بەرکەوتنێکی بەردەوامە لەگەڵ سنوورێك کە بەسەر ئەودیوودا ناکرێــتەوە. دەقێــکە خوێــنەر فڕێ نادەتە دەرەوەی خۆی بەڵکو دەبێتە یەکێك لە دەرئەنجامەکانی.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×