میدیاکانی ئەمەریکا ڕۆڵی کورد لە کوشتنی بەغدادی بەرز دەنرخێنن
  2019-10-29       2348       

ئا: ئاوێنه‌

 

میدیاکانى ئەمریکا لە دوێنێوە بەمانشێتى گەورە باس لەرۆڵى گرنگی کورد دەکەن لەئۆپەراسیۆنى کوشتنى ئەبوبەکر بەغدادی‌و ئاماژەش بەوتەکانى ترەمپ دەکەن کە رایگەیاندبو ''کورد بەشدار بوە''.



رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی ئاشکرای کرد 
''دیاری کردنی شوێنی ئەبووبەکر بەغدادی سەرکردەی رێکخراوی داعش بەهەوڵی هەواڵگری ئەمریکی و عێراقی و کوردی لە عێراق و سووریا بووە، هەروەها ئەو هاوسەرەی بەغدادیش، کە دەستگیرکراوە، رۆڵی هەبووە لە پرۆسەکەدا''.


نیویۆرک تایمز لەراپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوەداوە، ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکی CIA دوای دەستگیرکردنی یەکێک لە ژنەکانی ئەبووبەکر بەغدادی زانیاری لەسەر شوێنی سەرکردەکەی داعش دەستکەوتووە، کە وەک سوپرایزێک وابووە.

ئاماژەی بەوەش داوە، لەسەر ئەو زانیاریانە، CIA لەگەڵ هەواڵگریی عێراق و هەواڵگریی کوردی لە عێراق و سووریاش هەماهەنگی کردووە بۆئەوەی بەوردی شوێنی بەغدادی دیاری بکرێت، دواتر سیخوڕ نێردراوە بۆ چاودێری کردنی جووڵەکانی، ئەوەش بووەهۆی ئەوەی هێزە تایبەتە ئەمریکییەکە بتوانن بیکوژن.

لەوبارەیەشەوە دوو بەرپرسی ئەمریکی روونیان کردوەتەوە، بڕیاری لەناکاوی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی وڵاتەکەیان بۆ کشانەوە لە سووریا ئەو پلانە وردەی لەباربرد، کە داڕێژرابوو، بۆیە بەناچاری لە پرۆسەیه‌کی شەودا کە پڕبوو لە مەترسی، کارەکە ئەنجام درا.

بەپێی وتەی ئەو دوو بەرپرسە، پرۆسەکە کۆسپ و تەگەرەی گەورەی هاتووەتەڕێ، شوێنەکە قوڵ بوو لەناو زەویەکیشدا بوو، کە لەژێر کۆنترۆڵی رێکخراوی قاعیدەدا بوو، سەرەڕای ئەوەش ئاسمانی ئەو ناوچەیە لەژێر کۆنترۆڵی رووسیا و سووریادا بوو.

لەلایێکی دیکەوە مارک ئیسپەر وەزیری بەرگریی ئەمریکا دەڵێت "هەوڵی ئەوەمان دا ئەبووبەکر بەغدادی سەرکردەی رێکخراوی داعش دەستگیر بکەین و داوامان لێکرد خۆی بدات بەدەستەوە، بەڵام رەتیکردەوە و هەڵات".

ئیسپەر لەلێدوانێکدا بۆ کەناڵی CBNی ئەمریکی وتوویەتی، لەکاتی پرۆسە سەربازیەکەدا هەوڵماندا قسە لەگەڵ ئەبووبەکر بەغدادی بکەین و خۆی رادەست بکات، بەڵام ناوبراو رەتیکردەوە و هەڵات بۆ شوێنێک، کە لەژێر زەویدا بوو، لەکاتی هەوڵدانمان بۆ هێنانەدەرەوەی لەو شوێنەدا پشتێنێکی بۆمبڕێژکراوی بەخۆیدا تەقاندەوە.

وەزیری بەرگریی ئەمریکا رونیشی کردوەتەوە، بەهۆی خۆ تەقاندنەوەکەی، دوو سەربازی ئەمریکی بەسوکی برینداربون، بەڵام چاک بوونەتەوە و گەڕاونەتەوە سەرکار.

هەروەها رۆژنامه‌ی ۆڵ ستریت جۆرناڵیش ئاشکرای کردووه‌ که‌ ژووری کۆنتڕۆڵی هێزی ئه‌مریکا و سه‌رپه‌رشتیکردنی ئۆپراسیۆنه‌که‌ له‌ هه‌ولێر بووه‌ و له‌وێوه‌ چاودێری ئۆپراسیۆنه‌که‌ کراوه‌.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×