فەرماندەیی ناوەندی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند کە بۆ یەکەمجارە لە ماوەی چەندین دەیەی ڕابردوودا، سێ کەشتیی فڕۆکەهەڵگر لەهەمان کاتدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کار بکەن. ئەم ڕاگەیاندنە هاوکاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی سەردانەکەی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەی کە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ واشنتۆن لە ئارادان.
ئاوێنە: ئەم ڕاگەیاندنەی سێنتکۆم دوای گەیشتنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی "یو ئێس ئێس جۆرج بوش" دێت بۆ ناوچەکە، تاوەکو پەیوەندی بکات بە هەردوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "ئەبراهام لینکۆڵن" و "جێراڵد فۆرد".
سێنتکۆم لە ڕێگەی هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی "ئێکس" ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم سێ کەشتییە فڕۆکەهەڵگرە بە هاوکاتی کار دەکەن، لەگەڵ پۆلە فڕۆکەکانیان کە زیاتر لە ٢٠٠ فڕۆکە لەخۆدەگرن، جگە لە ١٥ هەزار دەریاوان و سەربازی هێزی مارینزی ئەمریکی.
تایبەتمەندییەکانی سێیەم کەشتیی فڕۆکەهەڵگر
کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "جۆرج بوش" کە بە وزەی ئەتۆمی کار دەکات، ٨٠ فڕۆکەی جەنگی و کۆپتەری جۆراوجۆری لەسەرە، لەوانە فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری "F-18"، کۆپتەری جۆری "V-22" و کۆپتەرەکانی "CH-53".
درێژیی ئەم کەشتییە ٣٣٣ مەترە و ٢٠ نهۆم لە ئاستی دەریاوە بەرزە، هەروەها باندێکی فڕینی فڕۆکەی هەیە کە درێژییەکەی ٢٠٠ مەترە. ٥٧٠٠ دەریاوان و سەربازی لەسەرە و لە ڕێگەی دوو کارلێکەری ئەتۆمییەوە کار دەکات، جگە لەوەی خاوەنی چەندین کەرەستە و چەکی جۆراوجۆرە بۆ پاراستنی خۆی.
پلانە سەربازییە نوێیەکان
تۆڕی "سی ئێن ئێن" لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە ئەمڕۆ هەینی ئاشکرای کردووە کە بەرپرسە سەربازییەکانی ئەمریکا کار لەسەر پلانگەلێکی نوێ دەکەن بۆ بەئامانجگرتنی تواناکانی ئێران لە گەرووی هورمز، ئەگەر بێتو ڕێککەوتنی ئاگربەست هەرەس بهێنێت.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە سوپای ئەمریکا ئەگەری هەیە هەڕەشەکەی پێشووی دۆناڵد ترەمپ جێبەجێ بکات بۆ لێدانی ئامانجە ئێرانییەکان، لە نێویاندا دامەزراوەکانی وزە، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ ناچارکردنی تاران بۆ دانیشتن لەسەر مێزی دانوستان.
ترەمپ پێشتر چەندین جار ڕایگەیاندبوو کە وڵاتەکەی دەست بە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان دەکاتەوە ئەگەر بێتو چارەسەرێکی دیپلۆماسی بۆ شەڕەکە نەدۆزرێتەوە.
بەگوێرەی "سی ئێن ئێن"، ئەگەر هێرشە زیادەکانی ئەمریکا ڕوو بدەن، ئەوا پێدەچێت تواناکانی دیکەی سوپای ئێران بکەنە ئامانج، لەوانە موشەک و سەکۆکانیان، و ئەو ناوەندە پیشەسازییانەی کە لە ماوەی ٤٠ ڕۆژی یەکەمی شەڕەکەدا تێکنەشکێندراون.
تۆڕەکە لە زاری سەرچاوەکانەوە گواستوویەتییەوە کە درێژکردنەوەی ئاگربەست لەلایەن ترەمپەوە کاتی نییە و سوپای ئەمریکا لە ئامادەباشیی تەواودایە بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەکان ئەگەر پێویست بکات.
ئێران لە پاکستان.. ئاماژەیەک بۆ پەرەسەندنەکان
سەبارەت بەو گۆڕانکارییەی کە وای لە وەزیری دەرەوەی ئێران کردووە بچێتە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان، هیشام ئەلغەنام، توێژەر لە دامەزراوەی کارنێگی بۆ ئاشتی نێودەوڵەتی بە "جەزیرە"ی ڕاگەیاندووە کە گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکە بریتییە لە ئامادەکارییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆپراسیۆنی سەربازیی گەورە لە گەرووی هورمز، و پێیوایە ڕژێمی ئێران لەم کاتەدا لە دۆخێکی ترس و دڵەڕاوکێدایە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە هۆکاری سەرەکی سەردانی وەفدەکەی تاران بۆ پاکستان، ئارەزووی گەیشتنە بە ڕێککەوتنێک، تاوەکو ڕژێمی ئێران بتوانێت خۆی لە گەڕانەوەی شەڕ و وێرانکاری بەدوور بگرێت. ئەو دانوستانە چاوەڕوانکراوانەی چواند بە گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی پێشوو لە عومان، پێش ئەوەی شەڕ لە ٢٨ی شوباتدا هەڵگیرسێت.
وا دیارە سەردانەکەی عێراقچی تەنها بۆ پاکستان نابێت؛ ئاژانسی هەواڵی ئێران بڵاوی کردەوە کە وەزیری دەرەوە ئەمڕۆ گەشتێکی دەرەکی دەستپێدەکات کە دەیباتە ئیسلام ئاباد، مەسقەت و مۆسکۆ، و ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی گەشتەکە ئەنجامدانی ڕاوێژی دووقۆڵی و تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی شەڕە لە دژی ئێران.
هەروەها پەیامنێری جەزیرە لە زاری سەرچاوەیەکی حکومەتی پاکستانەوە گواستییەوە کە عێراقچی لە ئیسلام ئاباد لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی پاکستان و بە ئامادەبوونی فەرماندەی سوپا کۆدەبێتەوە.
لەم چوارچێوەیەدا، حەسەن ئەحمەدیان، مامۆستای خوێندنەوانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی تاران، پێیوایە قۆناغی ئێستا "بێدەنگی پێش زریانە"، بە لەبەرچاوگرتنی تحرکاتە سەربازییەکانی ئەمریکا و هێنانی هێزی سەربازیی نوێ.
ئەحمەدیان وتی هۆکاری پێداگیری ئێران لەسەر کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەم گەمارۆیە وەک پەردەیەک بەکاردێت بۆ کۆکردنەوەی هێزی سەربازی زیاتر و ئامادەکاری بۆ قۆناغی داهاتوو.
لە کۆتاییدا گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی لە شەڕەکەدا شکستی هێناوە، و ناتوانێت لەگەڵ ئەم شکستەدا بژی، ئەوەش پاڵی پێوە دەنێت کە لە ڕێگەی هێنانی هێزی نوێوە هەوڵی گۆڕینی وێنەکە بدات.