ترەمپ شاندێکی باڵا ڕەوانەی پاکستان دەکات بۆ دانوستان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران
  2026-04-24       132       

دوو بەرپرسی ئیداریی ئەمریکا بە سی ئێن ئێنیان ڕاگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپ، نوێنەری تایبەتی خۆی ستیڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەر دەنێرێتە پاکستان بۆ ئەوەی لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا بەشداری دانوستان لەگەڵ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بکەن.

ئاوێنە: کەناڵی CNNـی ئەمریکی، زانیاری نوێی لە بارەی چوونی شاندی ئەمریکی بۆ دانووستانیان لەگەڵ ئێران بۆ ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان خستەڕو، لە زاری دوو سەرچاوەی ئیداریی ئەمریکاوە ئاماژەی بەوەداوە، دۆناڵد ترەمپ، نوێنەری تایبەتی خۆی ستیڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەر دەنێرێتە پاکستان بۆ ئەوەی لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا (شەمە بە کاتی باشووری کوردستان) بەشداری دانووستان لەگەڵ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بکەن.

بەرپرسان بە کەناڵەکەیان وتووە: جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە ئێستادا بەنیازی بەشداریکردن نییە، ئەمەش بەو پێیەی محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانیش بەشداری ناکات، قالیباف لەلایەن بەرپرسانی کۆشکی سپییەوە وەک سەرۆکی شاندی ئێران و هاوتای ڤانس سەیر دەکرێت.

بەڵام جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە ئامادەباشیدایە بۆ گەشتکردن بۆ ئیسلامئاباد ئەگەر گفتوگۆکان بەرەو پێشەوە بچێت، بەرپرسان ئاماژەیان بەوەداوە، ئەندامانی شاندەکەی لە پاکستان دەبن و بەشداری دانووستانەکان دەکەن، کوشنەر و ویتکۆف چەند مانگێکە لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کاردەکەن لەسەر ڕێککەوتنێکی ئەگەری لەسەر ماددە ئەتۆمییەکانی تاران.

ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆش میدیاکانی پاکستان بڵاویان کردەوە، بڕیار وایە ئەمشەو عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بگاتە ئیسلامئاباد بۆ دانووستان.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×