کۆشکی سپی، ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند کە نێردراوان ستیڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەر بەیانیی سبەی شەممە بەرەو پاکستان بەڕێدەکەون و دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ لایەنی ئێرانی بە نێوەندگیریی پاکستان ئەنجام دەدەن.
ئاوێنە: ئەم ڕاگەیاندنە لە کاتێکدایە کە پەیامنێری ئەلجەزیرە ئاماژەی بە گەیشتنی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ ئیسلام ئاباد لە ئێوارەی ئەمڕۆدا کرد، وەک بەشێک لە گەشتێک کە هەریەک لە ڕووسیا و سوڵتانیشنی عومان دەگرێتەوە، کە پێشتر و بەر لەو جەنگەی لە ٢٨ی شوبات دەستیپێکرد، میوانداریی دانوستانەکانی کردبوو.
تۆڕی "فۆکس نیوز" لە زاری کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپییەوە گواستییەوە کە ئێران پەیوەندیی کردووە و داوای کۆبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆی کردووە، هەروەها لە ڕۆژانی ڕابردوودا "پێشکەوتن" لە لایەنی ئێرانییەوە هەبووە، هاوکات هیوای خواست کە دانوستانەکانی نێوان هەردوو لا بەرهەمدار بن و بەشدار بن لە خێراکردنی پێشکەوتنەکان بەرەو ڕێککەوتنێک.
هەروەها ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری بەرپرسانی ئێرانییەوە گواستییەوە کە عێراقچی بەرەو ئیسلام ئاباد بەڕێدەکەوێت و وەڵامێکی نووسراوی بۆ پێشنیازەکەی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنی ئاشتی پێیە، و پێشبینیش دەکرێت لە پاکستان چاوی بە ویتکۆف و کوشنەر بکەوێت بۆ درێژەدان بە دانوستانەکان.
سەبارەت بە بەشداریکردنی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە گفتوگۆکاندا، گوتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە ئەو هێشتا بە قووڵی تێوەگلاوە لە ڕەوتی تەواوی ئەم پرۆسەیە سەبارەت بە ئێران.
لە هەمان چوارچێوەدا، ماڵپەڕی ئاکسیۆس لە زاری بەرپرسێکی پاکستانییەوە گواستییەوە کە دیدارەکە لەگەڵ وەزیری ئێرانی لە ئیسلام ئاباد، تیشک دەخاتە سەر دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ.
ماڵپەڕەکە لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکی و سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە گواستییەوە کە محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران یاوەریی عێراقچی ناکات بۆ ئیسلام ئاباد.
پێشتریش سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە لایەنی ئێرانی دەیەوێت ڕێککەوتنێک ئەنجام بدات، و باسی لە بوونی پەیوەندییەکان لەگەڵیدا کردبوو، ئاماژەی بەوەشکرد کە واشنتۆن بڕیاریداوە دەرفەتێک بداتە تاران بۆ چارەسەرکردنی ئەوەی کە وەک ململانێ ناوخۆییەکانی وەسفی کردووە، پێش ئەوەی هەنگاو بۆ دانوستانەکان بنێت.
لە بەرامبەریشدا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران -لە بەیاننامەیەکدا لە ئێوارەی ئەمڕۆدا- ڕایگەیاند کە عێراقچی سەردانی ئیسلام ئاباد، مۆسکۆ و مەسقەت دەکات بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی ناوچەکە و هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.
پێشنیازێکی ئەمریکی
نورەدین دوغەیر، بەڕێوەبەری نووسینگەی ئەلجەزیرە لە تاران گوتی، ئەو زانیارییانەی لە ئێرانەوە دێن ئاماژە بەوە دەکەن کە سەردانەکەی عێراقچی لەسەر بانگهێشتی پاکستان بووە دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە نێوان وەزیری ئێرانی و بەرپرسانی پاکستانی.
وتیشی لایەنی ئێرانی بە جۆرێک لە گومان و وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ سەردانەکە کردووە، لە ترسی ئەوەی ئەمریکییەکان قۆزتنەوەی بۆ بکەن و وەک لاوازییەکی ئێران لێکبدرێتەوە.
ئەو زانیاری و سەرچاوانەی کە بەڕێوەبەری نووسینگەی ئەلجەزیرە لە تاران لێیانەوە گواستووەتەوە، ئاماژە بەوە دەکەن کە پێشنیازێک لە لایەنی ئەمریکییەوە لە ڕێگەی پاکستانەوە گەیشتووەتە ئێرانییەکان، کە تەوەری سەرەکیی چۆنیەتیی مامەڵەکردنە لەگەڵ گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێران و گەرووی هورمز، وە ئەو میکانیزمەی کە دەکرێت ببێتە هێڵێکی مامناوەند لە نێوان ئەوەی تاران ڕازی دەکات و ئەوەی واشنتۆن ڕازی دەکات.
دوغەیر ئاماژەی بەوە کرد کە سەردانەکەی عێراقچی پاڵپشتیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانی هەیە، و بە پشتبەستن بە زانیاری و سەرچاوەکانی لە ئێران ئاشکرای دەکات کە لەوانەیە ئاستی دانوستان و تیمی دانوستانکاری ئێرانی گۆڕانکارییان بەسەردا بێت، و ڕەنگە دانوستانەکە لە نێوان عێراقچی و ستیڤ ویتکۆفی نێردراوی ئەمریکی بەڕێوە بچێت، هەروەها ڕەنگە شوێنی دانوستانەکانیش لە پاکستانەوە بگوازرێتەوە بۆ سوڵتانیشنی عومان.
پێشبینی دەکرێت هاتنە ناوەوەی سوڵتانیشنی عومان و ڕووسیا بۆ سەر هێڵەکە، ڕەنگە ئەوە دووپات بکاتەوە کە پێشنیازی دیکەش هەن، و لایەنی ڕووسی هەوڵ دەدات ئاستەنگەکانی نێوان واشنتۆن و تاران کەم بکاتەوە، بەتایبەتی لە پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێراندا.
وردەکارییەکانی سەردانەکە
سەبارەت بە وردەکارییەکانی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران، عەبدولڕەحمان مەتەر، بەڕێوەبەری نووسینگەی ئەلجەزیرە لە زاری سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی پاکستانەوە گواستییەوە کە عێراقچی هەر کە گەیشتە ئیسلام ئاباد، بە یاوەریی ژمارەیەکی سنووردار لە یاریدەدەرانی چاوی بە شەهباز شەریف سەرۆک وەزیران دەکەوێت بە ئامادەبوونی عاسم منیر فەرماندەی سوپا و محەممەد ئیسحاق دار وەزیری دەرەوە.
بەڕێوەبەری نووسینگەی ئەلجەزیرە گوتی سەردانەکەی عێراقچی ٣ کاتژمێر یان کەمتر دەخایەنێت، و باسی لە تەمومژێکی دەورەدراو بەم سەردانە کرد کە گوتی تەرخانکراوە بۆ سوپاسگوزاریکردنی پاکستان.
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە تا ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە سەردانەکەی ویتکۆف و کوشنەر نییە، بەڵام بە دووری نەزانی کە ئەمە هەوڵێکی ئەمریکی بێت بۆ سەپاندنی واقیعێکی نوێ.
لە نەبوونی زانیاریی پشتڕاستکراوە سەبارەت بە ناوەڕۆکی سەردانەکەی عەباس عێراقچی بۆ ئیسلام ئاباد و ئامانجەکەی، مەتەر گوتی وەزیرانی دەرەوەی ئێران و پاکستان پەیوەندییەکی فەرمییان ئەنجامداوە، و بەپێی بەیاننامەیەکی فەرمیی دەرچوو لە وەزارەتی دەرەوەی پاکستان، ڕێککەوتوون لەسەر بەردەوامبوون لە گفتوگۆ و پەیوەندیی نێوانیان.
هەروەها وەزیری دەرەوەی پاکستان پەیوەندیی بە سێرگی لاڤرۆڤی هاوتای ڕووسییەوە کردووە، بەڵام بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان هیچ وردەکارییەکی لەم باریەوە نەخستووەتەڕوو.
ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند کە لاڤرۆڤ بە محەممەد ئیسحاق داری هاوتای پاکستانیی ڕاگەیاندووە کە ڕووسیا ئامادەیە بۆ ئاسانکاریی ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران.
بە گوتەی بەڕێوەبەری نووسینگەی ئەلجەزیرە لە ئیسلام ئاباد، کەشی ئێستای پایتەختی پاکستان تا چەند کاتژمێرێک پێشتریش ئاماژەی بەوە نەدەکرد کە خولێکی دانوستانی ڕاستەوخۆی نێوان واشنتۆن و تاران نزیک بێت.
پێشتریش سەرۆکی ئەمریکا درێژکردنەوەی ئاگربەستی ڕاگەیاندبوو تا ئەو کاتەی ئێران پێشنیازەکەی پێشکەش دەکات و گفتوگۆکان تەواو دەبن، جا بە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کۆتایی بێت یان بە پێچەوانەوە.
جێی باسە کە خولی یەکەمی دانوستانەکان لە ئیسلام ئاباد لە نێوان ئەمریکا و ئێران گەیشتبووە بنبەست، ئەوەش بەهۆی ناکۆکیی نێوان داواکارییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک، و مەرجەکانی ئێران لە لایەکی دیکەوە.