شەوێکی پڕ لە شکۆ کە بڕیار بوو تێیدا دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان لە واشنتۆن وتارێک پێشکەش بە پەیامنێران بکات، کتوپڕ گۆڕا. ئارامی ئاهەنگەکە بە دەنگی تەقە ڕەوییەوە، ئەمەش وای لە میوانەکان کرد خۆیان بە زەویدا بدەن و سەرۆکی ئەمریکاش لەلایەن پیاوانی تیمی ئەمنییەوە لە هۆڵەکە بردرایە دەرەوە.
ئاوێنە: دۆناڵد ترەمپ لەسەر سەکۆکە دانیشتبوو لە کاتی ئاهەنگی ساڵانەی پەیامنێرانی کۆشکی سپیدا، لە یەکەمین ئامادەبوونی وەک سەرۆک؛ کاتێک دەنگی کتوپڕی تەقەکان بیسترا، کەشەکەی شێواند و وای لە ئەو و ئامادەبووان کرد بە نیگەرانی و ترسەوە سەیری بکەن.
بەڵام ئامادەبووان تووشی شۆک بوون بەو دیمەنە پشێوییەی کە لەبەردەم چاویان ڕوویدا؛ دوای چەند ساتێک لە بیستنی دەنگەکان، هاواری "خۆتان بە زەویدا بدەن" چەندین جار دووبارە بووەوە. لەو کاتەدا میوانەکان بە جلی فەرمیی ڕەشەوە - کە لە نێوانیاندا پەیامنێران و بەرپرسانی ئیدارەی تڕەمپ و هەندێک لە ئەندامانی حکومەتەکەی هەبوون - خێرا پەنایان گرت و خۆیان شارداوە.
لە ناوەڕاستی پشێوییەکەدا، بریکارەکانی خزمەتگوزاری نهێنیی ئەمریکا بە خێرایی دەوری سەرۆک و میلانیا ترەمپی خانمی یەکەمیان دا. ترەمپ بە خێرایی لە ڕێگەی پەردەیەکی پشتەوە لەسەر سەکۆکە بردرایە دەرەوە.
ترەمپ دواتر وتی کە "وایزانیوە قاپێک شکاوەو دەنگی هاتووە" پێش ئەوەی درک بەوە بکات کە دەنگی تەقەی دەمانچەیە.
ژەنینی مۆسیقا راگیراو بێدەنگی بۆ چەند چرکەیەک باڵی بەسەر شوێنەکەدا کێشا. پیاوانی ئەمنی لە دەوری مێزەکان کۆبوونەوە لە کاتێکدا قاپەکان لەسەر زەوی هۆڵی گەورەی ئاهەنگگێڕانی هۆتێل "واشنتۆن هیڵتۆن" تێکدەشکان؛ هەمان ئەو هۆتێلەی کە ٤٥ ساڵ لەمەوبەر ڕۆناڵد ڕیگانی سەرۆک لە هەوڵێکی تیرۆرکردن تێیدا ڕزگاری بوو.
کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی تڕەمپ کەمێک دوای کاتژمێر ٨:٤٠ی شەو بە کاتی ناوخۆ لە هۆتێل هیڵتۆنەوە بەرەو کۆشکی سپی بەڕێکەوت. پاشان پەیامنێران بە پەلە چوون بۆ کۆشک بۆ ئامادەبوون لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی سەرۆکایەتی کە بە پەلە ڕێکخرابوو.