شەوی شەممە هۆتێلی "واشنتن هیڵتن" هاوکات لەگەڵ سازکردنی ئاهەنگی ساڵانەی پەیامنێرانی کۆشکی سپی، ئامادەباشییەکی ئەمنیی بەخۆوە بینی، دوای ئەوەی ئەندامانی خزمەتگوزاری نهێنی (Secret Service) توانییان کۆنتڕۆڵی چەکدارێک بکەن کە هەوڵیدابوو تەقە بکات دوای ئەوەی هەڵیکوتابووە سەر شوێنەکە لە کاتی ئامادەبوونی دۆناڵد ترمب، سەرۆکی ئەمریکا.
ئاوێنە: سەرەڕای ناڕوونیی پاڵنەرەکانی هێرشەکە، دەسەڵاتداران وردەکاریی سەرەتایییان سەبارەت بە ناسنامەی گومانلێکراوەکە و ئەو چەکانەی پێی بووە ئاشکرا کرد، ئەمەش لە ژێر چاودێریی سەرۆکی ئەمریکادا کە دڵنیایی دایە هاوڵاتیان سەبارەت بە تەندروستی ئەو ئەفسەرەی بریندار ببوو.
ترمب لە ڕێگەی پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ"ەوە وێنەی گومانلێکراوەکەی بڵاوکردەوە، کە تێیدا پیاوێک دەردەکەوێت بە سنگێکی ڕووتەوە لەسەر زەوی پاڵکەوتووە و دەموچاوی ڕوو لە خوارەوەیە و دەستەکانی لەپشت سەریەوە بەستراونەتەوە.
وردەکاریی پرۆسەکە
بەگوێرەی بەرپرسانی جێبەجێکردنی یاسا و دەسەڵاتداران، گومانلێکراوەکە خەڵکی ویلایەتی کالیفۆرنیایە و تفەنگێکی ڕەشاش (شۆزن)، دەمانچە و چەند چەقۆیەکی پێبووە، هەروەها میوان بووە لە هۆتێلی "واشنتن هیڵتن" کە ئاهەنگی ساڵانەی پەیامنێرانی کۆشکی سپی تێدا بەڕێوەدەچوو. هێزە ئەمنییەکان توانییان دەستگیری بکەن و ئێستا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکان لەژێر پشکنیندایە.
سەبارەت بە وردەکارییەکانی پرۆسەکە، چەکدارەکە ڕووی کردووەتە خاڵێکی پشکنینی ئەمنی سەر بە خزمەتگوزاری نهێنی و تەقەی لە ئەفسەرێک کردووە کە زرێی گولەنەبڕی لەبەردابوو.
سەبارەت بە دۆخی تەندروستی ئەفسەرەکە، ترمب ڕایگەیاند کە بارودۆخی باشە و وتی: "یەکێک لە ئەفسەرەکان بریندار بوو، بەڵام بەهۆی پۆشینی زرێیەکی گولەنەبڕی زۆر باشەوە ڕزگاری بوو."
ترمب ئاماژەی بەوەش کرد: "لە مەودایەکی زۆر نزیکەوە و بە چەکێکی زۆر بەهێز تەقەی لێکراوە، بەڵام زرێیەکە ئەرکی خۆی جێبەجێ کرد. ئێستا قسەم لەگەڵ کرد، ئەو باشە و لە دۆخێکی نایابدایە."
گومانلێکراوەکە ڕووبەڕووی دوو تۆمەت دەبێتەوە، یەکەمیان بەکارهێنانی چەکی ئاگرین لە کاتی تاوان یان توندوتیژیدا، و ئەوی تریان هێرشکردنە سەر ئەفسەرانی فیدراڵی بە بەکارهێنانی چەکێکی مەترسیدار.
ئاژانسی ئەسۆشییەتد پرێس ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەنجامدەری ڕووداوەکە پیاوێکی تەمەن ٣١ ساڵە بە ناوی "کۆڵ تۆماس ئەلین".
میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، دوای ڕووداوی تەقەکردنەکە، دۆناڵد ترمب لەلایەن تیمە پاسەوانەکەیەوە بە بێ زیان لە ئاهەنگەکە دوورخراوەتەوە.
ترمب وتی: "خانمی یەکەم و جێگری سەرۆک و هەموو ئەندامانی حکومەت لە دۆخێکی نایابدان و هیچ زیانێکیان بەرنەکەوتووە."
هەروەها وتیشی: "پێناچێت ڕووداوەکە پەیوەندیی بە ئێرانەوە هەبێت، بەڵام لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە دەکەین،" ئاماژەی بەوەش کرد کە هێرشبەرەکە بە تەنیا بووە و لەلایەن هیچ کەسێکەوە پشتگیری نەکراوە.
سەرۆکی ئەمریکا دواخستنی ئاهەنگی مێوانییەکەی ڕاگەیاند و وتی لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخەران کاتێکی تری بۆ دیاری دەکرێتەوە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە، ترمب لە کاتی هەڵمەتی گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی لە ساڵی ٢٠٢٤، ڕووبەڕووی دوو هەوڵی تیرۆرکردن بووەوە؛ یەکەمیان لە تەمموزی ڕابردوو لە کاتی گردبوونەوەیەکی هەڵبژاردن لە پێنسیلڤانیا، کاتێک تۆماس ماتیۆ کروکس لە سەربانی تەلاری نزیکەوە تەقەی کرد و بووە هۆی برینداربوونی گوێی ڕاستی ترمب.
دووەمجار لە ئەیلوولی ٢٠٢٤ بوو، لە نزیک یاریگای گۆڵفی ترمب لە وێست پالم بیچ لە فلۆریدا، کاتێک ئەندامێکی خزمەتگوزاری نهێنی چەکدارێکی بە ناوی ڕایان وێسلی ڕوس بینی کە لە نزیک یاریگاکە خۆی حەشارداوە، پێش ئەوەی هێرشەکە پووچەڵ بکرێتەوە.
سەرچاوە: ئەسۆشییەتد پرێس