دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە ماوەی کاروانی سیاسیی خۆیدا، بەتایبەتی لە دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٤ـەوە، ڕووبەڕووی چەندین ڕووداوی تەقەکردن و هەوڵی تیرۆرکردن بووەتەوە. تازەترینیان شەوی ڕابردوو (شەممە) ڕوویدا، کاتێک چەکدارێک هەڵیکوتایە سەر دەروازەیەکی ئەمنیی ڕاستەوخۆ لە دەرەوەی هۆڵی ئاهەنگگێڕان لەو هۆتێلەی کە ترەمپ، مێلانیا خانمی یەکەم، گەورە بەرپرسانی حکومەت و سەدان میوانی دیکە ئامادەی نانی ئێوارەی ساڵانەی کۆمەڵەی پەیامنێرانی کۆشکی سپی بوون.
ئاوێنە: لە خوارەوەشدا دیارترین ئەو هەوڵانەی تیرۆرکردن دەخەینە ڕوو کە ترەمپ ڕووبەڕوویان بووەتەوە:
هەوڵی تیرۆرکردن لە پەنسلڤانیا لە ساڵی ٢٠٢٤
مەترسیدارترین هەوڵی تیرۆرکردن بوو کە ترەمپ ڕووبەڕووی بووەوە، لە کاتی بەڕێوەبردنی کەمپینێکی هەڵبژاردندا بوو لە گردبوونەوەیەکی جەماوەریی کراوەدا لە شاری بەتلەر لە ویلایەتی پەنسلڤانیا لە مانگی تەممووزی ٢٠٢٤.
لەو ڕووداوەدا، ترەمپ لەلایەن چەکدارێکی تەمەن ٢٠ ساڵەوە فیشەکێک بەر بەشی سەرەوەی گوێی کەوت، هێزە ئەمنییەکانیش چەکدارەکەیان بە فیشەک کوشت.
هەوڵی تیرۆرکردن لە یانەیەکی گۆڵف لە فلۆریدا لە ساڵی ٢٠٢٤
تەنها دوای زیاتر لە دوو مانگ لە ڕووداوی تەقەکردنەکەی بەتلەر، بریکارانی دەزگای نهێنی پیاوێکیان بە چەکەوە بەدیکرد کە لە نێو دار و دەوەنەکانی یانەی گۆڵفی ترەمپ لە وێست پاڵم بیچ لە ویلایەتی فلۆریدا خۆی حەشار دابوو، لە کاتێکدا ترەمپ لە یاریگاکەدا بوو.
پۆلیس و دەزگای نهێنی بە خێرایی دەستوەردانیان کرد و پێش ئەوەی کردەوەکە ئەنجام بدرێت، هەوڵەکەیان پووچەڵ کردەوە.
لێکۆڵینەوەکان دەریانخست کە تۆمەتبارەکە بۆ چەندین مانگ پلانی بۆ ئەو هێرشە داڕشتبوو، دواتریش سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا.
ڕووداوی هەڵکوتانە سەر هاوینەهەواری مارالاگۆ لەلایەن چەکدارێکەوە لە ساڵی ٢٠٢٦
لە مانگی شوباتی ڕابردوودا، کەسێک هەوڵیدا بچێتە نێو هاوینەهەواری مارالاگۆ، کە بە شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆکی ئەمریکا لە فلۆریدا دادەنرێت.
ڕووداوەکە ئێوارەی ڕۆژی شەممە ڕوویدا، هەرچەندە ترەمپ زۆرجار پشووەکانی کۆتایی هەفتە لەو هاوینەهەوارە بەسەر دەبات، بەڵام لە کاتی ڕووداوەکەدا لەگەڵ مێلانیا ترەمپی خانمی یەکەم لە کۆشکی سپی بوون، کە میوانداریی ئاهەنگێکی نانی ئێوارەیان بۆ پارێزگارەکانی ویلایەتەکان کردبوو.
هێزە ئەمنییەکان دەستوەردانیان کرد و هێرشبەرەکەیان کوشت.
ڕووداوی تەقەکردن لە میانی نانی ئێوارەی پەیامنێرانی کۆشکی سپی
پیاوێکی چەکدار هەڵیکوتایە سەر ڕاڕەوی دەرەوەی هۆڵێکی نانی ئێوارەی ئاستبەرزی ڕۆژنامەنووسان کە شەوی شەممە ترەمپ و چەندین سەرکردەی باڵای ئەمریکا ئامادەی بوون، چەکدارەکە بەپەلە بەرەو هۆڵی ئاهەنگەکە چوو پێش ئەوەی لەلایەن بریکارانی دەزگای نهێنییەوە گەمارۆ بدرێت و دەستگیر بکرێت. سەرۆک هیچ زیانێکی بەرنەکەوت و بە خێرایی لە شوێنەکە دوور خرایەوە.
شوێنی ئاهەنگەکەش، کە هۆتێل هیلتۆن واشنتۆن بوو، لە ساڵی ١٩٨١دا گۆڕەپانی هەوڵی تیرۆرکردنی ڕۆناڵد ڕیگان سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا بوو، کە لە دەرەوەی هۆتێلەکە لەلایەن بکوژێکی گریمانەییەوە فیشەکی بەرکەوت.