تەقەکردن لە کاتی نانخواردنی ئێوارە لەگەڵ ترەمپ‌و هەوڵی تیرۆرکردنی ریگان لەهەمان هۆتێلدا
  2026-04-26       289       

ئا: ئاوێنە

 

هێرشە چەکدارییە نوێیەکەی ئێوارەخوانی پەیامنێرەکان بیرەوەرییەکانی هەوڵی تیرۆرکردنی ڕۆناڵد ڕیگانی لەساڵی ١٩٨١ لەهەمان هۆتێلدا دەهێنێتەوە یاد.

 

تەقە لەئێوارەخوانی ساڵانەی کۆمەڵەی پەیامنێرانی کۆشکی سپی (WHCA) لەواشنتۆن دی سی کرا کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئامادەی بوو، ئەمەش بووە هۆی چۆڵکردنی دەستبەجێی شوێنەکە. ئەم ڕووداوە جارێکی دیکە مێژووی هۆتێل واشنتۆن هیڵتۆنی هێنایە ئاراوە کە ٤٥ ساڵ لەمەوبەو ڕووداوی تەقەکردن لەڕۆناڵد ریگانی سەرۆکی پێشووی ئەمریکای تێدا ڕوویدا،  لە ٣٠ی ئازاری ١٩٨١، هێرشبەرەکەش "جۆن هینکلی جونیۆر" بوو.

چۆن هێرش بۆ سەر ڕیگان ڕوویدا؟

هێرشەکەی ساڵی ١٩٨١ بۆ سەر ڕیگان لەدیمەنی فیلمێکی هۆلیۆد دەچوو. ریگان لەکاتی دەرچوون لەهۆتێلەکە دوای خوێندنەوەی وتارێک، لەلایەن هێرشبەرەکەوە تەقەی لێکرا.

یەکێک لە فیشەکەکان لە پەنجەرەی زرێپۆشی لیمۆزینی سەرۆکایەتییەوە دەرچووەو چەناگەی بریندار کرد. فیشەکەکە بڕبڕەی پشتی تێپەڕاندو سییەکانی کون کردو تەنها یەک ئینج لەدڵیەوە دوور بوو. ریگان بەپەلە ڕەوانەی نەخۆشخانەی زانکۆی جۆرج واشنتۆن کراو پزیشکەکان نەشتەرگەرییەکی دەستبەجێ و گرنگیان بۆ ئەنجامدا.

سەرەڕای جددیەتی بارودۆخەکەی، هێمنی و نوکتەی ڕیگان ورەی ئەوی بەرزکردەوە. بە نانسی هاوسەرەکەی گوت: "هەنگوین، لەبیرم چوو خۆم بچەمێنمەوە"و بە گاڵتەجاڕیەوە بە پزیشکەکانی گوت "هیوادارم هەمووتان کۆماری بن". پزیشکی گشتی نەشتەرگەری لە وەڵامدا وتی: جەنابی سەرۆک، ئەمڕۆ هەموومان کۆماریین. جەماوەرییەکەی بەرزبووەوەو وێنەی وەک "سەرکردەیەکی خۆڕاگر" بووە هۆی بەسەروەری سەرۆکایەتییەکەی.

بەڵام جەیمس برادی، وەزیری ڕاگەیاندنی کۆشکی سپی، کە لە تەنیشت ڕیگان وەستابوو کاتێک تەقەی لێکرا، بەسەختی بریندار بوو ئیفلیج بوو. دواتر لەگەڵ هاوسەرەکەی سەرکردایەتی پڕۆژەیاسای کۆنترۆڵکردنی دەمانچەی کرد، ئەمەش بووە هۆی پەسەندکردنی یاسای برادی لە ساڵی ١٩٩٣، کە پشکنینی پێشینەی ئیجباری بۆ کڕینی دەمانچە دامەزراند.

جێگای ئاماژەیە ژووری کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی کۆشکی سپی بە ناوی برادیەوە ناونراوە. پەیامنێرەکان کە زۆربەیان ڕۆژانە لەوێ کاردەکەن، لە هەمان هۆتێلدا ڕووبەڕووی ڕووداوێکی نوێی توندوتیژی بەدەمانچە بوونەتەوە کە دەیان ساڵ پێشتر ئەو پیاوەی ناوی خۆی بەژووری کۆبوونەوەکە داوە بریندار بووە. 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×