ئەمڕۆ یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی بەشار ئەسەد، سەرۆکی لەسەرکارلادراوی سوریا و ماهر ئەسەدی برای بەبێ ئامادەبون، لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی دەسەڵاتی پێشیو، لە چوارچێوەی "ڕێڕەوی دادپەروەریی ڕاگوزەریدا" دەستیپێكرد.
ئاوێنە: سەرچاوەیەکی دادوەری بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندوە و داوایکردوە ناوی ئاشکرا نەکرێت، کە دانیشتنی یەکەم ئامانج لێی "دەستپێکردنی ئامادەکارییە بۆ دادگاییکردنی بەشار ئەسەد و ماهر ئەسەدی برای بەغیابی"، سەرەڕای دادگاییکردنی ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەمنی و سەربازی كە ئامادەبون، لەوانە عاتیف نەجیب یەکێکە لەوانەی لەبەردەم دادگادا ئامادە بوە.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێری فرانس پرێس، نەجیب بە کەلەپچەکراوی هێنرایە ناو هۆڵی دادگا لە دیمەشق، ئەو کەسە کە خزم و نێزیکی ئەسەدە، پێشتر سەرۆکایەتی لقی ئاسایشی سیاسی لە دەرعا کردوە، ئەو شوێنەی کە پریشکی خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2011ـی لێوەی سەریهەڵدا، و تۆمەتبارە بە بەرپرسیارێتی لە هەڵمەتێکی سەرکوتکردن و دەستگیرکردنی بەرفراوان.
سەرچاوە دادوەرییەکە جەختی لەوەکردەوە کە دادگاییکردنەکان وسێم ئەسەد و موفتی پێشو بەدرەدین حەسونیش دەگرێتەوە، لەگەڵ بەرپرسانی تری سەربازی و ئەمنی کە لە ماوەکانی ڕابردودا دەستگیریانکردون، بە تۆمەتی ئەنجامدانی پێشێلکاری دژی سورییەکان.
فەخرەدین ئەلعەریان، دادوەری دادگای تاوانەکان دانیشتنەکەی بەوە دەستپێکرد کە ئەمە "یەکەمین دادگاییکردنی دادپەروەریی ڕاگوزەرییە لە سوریا"، و ڕونی کردەوە کە دانیشتنەکە تۆمەتبارێکی دەستبەسەرکراو و کەسانی دیکەی هەڵاتو لە دادپەروەری دەگرێتەوە کە بە شێوەیەکی پاشملە دادگایی دەکرێن.
دادوەرەکە ڕایگەیاند کە دانیشتنی ئێستا تەرخانکراوە بۆ ڕێکارە ئیداری و یاساییە بەراییەکان، و بڕیارە دانیشتنی دوەم لە 10ی مانگی داهاتودا سازبکرێت.
بەپێی یاسای بنەماکانی دادگاییکردنی سزادانی سوری، ڕێڕەوی ئامادەنەبو (غیابی) ڕێگە بە دادگا دەدات کە بەدواداچون بۆ تۆمەتبارە هەڵاتوەکان بکات و سەیری ئەو تۆمەتانە بکات کە ئاراستەیان کراوە، تا دەگاتە دەرکردنی سزا لە ئەگەری ئامادەنەبونیاندا.