"نە شەڕ و نە ئاشتی"، ئێران و ئەمریکا لە دۆخێکی چەقبەستوودان
  2026-04-27       186       
ئێران و ئەمریکا لە دۆخێکی نادیاردان

ئا: ئاوێنە

 

ئێران و ئەمریکا لە دۆخێکی نادیاردان لە نێوان شەڕ و ئاشتی و دانوستانەکانی ئاشتی بۆ ماوەیەکی کاتی ڕاگیراون، بەڵام نیگەرانە لە هەڕەشە بەردەوامەکانی هێرشی ئەمریکا یان ئیسرائیل‌و قەیرانی ئابووری لە ئێران بەرەو خراپتر دەچێت، هەڵاوسانی بەرز و کەمیی کاڵای سەرەتایی، لە کاتێکدا ئابووری جیهانی لە مەترسی پەککەوتنی بەرهەمهێنانی نەوتدایە.

 

نیویۆرک تایمز ئاماژە بەوە دەکات کە بەرپرسانی ئێران متمانەیان بەخۆیان هەیە دەتوانن زیاتر لەدۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئێران بەرگەی ئازارە ئابوورییەکانی شەڕ بگرن، بەڵام ئەوان نیگەرانن لەوەی گیریان خواردووە لەژێر هەڕەشەی بەردەوامی هێرشەکانی ئەمریکا یان ئیسرائیل.

ساسان کەریمی، زانای سیاسی لە زانکۆی تاران، لەبارەی شەڕی ئیسرائیل و ئێران، دەڵێت "ئەوەی ڕوودەدات شتێکی هاوشێوەی ئەوەیە کە لە کۆتایی شەڕی 12 ڕۆژەدا هەمانبوو، کۆتایی بەشەڕەکە دێت، بەڵام بەبێ گەیشتنە رێککەوتنێکی درێژخایەن، هەردوولا هەنگاوێکیان بۆ دواوە ناوە، بەڵام لۆژیکی توندوتیژی و فشاریان تێپەڕاندووە، هەردوو لایەن پێیانوایە باڵادەست‌و براوەمن، هەروەها پێدەچێت ترەمپ پێیوایە ئەمریکا دەتوانێت لە ئازارە ئابوورییەکانی شەڕ لە ئابڵوقە هاوتەریبەکانی گەرووی هورمز ڕزگاری بێت. ئەنجامەکەی ئەوەیە کە هیچ کام لەلایەنەکان ئامادە نین ئیمتیازێک بدەەن کە بتوانێت ڕێگە بەگفتوگۆکان بدات بەرەو پێشەوە بچێت".

بەرپرسانی باڵای ئێران دەڵێن بۆ دانوستانی ڕاستەوخۆ کۆنابنەوە تا ئەو کاتەی ترەمپ گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران هەڵدەگرێت. 

ئیسفەندیار باتماگێلیجی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دامەزراوەی بۆرس و بازاڕ، کە ڕێکخراوێکی توێژینەوەیە و بنکەکەی لە لەندەنە، ئاماژە بەوە دەکات "ئێران هێشتا پێیوایە کە لە ڕووی ئابوورییەوە، دەتوانێت چاوەڕێی دەسیهەڵگرتنی ترەمپ بکات لەگەمارۆدانی بەندەرەکان، لانیکەم لە ئاسۆی چەند هەفتەیەکەدا، کە لەڕاستیدا داخستنی گەرووەکە بۆ ترەمپ تێچووی زیاترە لەئێرانییەکان".

بەڵام ئابووری ئێران لەئێستاوە بەرەوڕووی قەیرانێکی گەورە بووەتەوە، لەئەنجامی شەڕەکەدا ڕووبەڕووی کەمیی بەرهەمهێنانی پترۆکیمیایی و دەرمان بووەتەوە، پشێبینی دەکرێت هەڵاوسان بەرزبێتەوە بۆ 49% "لە گەشبینترین حاڵەتدا"و دۆخی "نە شەڕ، نە ئاشتی" دەتوانێت هەڵاوسان لە مانگەکانی داهاتوودا بەرەو 70% بەرزبکاتەوە، لەکاتێکدا گەڕانەوە بۆ شەڕ دەتوانێت هەڵاوسان بەڕێژەی زیاتر لە 120% دەستپێبکات. 

بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی، ئێران دوێنێ پێشنیارێکی پێشکەش بە ئەمریکا کردووە کە مەبەست لێی تێپەڕاندنی گەورەترین خاڵی ناکۆکی لە دانوستانەکاندا بوو کە ئەویش پرسی ئەتۆمییە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، تاران پێشنیاری ڕێککەوتنێکی کردووە کە تێیدا گەرووی هورمز بکرێتەوە، گەمارۆی ئەمریکا هەڵبگیرێت - و دانوستانە ئەتۆمییەکان بەردەوام دەبن. ڕوون نییە کە ئایا ئەم پێشنیازە بۆ ئەمریکا قبوڵکراوە یان نا، بەو پێیەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ترامپ رایگەیاندووە کە هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێراندا ڕادەستکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو و قەدەغەکردنی پیتاندنی لەخۆ بگرێت - بۆ ماوەی لانیکەم بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ، هەرچەندە بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە کە چاوەڕوانی ڕێککەوتنێکی "ئەبەدی" دەکات.

پێدەچێت دۆخی "نە ئاشتی و نە شەڕ" دۆخێک بێت کە ئێران نیگەران بکات، بەو پێیەی ناتوانێت خۆی رێکبخاتەوەو گەمارۆی دەریایی لەڕووی ئابوورییەوە قورسایی دەخاتە سەری‌و ئەمەش گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کەپزیشکیانی سەرۆک کۆماری ئێران لە ڕۆژی شەممەی ڕابردوودا داوای لەگەلی ئێران داوای "کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کارەبا و وزەی کرد، چونکە دوژمنان ژێرخانی ئێمە لەناو دەبەن و دەمانخەنە ژێر گەمارۆوە - و پێویستمان بە کۆنترۆڵکردنی بەکاربردن هەیە".

فەرمانڕەواکانی ئێستا لە تاران هیچ ئامرازێکی کاریگەریان نییە بۆ فشارخستنە سەر ئەمریکاو ئیسرائیل، جگە لە ڕێگریکردن لەگەرووی هورمز. ئێرانییەکان هیوادارن زیانەکانی ئابووری جیهانی و بەتایبەت قەیرانی نرخی وزە کە دروستیان کردووە، فشار بخاتە سەر ترەمپ بۆ ئەوەی شەڕەکە ڕابگرێت. دەوڵەتانی عەرەبی کەنداو کە نەوت بەرهەمدەهێنن، بەهەمانشێوە زیانیان بەرکەوتووە، ئێرانییەکان گرەو لەسەر ئەوە دەکەن کە دواجار سەرۆکی ئەمریکا کە نرخی بەنزینی وڵاتەکەی بەهەمان شێوە بەرزبووەتەوە، ناچار دەبێت خۆی ڕادەست بکات.

لە بەرامبەردا ترامپ لە ڕێگەی سیستەمێکی شەڕی ئابووریی هەمەچەشن و سیستماتیک و هەمەلایەنە هەوڵ دەدات بە شێوەیەکی کارایی ڕێژیم لە ئێراندا بخنکێنێت و بەم شێوەیەش هەڕەشە لە مانەوەی ڕژێمی سوپای پاسداران و ئایەتوڵڵاکان بکات. ترامپ و ڕاوێژکارەکانی شەڕی ئابوورییان هەڵبژارد، چونکە پێیان وایە دەتوانێ هەمان ئەو مەترسییە بۆ سەر مانەوەی ڕێژیم لە تاران بەدەست بهێنێت کە بە زیانگەیاندن بە ژێرخانی نەتەوەیی ئێران، وەک کارەبا، بەرهەمهێنانی نەوت و گاز و پردەکان بەدی بهێنرێت. لە هەمووی گرنگتر - شەڕی ئابووری کە گەمارۆی دەریایی تەنیا بەشێکە لێی، نابنە هۆی ئازاری ڕاستەوخۆ بۆ دانیشتوانی مەدەنی لە ئێران.

سەرۆک کۆماری ئەمریکا نایەوێت لە ئەنجامی بۆردومانی ژێرخانی نیشتمانی لە شارە گەورەکاندا، هاووڵاتیانی ئێرانی کە زۆربەیان دژایەتیی ئەو ڕژێمە دەکەن، لەڕووی جەستەیی و ئابوورییەوە زیانیان پێبگات. نایەوێت ئێرانییەکان ڕق و کینەیان لەئەمریکییەکان پەرەپێبدەن و لە ئەنجامدا ل دەوری ڕێژیم کۆببنەوە. ترامپ هاوشێوەی ناتانیاهۆو بەشێک لە دامەزراوە ئەمنییەکان، هێشتا هیوادارە لە ڕێگەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانەوە کە لە دوای شەڕەوە سەرهەڵدەدەن، ڕژێمەکە بڕوخێت.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×