ترەمپ: لەكاتی هێرشەكە نەترسام و دەستدرێژیم نەكردوەتە سەر منداڵ
  2026-04-27       210       

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە "نەترساوە و نیگەران نەبوە" لە کاتی گواستنەوەی لە ئاهەنگی نانی ئێوارەی پەیامنێرانی کۆشکی سپی، دوای ئەوەی چەکدارێک هەوڵی دابو هەڵبکوتێتە سەر هۆڵی ئاهەنگەکە. هەروەها ئەو تۆمەتانەی تەقەکەرەکەی ڕەتکردەوە کە وتبوی، " ترەمپ دەستدرێژیکار و پەلاماردەری منداڵانە".

ئاوێنە: دۆناڵد ترەمپ، لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی "60 خولەک" لە کەناڵی سی بی ئێس نیوز، ڕۆژێک دوای ڕوداوی تەقەکردنەکە لە هۆتێل هیڵتۆن لە واشنتن دی سی وتی، "نەترسام و نیگەران نەبوم، من لە ژیان تێدەگەم. ئێمە لە جیهانێکی شێتانەدا دەژین".

هەروەها ئاماژەی بەوەکرد کە هەوڵی داوە خاو بێتەوە لە کاتی بردنە دەرەوەی لە هۆڵەکە، دوای ئەوەی گومانلێکراو "کۆڵ تۆماس ئالن" لە نزیک خاڵێکی پشکنینی ئەمنی لە کاتی ئاهەنگەکەدا تەقەی کرد؛ ئەمەش بۆ ئەوەی بزانێت چی ڕودەدات.

ترەمپ وتیشی، "کارەکەم بۆ کارمەندانی ئەمنی ئاسان نەکرد بۆ ئەوەی لە هۆڵەکە بمبەنە دەرەوە، ویستم بزانم چی دەگوزەرێت. بەڵام دواتر دەستمان کرد بەوەی درک بەوە بکەین کە ڕەنگە بابەتەکە مەترسیدار بێت، کاتێک کارمەندانی ئەمنی داوایان لێکردم خۆم بپارێزم و لەسەر زەوی ڕابکێشم. لەلایەن کەسانی زۆر باشەوە دەورە درابوم".

ڕونیشیکردەوە کە میلانیا ترەمپی خانمی یەکەم لە ساتە یەکەمەکاندا شڵەژاو دیار بوە، بەڵام ستایشی مامەڵەکردنی لەگەڵ دۆخەکەدا کرد و وتی ئەو "زۆر بەهێز و زیرەک بو"، هەروەها دەستخۆشی لە خێرایی وەڵامدانەوەی دەزگای خزمەتگوزاری نهێنی (Secret Service) کرد کە توانییان لە چەند چرکەیەکدا هێرشبەرەکە بێدەنگ بکەن (کۆنتڕۆڵی بکەن).

بەرپرسان ڕایانگەیاندوە کە گومانلێکراوەکە بە چەکێکی ڕاو تەقەی لە یەکێک لە ئەندامانی خزمەتگوزاری نهێنی کردوە لە خاڵێکی پشکنینی ئەمنی لە هۆتێل هیڵتۆن واشنتن، پێش ئەوەی دەستگیر بکرێت. ترەمپ باسی لەوەشکرد کە ئەو ئەندامەی خزمەتگوزاری نهێنی کە بریندار ببو، بەهۆی پۆشینی قەڵغانی گوللەنەبڕ (سترەی دژە گوللە) لە بریندارییەکی سەخت ڕزگاری بوە.

لە کاتی چاوپێکەوتنەکەدا، ترەمپ ڕەخنەی لە پێشکەشکاری بەرنامەی "60 خولەک" نۆرا ئۆدۆنێڵ گرت، دوای ئەوەی بەشێک لە بەڵگەنامەیەکی نوسراوی خوێندەوە کە وا بڕوا دەکرێت پەیوەندی بە گومانلێکراوەکەوە هەبێت و تێیدا ئاماژە بە ترەمپ کرابو وەک "پەلاماردەری منداڵان، دەستدرێژیکار و خیانەتکار". ترەمپ بە ئۆدۆنێڵی وت، "دەبێت شەرم لە خۆت بکەیتەوە بۆ خوێندنەوەی ئەوە؛ چونکە من هیچ کام لەوانە نیم، من دەستدرێژیکار نیم، دەستدرێژیم نەکردوەتە سەر کەس، و پەلاماری منداڵم نەداوە".

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×