ڤلادیمیر پوتین، سه‌رۆكی روسیا له دیداری له‌گه‌ڵ عه‌باس عراقچی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران رایگه‌یاند، هه‌فته‌ی رابردو نامه‌یه‌كی موجته‌با خامنه‌یی، رێبه‌ری ئێرانی پێگه‌یشتوه. پوتین جه‌ختیشی كردۆته‌وه كه وڵاته‌كه‌ی له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێران و خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌دا هه‌ر كارێك ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی زوتره ئاشتی بێته‌دی.
ئاوێنه: ڤیلادیمیر پوتین، سه‌رۆكی روسیا، ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه، له شاری سانت پترزبۆرگ، پێشوازی كرد له عه‌باس عراقچی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران.
به‌پێی میدیا ره‌سمییه‌كانی روسیا، پوتین له دیداره‌كه‌دا جه‌ختی كردۆته‌وه كه وڵاته‌كه‌ی بۆ گه‌ره‌نتیكردنی ئاشتی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، هیچ درێغییه‌ك ناكات.
سه‌رۆكی روسیا به عراقچی وتوه: "ئێمه له‌پێناو هاوكاریكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێوه و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خه‌ڵكی ناوچه‌كه هه‌ر كارێكمان له‌ده‌ست بێت ده‌یكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی زوتره ئاشتی بێته‌دی."
هه‌ر به‌پێی میدیاكانی روسیا، عراقچی هێمای بۆ ئه‌وه كردوه كه په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێران روسیا، په‌یوه‌ندیی هاوبه‌شیی ستراتیژیین و به‌هێزتریش ده‌كرێن.
هه‌روه‌ها پوتین له‌وباره‌یه‌وه جه‌ختی كردۆته‌وه كه مۆسكۆ به‌رده‌وام ده‌بێت له "په‌یوه‌ندییه ستراتیژییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئێران."
له‌لایه‌كی دیكه به‌پێی ئاژانسی ره‌سمی ئێران، پوتین هێمای بۆ ئه‌وه كردوه كه هه‌فته‌ی رابردو نامه‌یه‌كی موجته‌با خامنه‌یی، رێبه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێرانی پێگه‌یشتوه‌و وتوشیه‌تی "ئێمه زۆر ئومێدمان به‌وه‌یه كه له‌سایه‌ی رێبه‌رایه‌تی رێبه‌ری نوێ‌دا، خه‌ڵكی ئێران پاڵپشت به ئازایه‌تی خۆیان و خواستیان بۆ پاراستنی سه‌ربه‌خۆییان، ئه‌م قۆناغه سه‌خته تێپه‌ڕێنن و بگه‌نه ئاشتی."