سی ئێن ئێن: پێناچێت ترەمپ پێشنیازەکەی ئێران پەسەند بکات
  2026-04-28       145       

تۆڕی "سی ئێن ئێن"ی ئەمریکی لە زاری دوو سەرچاوەوە بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، تێڕوانینەکانی خۆی سەبارەت بە دۆسیەی ئێران خستووەتەڕوو، ئەوەش دوای ئەوەی ئێران پێشنیازێکی نوێی بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگ پێشکەش کردووە.

ئاوێنە: ​هەروەها تۆڕەکە لە زاری سەرچاوەیەکی دیکەوە جەختی کردەوە کە "دوورە ترەمپ پێشنیازەکەی ئێران قبوڵ بکات"، لە کاتێکدا بەرپرسانی ئەمریکی پێیان وایە دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز – بەبێ یەکلاکردنەوەی پرسەکانی پیتاندن – ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی واشنتن ئامرازێکی سەرەکی فشار لە دانوستانەکاندا لەدەست بدات.

​هاوکات ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە گواستییەوە کە سەرۆک ترەمپ لەو پێشنیازەی ئێران ڕازی نییە، چونکە باس لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ناکات؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە ترەمپ پێشتر پێشنیازەکەی لەگەڵ ڕاوێژکارانی باڵای ئاسایشی نیشتمانی تاوتوێ کردووە.

​پێشتریش "سی ئێن ئێن" لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویکردبووەوە کە هەوڵە دیپلۆماسییە چڕەکان لە نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان لە پشت پەردەوە بەردەوامن، لە کاتێکدا ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" ڕوونی کردەوە کە ئێران بە نیازە لە ڕێگەی پێشنیازە نوێیەکەیەوە، دوای کردنەوەی گەرووی هورمز، وەبەرهێنانی دارایی تێدا بکات، ئەویش لەرێگەی سەپاندنی ڕەسمی تێپەڕبوون یان پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە کەشتییە نەوتهەڵگرەکان.

​بەپێی ئەوەی "سی ئێن ئێن" لە سەرچاوەکانیەوە گواستوویەتییەوە، گفتوگۆ بەردەوامەکان جەخت لەسەر گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی قۆناغبەندی دەکەنەوە، و بەشێکی یەکەمی هەر ڕێککەوتنێکی ئەگەری، سەرنج دەخاتە سەر گەڕانەوە بۆ دۆخی پێش جەنگ.

​"سی ئێن ئێن" ئەوەشی زیاد کردووە کە نێوەندگیرەکان فشار لە هەردوو لا دەکەن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، چونکە "چەند ڕۆژی داهاتوو بۆ ئاڕاستەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان زۆر یەکلاکەرەوە دەبن".

​هەروەها سەرچاوەکان ڕوونیان کردووەتەوە کە واشنتن و تاران هێندە لە یەکتر دوور نین وەک ئەوەی دەردەکەوێت، سەرەڕای ئەوەی تا ئێستا گەڕی دووەمی دانوستانە ڕاستەوخۆکان لە نێوانیاندا لە پاکستان بەڕێوەنەچووە.

​سەرچاوە ئێرانییەکان دەڵێن پێشنیازەکە بڕیار دەدات تاوتوێکردنی دۆسیەی ئەتۆمی بۆ دوای کۆتاییهاتنی جەنگ و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی پەیوەست بە دەریاوانی لە کەنداو دوابخرێت، ئەمەش لەلایەن واشنتنەوە ڕەتدەکرێتەوە کە جەخت لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی پرسە ئەتۆمییەکان لە سەرەتاوە دەکاتەوە.

​سەرچاوە نێوەندگیرە پاکستانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە هەوڵەکان بۆ لێکنزیککردنەوەی هەردوو لا بەردەوامن، سەرەڕای پاشەکشەی ئومێدەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێڕەوی ئاشتی دوای ئەوەی ترەمپ هەڵوەشاندنەوەی سەردانی "ستیڤ ویتکۆف"ی نێردەی تایبەت و "جارید کۆشنەر"ی زاوای بۆ ئیسلام ئاباد ڕاگەیاند.

​ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە زاری سێ بەرپرسی ئێرانییەوە بڵاویکردەوە، پێشنیازە نوێیەکەی تاران بۆ واشنتن جەخت لەسەر کردنەوەی گەرووی هورمز و هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا دەکاتەوە وەک دەروازەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، بە مەرجێک دانوستانە ئەتۆمییەکان بۆ قۆناغێکی دواتر بخرێن.

​ڕۆژنامەکە لە زاری بەرپرسانی ئێرانی ئاگادارەوە گواستییەوە کە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، پێشنیازە نوێیەکەی ڕادەستی پاکستان کردووە، دوای ئەوەی ترەمپ پێشنیازێکی سەرەتایی لە ڕۆژی پێشتردا ڕەتکردبووەوە.

​"نیویۆرک تایمز" دەڵێت ئێران لە پێشنیازە نوێیەکەیدا نیازی خۆی بۆ وەبەرهێنانی دارایی لە گەرووی هورمز دوای کردنەوەی نیشانداوە، ئەوەش لە ڕێگەی سەپاندنی باجی تێپەڕبوون یان پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ کەشتییەکان.

​بەرپرسانی ئێران بە ڕۆژنامەکەیان ڕاگەیاندووە کە تاران دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ دانوستان لەگەڵ واشنتن چونکە دۆخی ئێستا ناتوانرێت بەردەوام بێت، بەڵام ئەوەش دوای هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی.

​بەرپرسەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە مەترسی هەیە کۆگاکانی خۆراکی سەرەکی لە ماوەی چەند هەفتەیەکی کەمدا تەواو بن. هەروەها ئاشکرایان کردووە کە حکومەت دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی پلانی فریاگوزاری کە پشت بە ڕێگەی بەدیل دەبەستێت، لەوانە گواستنەوەی کەلوپەل بە بارهەڵگر لە ڕێگەی پاکستان و تورکیاوە، و هێنانی بڕێکی کەمتر لە ڕووسیاوە لە ڕێگەی دەریای قەزوینەوە.

​پێشتر ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" دوێنێ دووشەممە لە زاری سەرچاوەکانەوە بڵاویکردبووەوە کە ئێران لە ڕێگەی نێوەندگیرە پاکستانییەکانەوە پێشنیازێکی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز و کۆتاییهێنان بە جەنگ خستووەتەڕوو، لەگەڵ دواخستنی دانوستانە ئەتۆمییەکان بۆ قۆناغێکی دواتر.

​لە لێدوانێکی کۆشکی سپیدا، وتەبێژێک جەختی کردەوە کە ئەمانە "دانوستانی دیپلۆماسی هەستیارن" و واشنتن "لە ڕێگەی میدیاوە دانوستان ناکات"، هەروەها تەنها ڕێککەوتنێک واژۆ دەکات کە لە بەرژەوەندی گەلی ئەمریکادا بێت، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر ڕێگریکردن لە ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×