ئێران: ٢,٣٧٩ سەربازی ئەمریکی لەژێر چاودێری وردی موشەک و درۆندان
  2026-04-28       161       

گرووپی هاککەری ئێرانی "هەنزاڵە" لە نوێترین چالاکیدا، ڕایگەیاند کە سەرکەوتوو بوون لە دزینی زانیاری و داتای ٢,٣٧٩ سەربازی ئەمریکی لە ناوچەی کەنداو. گرووپەکە هۆشداریی توند دەدات کە ئەم سەربازانە لە "کاتژمێری سفر"دا دەبنە ئامانجی ڕاستەوخۆی موشەکی "خەیبەر" و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی "شەهید".

​ئاوێنە: هەنزاڵە دەڵێت دزەپێکردنی ئەم داتایانە تەنها "دڵۆپێکە لە زەریایەک" و ئەوان زانیاریی وردیان لەسەر ناسنامە، ناونیشانی ماڵ، ڕێڕەوی جووڵە و تەنانەت ژیانی تایبەتیی دەیان هەزار سەربازی تری ئەمریکا لە ناوچەکەدا هەیە.

گرووپەکە ڕایگەیاندووە کە ئەو ئاسایشەی ئەمریکا شانازیی پێوە دەکات تەنها "وەهمێکە" و هەموو دەستدرێژکارێک لە کاتی دیاریکراودا باجی کردارەکانی دەداتەوە.

​ هەڕەشەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە وردەکاریی ژیانی سەربازەکان و خێزانەکانیان لەژێر چاودێریدایە و چاوەڕێی ئاماژەی هێرش دەکەن.

​ئەم هێرشە ئەلیکترۆنییە و هەڕەشە سەربازییانە لە کاتێکدایە کە لە پشت پەردەوە هەوڵێکی چڕی نێودەوڵەتی بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن لە ئارادایە، بەڵام بنبەستی دانوستانەکان و ئەم جۆرە چالاکییانە مەترسیی پێکدادانی سەربازی لە ناوچەکەدا زیاتر کردووە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×