وڵاتی ئیمارات ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، لە ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت ئۆپێک و ئۆپێک پڵەس دەکشێتەوە.
ئاوێنە: وەزیری وزەی ئیمارات ڕۆژی سێشەممە بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند "کشانەوە لە ئۆپێک و ئۆپێک پڵەس نەرمی و ئازادییەکی زیاتر بەم وڵاتە دەبەخشێت، چونکە چیتر پابەندییەکەی بەرامبەر بەم گروپە نەماوە".
وتیشی "ئیمارات پێش ئەم بڕیارە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ ڕاوێژی بە وڵاتانی تر، لەوانەش عەرەبستانی سعوودی نەکردووە".
هەر بەگوێرەی ئەو ئاژانسە، ئەم هەنگاوە گورزێکی کوشندە لە عەرەبستانی سعوودی دەوەشێنێت، ئەوەش لە کاتێکدا کە جەنگی ئێران بووەتە هۆی شۆکێکی مێژوویی لەبازاڕی وزە و ناسەقامگیری ئابووری جیهان.
ئەوەش خراوەتەروو، کشانەوەی ئیمارات لە ئۆپێک بە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دادەنرێت، کە ئەو ڕێکخراوەی تۆمەتبار کردبوو بەوەی لەڕێگەی بەرز ڕاگرتنی نرخی نەوتەوە "خەریکی قۆستنەوە و خراپ بەکارهێنانی جیهانە".