بۆچی ئەمریکاو ئێران گەرووی هورمزیان بەڕووی یەختی سەرمایەدارێکی روسیدا کردەوە
  2026-04-28       300       
یەختی "نۆرد" درێژییەکەی ١٤٢ مەتر دەبێت و بەهای زیاتر لە ٥٠٠ ملیۆن دۆلارە - ڕۆیتەرز

بەگوێرەی سەرچاوەیەک، "ئێران بەو پێیەی کەشتییەکی مەدەنی وڵاتێکی دۆستە، دەستوەردانی نەکرد، لایەنی ئەمریکیش بەو پێیەی لەبەندەرەکانی ئێران نزیک نەبووەتەوەو هیچ پەیوەندییەکی بە ئێرانەوە نییە، رێگەیان بەیەختی سەرمایەدارێکی ناوداری روسی دا بەگەرووی هورمزدا تێپەڕێت.

 

ئاوێنە: یەختێک کە خاوەنەکەی ملیاردێری ڕووسی ئەلێکسی مۆرداەشۆف بووە، توانیویەتی بەناو گەرووی هورموزدا تێپەڕێت کە گەمارۆدراوە، چونکە نە ئێران و نە ئەمریکا ناڕەزایەتیان دەرنەبڕیوەو رێگرییان لێنەکردووە.

ڕوون نییە کە چۆن کەشتیی نۆرد کە فرە نهۆم‌و درێژییەکەی ١٤٢ مەترەو بەهای زیاتر لە ٥٠٠ ملیۆن دۆلارە، ڕێگەی پێدراوە ڕۆژی شەممە، لەناوجەرگەی شەڕی ئەمریکاو ئێراندا، بەڕێڕەوی ئەو ئاوەدا بڕوات کە جاوی جیهانی لەسەرەو لەسەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە لە ٢٨ی شوباتەوە، هاتوچۆ لەگەرووەکەدا بەکردەوە وەستاوە.

بەپێی هەوالی رۆیتەرز، یەختەکە لەژێر ئاڵای روسیادا رۆیشتووەو بەڕێڕەوێکی پەسەندکراوداو بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکانی دەریایی، لەبەرئەوە ئێران دەستوەردانی لەجموجۆڵەکانی یەختەکە نەکرد، بەو پێیەی کەشتییەکی مەدەنی وڵاتێکی دۆستە کە تێپەڕینێکی ئاشتیانە دەکات. هەروەها لایەنی ئەمریکیش پرسیاری لەبارەی جوڵەی یەختەکە نەهێنایە ئاراوە، بەو پێیەی لەبەندەرەکانی ئێران نزیک نەبووەتەوەو هیچ پەیوەندییەکی بەئێرانەوە نییە.

بەپێی زانیارییەکانی پلاتفۆرمی مارین ترافیک، یەختەکە ڕۆژی هەینی لەبەندەرێکی دوبەی بەڕێکەوتووەو بەیانی شەممە گەرووەکەی بڕیوەو بەیانی زوو یەکشەممە گەیشتووەتە شاری مەسقەت.

لەسەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە، تەنها ژمارەیەک کەشتی کە زۆربەیان بازرگانین ڕۆژانە بەدەروازەی کەنداودا دەڕۆن، چونکە واشنتۆن و تاران ئاگربەستێکی هەستیاریان پاراستووە . 

ڕوسیا و ئێران هاوپەیمانی دێرینین و لەم ساڵانەی دواییدا زیاتر لەیەکتر نزیکبوونەتەوە، لەنێویاندا لە ڕێگەی پەیماننامەیەکی ساڵی ٢٠٢٥ کە هاوکارییەکان لە هاوبەشی هەواڵگری و ئاسایشدا بەرەوپێش دەبات.

مۆرداشۆف کە وەک هاوکارێکی نزیکی پوتین ناسراوە، بە فەرمی وەک خاوەنی یەختی “نۆرد” ناوی نەهاتووە، بەڵام تۆمارەکانی کەشتیوانی و تۆمارەکانی کۆمپانیاکانی ڕووسیا لە ساڵی ٢٠٢٥ەوە دەریدەخەن کە کەشتییەکە لە ساڵی ٢٠٢٢دا لە کۆمپانیایەکی ڕووسی تۆمارکراوە کە خاوەندارێتی بەناوی هاوسەرەکەیەوەیەتی، ئەو کۆمپانیایە لەشاری چێرێپۆڤێتس لەڕووسیا تۆمارکراوە، کە کارگەی پۆڵاکانی سێڤەرستاڵی مۆرداشۆڤیش لەوێ تۆمارکراوە.

ئەلێکسی مۆرداشۆف بە کەسێکی نزیکی پوتین ناسراوە

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×